Friday, 17 August 2018

بینینی خودا لەچەند دەلاقەیەکەوە


بینینی خودا لە چەند دەلاقەیەکەوە
ئاڤار قەرەداخی

مرۆڤ بەدرێژایی مێژوو لەبیرکردنەوەو هەوڵدانی بەردەوامدابووە هەتا بگات بەوەڵامی پرسە وجودیەکانی ، هەتا تێبگات لەخۆی و لەدەورو بەری ، بەم هۆیەشەوە سەدان قوتابخانەی جۆراو جۆر هاتونەتە ئارا لەکۆن و نوێداو هەریەکەیان بەشێوەیەک لەبابەتەکە دواون ، هەموو گرووپەکانیش لەژێر چوار گرووپی گشتیدا جێیان دەبێتەوەو دەچنە ژێر چەتری یەکێک لەو گروپانە دەربارەی بۆچون و ڕوانینیان بۆخوداو بوون :
یەکەم : بێباوەڕ Atheism  : ئەم گروپە لەمرۆڤەکان بوونی خودا ڕەتدەکەنەوە ، بەشوێنیدا پەیام و پەیامبەرانیش ڕەتدەکەنەوە ، باوەڕیان بەئاینەکان نیەو پەیڕەوی ناکەن و پەرستشەکان بەجێناهێنن .
دووەم : نازانمی ، اللاأدری  Agnosticsm  : ئەم گروپە لەمرۆڤەکان باوەڕیان بەبوونی خودا نیەو دانی پێدانانێن ، لەهەمان کاتدا نەبوونی خوداش دانپێدانانێن و نەرێیی ناکەن ، بەڵکو دەڵێن : ئێمە بەڵگەیەکمان بەدەستەوە نیە بیسەلمێنێت خوودا بوونی هەیە بۆیەباوەڕمان پێی نیە ، هەروەها بەڵگەیەکمان بەدەستەوەنیە بیسەلمێنێت خودا بوونی نیە کەواتە باوەڕمان بەنەبوونیشی نیە ، بەڵکو لەسەر ئەوپرسە ڕادەوستین و بڕیارنادەین بە ئیسپتاکردنی بوونی خودا یان نەبوونی .
ئەم گروپە پرسی خودا بەکراوەیی دەهێڵنەوە بەبێ خستنەڕووی وەڵامێك بۆی ، بەشێکیان پێیان وایە ئەکرێ بەگەین بەوەڵامێک بۆئەوپرسە ، بەڵام بەشێکی تر پێیان وایە ناتوانین بگەین بەوەڵامێک بۆئەو پرسە بەهۆی نەبوونی ئامرازی پێویست  بۆوەدەستخستنی مەعریفە لەوبابەتەدا .
سێهەم : پەروەرێنیەکان  Deism : ئەم گروپە لەمرۆڤەکان باوەڕیان بەبوونی دروستکەرێك هەیە ، کەئەم چەردونەی هێناوەتەبوون ، بەڵام پێیان وایە ناتوانین پەیوەندی بکەین بەو دروستکەرەوە ، بۆیە لەوێدا ڕادەوستن و پەیام و پەیامبەرێتی ڕەتدەکەنەوە و پابەندی ئاینیان نیەو پەرستشەکان ئەنجامنادەن ، پێیان وایە خودا دەست وەرناداتە ئەمگەردونەو موعجیزەو پەڕجوو بنەڕەت و ئەسڵێکیان نیە ، هەروەها خودا نەپەیام دەنێرێت و نەپەیامبەر ، نەیاساو نەبەرنامەی ژیانیش بۆکەس دادەنێت .
باوەڕهێنانی ئەمگروپە بەخودا لەڕێگای بەڵگەی عەقڵیەوەیە .
چوارەم : باوەڕداری ئایندار  Theism : ئەم گروپە لەمرۆڤەکان باوەڕیان بەخودا هەیە وەکو دروستکەری گەردون و بەڕێوەبەرو چاودێری گەردوون ، هەروەها باوەڕیان وایە خودا لەڕێگای نێردراوەکانیەوە پەیام بۆدروستکراوەکانی دەنێررێت و خۆیان پێدەناسێنێت و وەڵامی داوای دروستکراوەکانی دەداتەوەو لەسەر کاری چاك و باش پاداشتیان ئەداتەوەو لەسەر کاری خراپ و لادان سزایان دەدات .
هەریەک لەم گرووپانە تەواوی بیرکردنەوەو فەلسەفەو ئایدیایان لەسەر چەند بنەمایەکی تایبەت دادەڕێژن ، ئەو بنەمایانە ڕەنگڕێژی تەواوی بەرنامەو فەلسەفەکە دەکات و لەچوار چێوەی ئەو بنەمایانەدا شیکردنەوەکانیان ئەنجامدەدەن ، مادەم بنەماکانیان جیاوازە ئەوا شیکردنەوەکانیشیان جیاوازە ، بۆنمونە : ئەیسیستێك دان بە بابەتی بوونی ئەخلاقدا نانێت ، لەکاتێکدا باوەڕدار بەشێوەیەکی گشتی پێیان وایە ئەخلاق بوویەکی بابەتی هەیە ، لەتەواوی بابەتەکانی تریشدا بەهەمان شێوە ، ڕوانینی مادی پێی وایە مادە هۆکاری یەکەمە بۆ زاتی خۆی و مادە شتێکی بەدیهاتوو نیەو هەربووە ، وە بوونەوەریش بەهۆکاری ژینگەیی و کارلێکی کیمیایی هاتۆتە دی ، لەپشت مادەوە هیچ شتێکی نەبینراو نابەرهەست بوونی نیە ، ئەوەی هەیە مادەیەو ڕەنگدانەوەی مادەیە ، لەم ڕوانگەیەوە خودا و ئاین و وەحی بوویەکی بابەتییان نیەو مرۆڤەکان لەژێر کاریگەری و بارودۆخی تایبەتدا دایان هێناوە ، هەتا خۆیان لە مەترسیەکانی سروشت بپارێزن و وەبەهۆی کەمی زانیارییانەوە نەیانتوانیوە دیاردە سروشتیەکان لێکبدەنەوە ، بۆیە داویانەتە پاڵ هێزێک یان چەند هێزێکی نادیار .
ڕوانینی غەیبی ڕوانینێکە پێی وایە مادە بەتەنها ناتوانێت تەفسیری بوونمان بۆبکات و دەبێت لەپشت مادەوە بوویەکی زانای بەتوانا هەبێت کە ئەم گەردوونەی هێنابێتە دی و ڕێکی خستبێت ، ئەم گرووپە وەک پێشتر خستمانەڕوو دەبنە دوو بەش بەشێکیان ڕبوبین باوەڕیان بەپیام و پەیامبەری نیە ، بەشێکیشیان باوەڕیان بەپەیام و پەیامەبری هەیەو پێیان وایە ئاین لەلایەن خوداوە هاتوە .
ئاین توێژینەوەی زۆری لەبارەوە کراوە لەڕووی کۆمەڵناسی و دەروونناسی و ئەنسرۆپۆلۆجی و .... ، لەهەر یەکێک لەم زاستانەشدا چەندین قوتابخانە هەیە کەبەشێوازی جۆراو جۆر خوێندنەوەیان بۆئاین کردووە ،
ئاین لەگەڵ دەرکەوتنی مرۆڤدا هەبوەو کۆنە بەقەد کۆنی مرۆڤ .
(ماکس مولەر) پێی وایە (غەریزەی پەرستن ـ تعبد ـ غەریزەیەکی فیتریەو لە سەرەتای دەرکەوتنی مرۆڤەوە لەگەڵی بوە )
هەروەها (بنیامین کونستانت) پێی وایە (کە ئەستەمە پێشبینی بکەین ئاین لەزیهن و مێشکمان وەدەرنێین )
هەروەها (مۆریس جاسترۆف) پێی وایە (ئاین غەریزەیەکی فیتریە )
(هنری برجستون) دەڵێت : (گەل و هۆزی وا هەبوە هیچ زانیاریەکیان نەبوە لە بارەی هونەرو فەلسەفەوزانستەوە ، بەڵام هەرگیز کۆمەڵێك کۆمەڵێك نەبوە ئاینیان نەبێت )
هەروەها لە (معجم لاروس) بۆ سەدەی بیست (دەڵێت غەریزەی دینی هاوبەشە لەنێوان هەموو ڕەگەزە مرۆییەکاندا هەتا لەلای ئەوانەش نزیکبون لەژیانی ئاژەڵانەوە )
(درابەر ) دەڵێت : ( گەل و هۆزی واهەبوە قولەو قەڵایان نەبوە  بەڵام گەلێک نادۆزینەوە پەرستگای نەبوبێت )
زانای  کۆمەڵناسی (موریس جاستروف) سێ بنەمای دیاری کردوە بۆناسینەوەی ئاین :
۱ ـ هەستکردن بە بونی هێزێک یان چەند هێزێك لەسەرو مرۆڤەوە .
۲  ـ  باوەڕبون بە بونی پەیوەندی بەو هێزەوە یان ئەو هێزانەوە .
۳ ـ هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی نێوەندێك بۆ ئەو پەیوەندیە .
لەلای ئەم زانایەی بواری کۆمەڵناسی ئەم خاڵانە بەسەر هەموو ئاینەکاندا جێبەجێ دەبێت بە ئاینە سەرەتایی و گەورەکانیشەوە .
هەروەها ئاین پێناسەی زۆری بۆکراوە لەلایەن زانایانی ڕۆژئاواوە وەك :
ــ ئاین برتیە لەبڕوابوون بە بونەوەرە ڕۆحیەکان .
ــ ئاین واتە بوونی خودا لەڕۆحی مرۆڤدا  .
ــ ئاین کۆمەڵێک بیروباوەڕو شەعائیرو قیەمە کەهەر ئاینەو ــ بەشێوەیەکی تایبەت ئەنجامی دەدەن .
ــ ئاین هۆشیاریە بەبەها کۆمەڵایەتیە باڵا کان .
ــ ئاین  پارێزگاریکردنە لە بەهاکان .
توێژەران هەندێکیان پێیان وایە پێکهێنەرەکانی ئاین لەهەموو شوێن و هەموو کاتێکدا  دوو بەشن ،پێکهێنەری  بنەڕەتی و لاوەکی ، پێکهێنەرە بنەڕەتیەکان چوار پێکهێنەر دەگرێتەوە :
ٲ ــ بیروباوەڕ :لایەنی فکری دەگرێتەوە باڵ بەسەر هەموو بیرکردنەوەی ئاینیدا دەکێشێت .
ب ــ  ئەفسانە : چیرۆکەکانی خوداو چیرۆکە پێرۆزەکان .
ج ــ پەرستش : شەعاعیرو لایەنە عەمەلیەکەی ئاین دەگرێتەوە .
د ــ ئوخەرەویاتەکان :هەموو ئەو بوارانەی ئاین دەگرێتەوە کەپەیوەستن بە مردن و ژیانی دوای مردنەوە .
پێکهێنەرە لاوەکیەکان :
ٲ ــ ئەخلاقیات و یاساو ڕێساکانی ئاین .
ب ــ چیرۆکی پیرۆز : ئەو چیرۆکانەی باس لەژیانی پەیامبەران و ئەولاکان دەکەن .
ج ــ کۆمەڵ : گرووپ و کۆمەڵەو مەزهەبەکان دەگرێتەوە .
د ــ باتنیەت : نهێنی و تەسەوف و دیوی ناوەوەی دەق و پەیام دەگرێتەوە .
هەروەها د.علی شریعتی چەند خاڵێکی خستۆتە ڕوو کە خاڵی هاوبەشن لەبیرکردنەوەی سەرەتایی خاڵەکان کورتەکەینەوە :
۱ ــ ئاین واتا دەدات بەبوون ، هەموو ئاینەکان بەهەموو شێوەو شکڵیانەوە هەتا ئەو ئاینانەشی زۆر خورافین واتا دەدەن بەبوون ، ڕوانین بۆبوون ڕوانینێکی ئەرێنیە ، واتای بوون نەفیکردنی عەبەسیەت و ڕێکەوت و بێسەروو بەریە لە بووندا .
۲ ــ  باوەڕ بە بوونی ئامانج کۆتایی : بۆ جیهان و مرۆڤ و مێژوو ، هەموو ئەمانە دروستکراون لەپێناو شتێکدا ، وەئامانج لەبوونیان هەیەو بێمەبەست نین .
۳ ــ دووانەیی بوون : دووانەیی بوونی هەیە لەهەموو ئاینەکانی جیهاندا ، هەموو کارو بارەکان و مرۆڤیش دابەش دەبێت بۆ خێرو شەڕ ، چاک و خراپ ، جوان و ناشرین ، پیرۆزو ناپیرۆز
٤ ــ پێرۆز ــ مقدس ــ  : بیرۆکەی  پیرۆز بنەڕەتە لەهەموو ئاینەکاندا ، وەلەهەموو ئاینەکاندا بوونی هەیە .
٥ ــ بەر هەست و نابەرهەست  : بوون و شتەکان دابەش دەبەن بۆ بەرهەست و نابەرهەست ، مرۆڤی سەرەتایی نیمچە وەحشی بوبێت یان وەحشی تەواو بوبێت باوەڕی وابوە جیهان دابەش دەبێت بەسەر بەرهەست و نابەرهەستدا .
٦ ــ بوونی ڕۆحی کۆمەڵایەتی بۆئاین : یەکێکی ترە لە بیرکردنەوە هاوبەشەکان و لەئایندا تاک پەیوەستە بەکۆمەڵەوە ، دۆرکهایم پێی وایە ڕوحی کۆمەڵ لەهەمان کاتدا ڕوحی ئاینە ، بەواتایەی خودا هەمان خودی کۆمەڵگایە .
۷ ــ جیهانی بوون : جیهانی بوون یەکێکە لەسیفەتەکانی ئاین تەنانەت لەئاینە سەرەتاییەکانیشدا جیهانیبوون بوونی هەبووە ، بەو واتایەی ئاین لەکۆمەڵگایەکەوە گواستراوەتەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر ، وەجیهانی بوون واتا بەرزبوونەوەی ئاین بەسەر نەتەوەییدا .
٨ ــ یەکێتی مرۆڤ و سروشت :وای دبینن جیهان بوویەکی پێکەوەبەستراوی هەیەو یەک  ئامانج و مەبەستێیان هەیە ، ڕوحێکی هاوبەش پێکەوەیان دەبەستێتەوە .
۹ ــ هەوڵ و کۆشش و ئارەزوو  : ئاین پاڵ بەمرۆڤەوەدەنێت بۆجوڵان و وازهێنان لەتەمەڵی و دانیشتن ، یارمەتیدەرە بۆ هەوڵدان و گەڕانی بەردەوام بۆگەیشتن بە حەقیقەت .
۱۰ ــ باوەڕبوون بە دەسەڵات و باڵایی : هەموو ئاینەکان بەئاینە سەرەتاییەکانیشەوە هەوڵ دەدەن بۆ ژێر دەسکردنی ڕۆحەکان بۆ مەبەستی تایبەت ، وە بەردەوام لەهەوڵدان بۆبەرەو باشتر چوون  .
۱۱ ــ بیرۆکەی بەرپرسیارێتی : باوەڕبوون بە بیناکردنی خودی وبەهێزکردنی ئیرادە لای مرۆڤ وەهەوڵدان بۆبیناکردنی داهاتویەکی باشتر ، بەگەیشتن بە مانا ــ واتا پیرۆز ــ دەتوانین گۆڕانکاری لە چارەنوسمان بکەین و پێشکەوین .
۱۲ ــ ڕەتکردنەوەی تیۆری ڕێکەوت و دروستبوون کەون بەشێوەی ڕێکەوت و عەبەسیەت ، مرۆڤی ئاینی وای دەبینێت مێژوو کۆمەڵێک ڕووداوی پێکەوەبەستراون و ڕێکەوت نین ڕوودانیان و ڕێکردنێکی دروست و لۆژیکیە .
۱۳ ــ یاسای هۆکاری : شیکردنەوەی لۆژیکی بۆ گەردوون ، بەو ڕادەیەی مرۆڤی سەرەتایی باوەڕی هەبووە ، شتەکان و ڕووداوەکان بەهۆی هاتنی ڕووحێکەوە یان جنێکەوە دەبێت .
۱٤ ــ ئەسڵی مانەوە : باوەڕیان وابووە ڕووح دەگەڕێتەوە بەردەوام ، بیرۆکەی مانەوەی ڕووح بەدوو شێوە بووە ، یەکێکیان ئەوەیە ڕووح لە جەستەیەک دەرەچێت و دەچێتە جەستەیەکی تر یان جەستەی ئاژەڵێک ، شێوازەکەی تریان ژیانی ڕوح بووە لەجیهانێکی تردا .
۱٥ ــ فراوانی ڕوانین بۆ گەردوون : مرۆڤی ئایندار وادەڕوانێە بوون کە بوون تەنها لەم بەرهەستەکاندا قەتیز نامێنێت و لەپشت ئەمانەوە جیهانێکی تر هەیەو نهێنی و ڕۆحەکان و بابەتانێکی تر بوونیان هەیە .
۱٦ ــ ڕزگاربوون لە کۆتو بەندەکان : هەوڵدەدەن لەو کۆتو بەندانە دەرچن کە لەودۆخەدا هەن و بگەن بە دۆخێک باشتر لەو دۆخەی هەیە .
۱۷ ــ خۆشەویستی و پەرستش : هەستی ئاینی هەرهەستێکی ئاینی بێت لەناخیدا هەڵگری خۆشەویستی و عیشق و پەرستشە ، وە پەیوەندی مرۆڤ بە پەرستراوەوە پەیوەندی خۆشەویستی و عیشقە
(ویلز) لەهۆکارەکانی پەیدابونی ئاین باس لەترس ئەکات و بەیەکێک لەهۆکارەکان دادەنێت هەروەها دەڵێت چەند پەرستراوێك هەبوون کە هۆزەسەرەتاییەکان پەرستویانن وەك :
۱ ـ پەرستن و پیرۆزکردنی پیاوی بەتەمەن ، کەلەگەڵ ئەمبیروباوەڕەدا کۆمەڵێك قەدەغکراو هاتنەئاراوە .
۲ ـ پەرستنی ترس لە نەزانی و هاتنە کایەی قوربانیکردن بۆڕازیکردن و نزیک بونەوە ڵەپەرستراو .
۳ ـ پەرستنی ئەستێرەو وەرزەکان و وەدیاردە گەردونیەکان کە کاریگەرن لە ژیانی مروڤدا .
٤ ـ پەرستنی بونەوەرە زیندوەکان .
هەروەها (جرانت ئالن) پێی وایە لە پەرستنی پیر دوای مردنیەوە سەرچاوەی گرتوە .
لەلایەکی ترەوە (ویل دیورانت) لە(قصة الحظارة) بەپشت بەستن بە لێکۆڵینەوەکانی لەچەند هۆرێکی گۆشەگیر دەڵێت :
وەک دەزانین ئاین باوەڕبونە بەهێزێکی باڵا ، بەڵام تێبینی ئەوەئەکەین  هەندێك لەو هۆزانە هیچ دینێکیان نیە ، هەندێک لە قەزەمەکانی ئەفەریقیا هیچ بیروباوەڕو شەعائیرێکی دینیان نیە پێی هەستن ، وە هیچ پەرستراوو تەوتەمێکیشیان نیە .
وە قەزەمەکانی کامیرۆن تەنها خوای شەڕ ئەناسن ، وەلەلای هندیە سورەکان باوەڕیان بە پەرستراوێك هەبوە بەڵام نەیانپەرستوە .
ویل دیورانت  پەیدا بوونی ئاین بۆ چەند هۆیەک دەگەڕێنێتەوە :
۱ ـ ترس : ترسە بەسەرچاوەیەکی گرنگ و یەکەمین دادەنێت لەپەیدابونی بیرۆکەی پەرستن ، پێی وایە لەژیانی سەرەتاییدا هەڕەشە لەسەرژیان زۆربوە هەروەها ترس لەمردن و ترس لەهەموو ئەونەخۆشیانەی ڕووبەڕویا بونتەوە .
۲ ـ سەرسامبون : سەرسامبونی هۆزە سەرەتاییەکان و نەتواناییان لەلێکدانەوەی ڕووداوو دیاردە گەردونیەکان ،کەبۆتەهۆی ئەوەی ئەو فکرەیە دروستبێت .
۳ ـ خەون : ئینسانە سەرەتاییەکان خەونیان دیوە کەخەونەکانیان بۆلێکنەدراوەتەوەو توشی سەرسامبون بوون .
٤ ـ نەفس : ئینسانی سەرەتایی بڕوای وابوە هەموو بونەوەرێکی زیندو ژیانێکی هەیەو ئەکرێت لەجەستە جیاببێتەوە بەهۆی نەخۆشی و خەوو مردنەوە .
٥ ـ ڕۆحانیات :ئینسانی سەرەتایی پێیان وابوە تەنها ئینسان نیە ڕۆحی هەیە ، بەڵکو هەموو شتەکانی تریش ڕۆحیان هەیەو جیهان خاڵی نیە لە ئیحساس .
لەلایەکی ترەوە مەزهەبی تەتەور هەیە کە سبنسەر بانگەشەی بۆکردوە
سبنسەر پوختەی بیروڕاکانی لەم خاڵانەدا کۆدەبێتەوە :
۱ ـ باوەڕبوون بەوەی لەم کەونەدا هەمووشتێک ڕوحێکی هەیە .
۲ ـ پەرستنی پێشینان .
۳ ـ ئینسانی سەرەتایی باوەڕی وابوە دوو نەفس هەن یەکێکی دیاروو یەکێکی نادیار .
٤ ـ ڕۆحەکان پاڵنەرێکی نەبینراوی  گۆڕانکاریەکان بوون .
٥ ـ ترس هۆکاری ئەساسی بووە باڵادەستی  ئاینەکان بووە .
٦ ـ  شەبەحەکان هۆکاری سەرەکی بوون لەپەیدابونی تقوسەکان پەرستشەکان بۆ نزیك بونەوە لەخواکان .
یەکێکی تر لەو زانایانەی سەر بەمەزهەبی پەرەسەندنە (تایلۆرە) کە باوەڕی بەگەشەسەندی بیروباوەڕ هەیە لەچەند خاڵێکدا بۆچونەکانی تایلۆر دەخەینەڕوو سەبارەت پەرەسەندنی ئاین .
۱ ـ  ڕۆحەکان ــ شەبەحەکان : بەبڕوای تایلۆر ئەو گەیشتنە بەو ئەنجامە لای بیرائیەکان تەواو نیە بەڵام مەعقولە بەنیسبەت ئینسانی سەرەتاییەوە ، کەمرۆڤ تەماشای کردوە لەخەون و حاڵەتی غەیبوبەو مردندا لاشەوڕۆح و شەبەح لێک جیادەبنەوە ، ئەم حاڵەتە کلیلی یەکەمە بۆ خوێندنەوەی سایکۆلۆجیەتی ئینسانی سەرەتایی .
۲ ـ بیرۆکەی قوربان :  ئەم بیرۆکەیە لەوەهاتوە کە ڕۆحی مرۆڤ و ڕۆحی ئاژەڵ پێکەوەبن ، کاتێك کەسێک مردوە ئەو ئاژەڵەشیان لەگەڵ ناشتوە کە خزمەتی کردوە هەتا لەو جیهانی ڕۆحدا هەر لەخزمەتیابێت و خزمەتی مرۆڤەکە بکات ، بەم شێوەیە ئەم فکرە هاتەئارا .
۳ ـ بیرۆکەی ناشتنی شتەمادیەکان لەگەڵ مردوو : شتانێکی بێ ڕۆح هەن کەلەخونەکاندا بینیویانن و پێیان وابوە کەئەوانیش دێنەوە وەکو ڕۆحدارەکان ، بۆیە هەستاون بە لەگۆڕنانی گۆزەو ئەوشتانەی تر کەهەبوون لەگەڵ مردوەکەدا هەتا لەژیانی دوای مردندا سودیان لێوەرگرێتەوە مردوەکە .
لێرەدا ڕووبەڕوی سێ باوەڕ لەسەر ڕۆح دوای مردن دەبینەوە :
أ ـ ڕوحەکان دێن و دەچن و بەدەوری زەویداو یارمەتی زیندوەکان دەدەن و دەگەڕێنەوە بۆ شوێننەکانی خۆیان کەپێشتر تێیدا ژیاون .
ب ـ باوەڕبون بەتەناسوخ : واتا دوایی ئەوەی کەسێک ئەمرێ ڕۆحەکەی ئەچێتەناو  ئاژەڵێک یان ڕوەکێک یان شتێکەوە .
ج ــ باوەڕبون بەشوێنێکی دیاریکراو کەلەپاش مردن ئەو ڕۆحە تێیدا بژی ، وەك جەزیرەی ڕۆژئاوا ، یان جیهانی خوارەوە (عالم سفلی) یان شاخەکان یان لەئاسمان .
تایلۆر دوو نەزەریە باسدەکات (نەزەریەی ئیستمرار) ئەمە ژیانێکی بەردەوامی ڕۆحە بەشێوەی ژیانی زەوی .
(نەزەریەی حساب) ئەم نەزەریەیە ڕۆحەکە بەپێی کارو کردەوەکانی ژیان دەکات ، ئەگەر کارو کردەوەی باشبوو ئەوا پاداشت دەدرێتەوە ، ئەگەر خراپ بوو ئەوا سزادەدرێت .
٤ ـ  المؤلهات : ئەم فکرەیە ئەوەیە کە کەسی مردوو هەمان ئەو پەیوەندیەکۆمەڵایەتیانەی هەیە کەلەژیانی ئاسایی هەیبوە ، وەکاتێک سەرۆك هۆزێک مردوە ئەوا ڕۆحەکەی هەر بەهەمان شێوەی ژیانی دونیای خەریکی خزمەتکردنی هۆزەکەی بوەو شەڕو خراپەی لێدورخستونەتەوە .
کەئەمەش لای خەڵکەکە یان کراوەتە خوا یان کراوتە شەیتان .
٥ ـ بیرۆکەی حلول و تەناسوخ : لە ئاینە سەرەتایەکاندا  ئەمبیرۆکەیە هەبوە ، ڕۆح دوای دەرچونی لەلاشە هەموو ئازادیەکی هەیە کە لەگەڵ شتانێکی زیندو یان نازیندو حلول بکات .
ئەمش دوو ئامانجی لێکەوتەوە .
أ ـ استحواذ الشیطاني : پوختەی وتەکانی تایلۆر لەم بابەتە ئەوەیە کە ڕۆحێکی غەریب کاتێک دەچێتە جەستەیەکی ترەوە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو جەستەیە نەخۆش بکەوێت و ئەو ڕۆحە دەست دەگرێت بەسەریدا ، دواتر لەم ڕێگەیەوە هەستاون بە دورخسنەوەی ئەو ڕۆحە یان ئەو عفریتە ، ئەویش بەکۆمەڵێك بەڵێن یان قەناعەت پێکردنی ئەو ڕۆحە شەیتانیە کەلەو لاشەیە بڕواتە دەرو بچێت بۆ جێگەیەکی تر .
ب ـ فیتشیزم : ئەم بیروباوەڕە ئەوەیە کە ئینسان توانیویەتی تەحەکوم بەسەر ڕوحێکی تردا بکات بۆخزمەتی خۆی بەکاریبهێنێت ، بەبڕوای تایلور ئەم دواتر بوەهۆی هاتنە دی بت و سەنمەکان .
٦ ـ الالهة :  چەندین خودای جۆراو جۆر هەبوون وەک خوای ئاسمان و زەوی و ئاوو خۆرو مانگ و چەندین خوای نەدیتراوو خوای کوشتوکاڵ و شەڕو ئاشتی و خێرو شەڕ .
لەکۆتاییدا گەیشتن بەو بیرۆکەیەی بەبیرۆکەی (ئیلاهـ ئەکبەر) ناو دەبرێت ، کە یەکێک لە خواکانیان بەرز کردۆەوە بەسەر هەموو ئەوانی ترداو پیرۆزتر بووە لەلایان لەڕۆحەکان.
بەم شێوەیە تەوحید هاتۆتە کایەوەو لەفرەیی و چەند خودایەوە گەیشتوین بە تەوحیدو یەکتاپەرستی لەلای ئیدوارد تایلور .
تـــەوتـــەم :
کۆمەڵێكی تر تەوتەمیەت بەسەرەتای ئاینداری دادەنێین ،  (تەوتەم) گیان دارێکە یان باڵندەیەکە کەلای هۆز پیرۆزەو لەوباوەرەدایە کەبنەچەی بۆئەو دەگەرێتەوە وە ڕاوکردن و کوشتنی لەلایان حەرامە ،تەنیا لەچەند بۆنەیەکی – ئاینی تایبەتدا نەبێ کە ئەو تەوتەمە دەکوژرێتەوەو بۆ نوێبوونەوەی پەیوەندی نێوان هۆزەکەو پەرستراوەکەی ، خوێنەکەی فرێ دەدرێ و گۆشتەکەی دەخورێت.
هەروەها سیستەمی تەوتەمیدا دروست نیە پەیویەندی جنسی لەنێوان تاکەکانی تەوتمدا ، چونکە خوشک و برای یەکن ، لەچوارچێوەی یەک سیستەمی تەوتەمیدا زەواجی ناوخۆیی دروست نیە ، ئەم سیستەمە لەئوستورالیاو باکوری ئەمریکا بڵاوبۆتەوە .
هەر وەها وشەی (طوطم) وەرگیراوە لەزمانی هندیەسورەکان لەئەمریکای باکور ، توێژەران لەنێوان خۆیاندا کۆک نین لەسەر وشەی تەوتەم و واتای وشەکەش .
یەکەم کەس کە وشەی (تەوتەم) بەکارهێنا (لانج) بوو لە ساڵی (۱۷۹۱)نوسەری (ئەمریکی ــ هندی) لەکاتی قسەکردنی لەسەر شێوازی ئاینی هندیەسورەکانی ئەمریکا ، وەك دەزانین هۆزەکانی ئەمریکا شێوەی سادەترین ژیانی مرۆڤایەتی پیشان دەدەن ، وە ئەم هۆزانە باوەڕیان بە تەوتەم هەیە  ، لایەنگرانی ئەم بۆچونە پێیان وایە تەوتەمیە کۆنترین و سەرەتایترین شێوازی ئاینداریە ، یەکێکی تر لەو زانایە (غری) کەهەستا بە توێژینەوە لە هۆزەکانی ئوسوترالیا گەیشت بەوەی کە تقوس و بیروباوەڕی تەوتەمی لەنێوانیاندا هەیە .
هەروەها (دۆرکهایم) زانای کۆمەڵناسی فەڕەنسی پێی وایە کە تەوتەم کۆنترین ئاینە بەتەواوی ، وە سەرچاوەو بنەڕەتی هەموو ئاینە سەرەتاییەکانی ترە ، وەپەیوەندیەکی توندو بەهێزی بەپێکهاتەی هۆزەوە هەیە ، چونکە هۆزەکان لەو سەردەمەدا لەسەر ئەساسی خرمایەتی و خوێن پێکەوە نەبەسترابونەوە بەڵکو لەسەر ئەساسی تەوتەم پێکەوە بەسترابون و کۆبونەتەوە ، وەبەبێ تەوتەم هۆزیش نابێت .
بەڕای دۆرکهایم تەوتەم پیرۆزە بەو هۆیەوە کەتەوتەم هێمای خودی گروپە  ، نوێنەری ئەو بەهایانەیە کەگروپ یان کۆمەڵگەیەک گرنگیەکی بنەڕەتیان هەیە ، ئەو ڕێزەی کەخەڵك بۆ تەوتەم لەبەرچاوی دەگرن ، لەڕاستیدا بەهۆی ئەو ڕێزلێنانەیە کەبۆ بەها کۆمەڵایەتیە بنەڕەتیەکان هەیانە ، لەئایندا پەرستن خودی کۆمەڵگایە .
تــیــورەی یــەك خــوایــی : بەشێك لە توێژەران پێیان وایە سەرەتای ئاین و خواناسی تاك خوایی بووە ، بیروباوەڕ بە پرۆسەی گەشەسەندندا نەڕۆیشتوەو لەفرە خواییەوە دەستی پێنەکردووەو بەرەو تاك خوایی هاتبێت ، فیلهیلم شمیدت ، زانای ئاینناسی نەمساوی ، لەکتێبەکەی (اصل فکرة الله) کە لەماوەی ۳۲ ساڵ و لەنێوان ساڵانی (۱۹۱۲ ــ۱۹٥٤) نوسیویەتی لە ۱۲ بەرگدا ، تێیدا تیورەکەی دەربارەی یەک خواناسی سەرەتایی ڕوون دەکاتەوە ، شمیدت گەیشتوە بەوەی بەگشتی هەموو هۆزە سەرەتاییەکان باوەڕیان بە بوونی خودایەکی تاك هەیە لەئاسمان ، ئەو خودایەش خودایەکی چاک و خاوەن زانستی ڕەهایە ، شمیدت پێی وایە زۆرێك لەئاینە سەرەتاییەکان بیرۆکەی خودای تاك ، یان خودای ئاسمان ، شمیدت بینی کە خەڵکی لەبنەڕەتدا باوەڕیان بە خودایەکی تاك هەیە ، بەڵام دواتر بەرەو فرەیی چوە ، لەسەر ئەم بناغەیە شمیدت وای دەبینێت ئاینەسەرەتاییەکان فرەخوایی نەبوون ، بەڵکو ئاسمانی بوون ، وەپێی وایە تاك خوایی کۆنترین سیستەمی ئاینیە .
هـــەڵســـەنگـــانــدن
یەکەم : پــاڵـنــەری تــرس
بەشێك لەتوێژەرانی ویل دیورانت و وێڵز وەک پێشتر خستمانە ڕوو ، وە فیورباخ و .... چەندانی تر  پێیان وایە لەترس و بێ توانایی مرۆڤەوە ئاین پەیدا بوە ، کاتێك مرۆڤی کۆن وەسیلەیەکی وای نەبوەو لەئەشکەوتەکاندا ژیانیان کردوەو دڕندەو دەعبا هێرشیان کردۆتە سەریان و لەولاشەوە فەیەزان و لافاوو بومەلەرزەو ڕوداوە سروشتیەکان کەژیانی مرۆڤەکانیان خستۆتە مەترسیەوەو مرۆڤ بێدەسەڵات و دەسەوەسان بوە لە ڕوبەڕو بونەوەی ئەو دیاردە سروشتیانە ، دوای ئەوەی نەیان توانیوە چارەسەری بکەن هاتون خودایان دروستکردوەو دیاردەکانیان پەرستوەو قوربانیان کردوە هەتا توڕەییان دابمرکێتەوەو بەزی پێیاندا بێتەوە ، سەرەتای ئاین بەم جۆرە دروست بوو دواتر کە چەند خودایان دەپەرست بەتێپەڕبونی کات چەند خوداکان کران بەخودایەک و بەرزکرایەوە بۆ ئاسمان .
چەند تێبینیەك لەسەر ئەم بۆچونە
۱ ـ  ئەگەر ترس لەدیاردەکان هۆکاربن بۆ دروست بونی ئاین  ئەی چۆن تەفسیری مشك پەرست و جرج پەرستەکان و ئەوانەی ئاژەڵەکان دەپەرسەتن بکەین ؟ چۆن تەفسیری ڕەوەك پەرستەکان بکەین ؟
۲  ـ کاتێك بەهۆی ترسەوە  ئاین پەیدا بوو چۆن گوێزرایەوە بۆناوچەکانی تر ؟ ئایە لەهەموو شوێنەکانی سەر زەوی ئاین بەهۆی ترسەوە پەیدابوە ؟
۳ ـ  مرۆڤ کاتێك دەترسێ کە زانیاری نەبێ ، بۆنمونە کاتێك دەمانەوێت لەئاوێك بپەڕینەوە ئەگەر ئاوەکە لێڵ بێت و نەزانین چەن قوڵە ناوێرین لێی بپەڕینەوە بائاوەکە تەنکیش بێت ، بەڵام کاتێ ئاوەکە ڕون بویەوە ئەوکات ترسەکەمان دەڕەوێتەوە ، یان کەسێك نەخۆش بێت نەزانێت چ نەخۆشیەکی هەیە دەترسێت بەڵام دوای ئەوەی زانی نەخۆشیەکەی مەترسیدار نیە ترسکەی دەڕەوێتەوە ، دەی کاتێك مرۆڤ پێش کەوت و توانیی حەقیقەتی ڕودانی دیارە سروشتیەکان بزانن و بیخەنە ڕوو دەبوو ئاین بەرەو نەمان بڕۆشتایەو کۆتایی پێ بهاتایە .
٤  ـ کاتێك چەند چار لافاو هاتوەو لەوکاتەشدا خەڵك پەرستویانە هەتا هێمن ببێتەوەو ئەمە کەچەند جار دوو بارە بۆتەوە بەڵام لافاوەکە هێمن نەبۆتەوەو چەند جار ڕویداوەتەوە ئەبێت پرسیار لای ئەوخەڵکە دروست بووبێت باشە ئێمە کەدەی پەرستین و قوربانی پێشکەش دەکەین بەڵام هیچ سودێکی نەبوە ئەبێ بۆیان دەرکەوتبێت کەئەو پەرستنەی ئەوان هیچ شتێکی نەگۆڕیوەو فەیەزان و لافاو هەربەردەوامە دەبێت گومانی بۆدروست کردبن و وازیان لێهێنابێت .
ڕەنگە یەکێك بڵێت بادیاردەکان وەك خۆی مابێتەوە بەڵام لەڕوی دەرونیەوە ئارام بونەتەوەو وەك سزا یان حیکمەتێك سەیریان کردوە بۆخۆیان .
دەڵێم : بەچیا زانیان حیکمەتێکی تێدایە یان سزایە خۆ دەق نەهاتۆتەخوار بۆیان کە ئەمە حیکمەتی تایبەتی تێدایە و ئێوە لێی ناگەن ، یان جارێك سزا بوو دوو جار سزا بوو چەند جار دووبارە و چەندبارە بۆتەوە دەبێت گەڕابن بزانن تاوانیان چیە ؟ یان ئەسڵەن ئەوکات شتێ هەبوو بەناوی تاوان و قەدەغە ؟ هەتا لەئەنجامی لادان لێی سزادرابن  .
٥  ـ مرۆڤ کائینێکی بیرکەرەوەیە ، ئەکەر زۆر بێ عەقڵیش بوو بن ئەوکاتە بەقەد مناڵێکی پێنج ساڵە هەر عەقڵی هەبوە ، کە مناڵێك دەپرسێ من لەکوێ وە هاتوم ؟ چۆن دروست بوم ؟ چ شتێ لەهەموو شتێك گەورەترە ؟ ئەی چۆن ئەوکات خەڵکی بیریان نەکردۆتەوەو ئەم گەردونە نەی خستونەتە بیرکردنەوە هەتا هەوڵی تێگەیشتنی بدەن ؟ باشە ڕەنگە یەکێك بڵێ هەرئەوەنە لێی تێگەشتون بەڵام ئایە کەسێك نەبوە لەناویان کەهەندێ ژیر بێت و تەفسیرێکی کەمێ واقیعی کردبێت بۆ ئەو دیاردە سروشتیانە ؟
٦ ـ  مرۆڤ توانای تێگەیشتنی زیاترە بۆ شتەمادیەکان نەوەك هۆکارەکەی بەگەڕێنێتەوە بۆ بویەکی نادیار ، مرۆڤ کە بیرکردنەوەیەکی سادەی هەبێ لێکدانەوەکانی مادی دەبێ و گواستنەوە بۆغەیب بیرکردنەوەیەکی باشی دەوێت ،   نەوەك بەپێچەوانەوە ، ناکرێت مرۆڤ بیرکەرەوەیەکی باش نەبوو بێت کەچی ئەوەنە لەسەر بیری کردبێتەوە و سنوری مادی تێپەڕاندبێت .
۷ ــ هەروەها ئەندێشەکردنی کۆمەڵگایەکی خاڵی لەخوداو پەرستراو کارێکی ئاسان نیە ، چونکە ئێمە کۆمەڵگەیەکمان نیە بەتەواوی خاڵی بێت لەخودا ، هەتا بزانین ئەندامانی ئەو کۆمەڵگەیە چۆن بیردەکەنەوەو چۆن مامەڵە دەکەن لەگەڵ ترس و دیاردە سروشتیەکان ، لەبەر ئەوە ئاسان نیە ئەندێشەی ئەوەبکەین کە کۆمەڵگەیەک خاڵی لەئاین و نامۆ بو بیرانە لەکاتی ڕوداوو دیاردەکاندا چۆن ئەو بیرەیان گەڵاڵەکردووە ، چۆن هاتون پەرستراویان دروستکردوەو چۆن و بەچ شێوەیەک پەرستویانە .
پاڵنەری ترس ئەگونجێت لەهەندێک باوەڕو لەلێکدانەوەی بەشێکی ئایندا یارمەتیمان بدات ، بەڵام ناتوانێت تەفسیری پەیدابوونی ئاینمان بۆبکات .
دووەم : تــەوتــەم
پێشتر تەوتەممان ڕوونکردەوە لێرە دووبارەی ناکەینەوە ، هەریەک لە کۆمەڵناس دۆرکهایم و دەرونناس سیگمۆند فرۆید دیارترین ئەو توێژەرانەن پشتیان زۆر بە تەوتەم داوە لەتیورەکانیاندا ، گەڕاندنەوەی بنەڕەتی ئاین بۆتەو تەم ، لەئەنجامی ئەو توێژینەوانەوە هاتوە کەبۆ کۆمەڵگا سەرەتاییەکان ئەنجام دراوە ، بەڵام بەشێک لەتوێژەران پێیان وایە ئەو هۆزانە ناکرێت بکرێنە بەڵگە چونکە لەکاتێکدا زیاد لە توێژەرێک لەیەک کۆمەڵگا توێژینەوەیان کردووە کەچی ئەنجامی جیاوازیان داوە بەدەستەوە ، بۆنمونە (وستر مارك) هەستاوە توێژینەوەی لە دوورگەکانی (ANDMAN) کردووەو
تێبینیەکانی خۆی تۆمار کردوە لەسەریان لەساڵی (١٨٨٢) ، دوتر زانا (مستر براون) هەستاوە لەسەر هەمان شووێن توێژینەوەی کردوە دواتر ئەویش تێبینەکانی خۆیی لەساڵی (١٩٢٢) نووسیوەو بیرو بۆچونەکانی (وستر مارك)ی هەڵوەشاندۆتەوە !
فیڵهیلم شمیدت لەئەنجامی توێژینەوەکانی گەیشتۆتە دوو خاڵ دەربارەی تەوتەم :
ٲ ــ بەشێکی زۆری ئەو کۆمەڵگا سەرەتاییانە بەتەوتەمیەتدا تێنەپەڕیون و هەر ئاشناش نین پێی .
ب ــ بەشێکیشیان  زۆر دواتر ئاشنابوون بەتەوتەمیەت .
هەروەها ڕەخنەی ئەوەدەگرن بەتایبەت لە ئیمیل دۆرکهایم کە دەڵێت : هەر هۆزێك تەوتەمێکی تایبەتی خۆی هەیە ، هیچ هۆزێک یان کۆمەڵگایەک تەوتەمی کۆمەڵگەیەکی تر وەرناگرێت ، بەواتایەکی تر ، لەکۆمەڵگایەکەوە بۆکۆمەڵگایەکی تر تەوتەم ناگوێزرێتەوە ، کۆمەڵگای کوردی بۆنمونە ئاڵای ئێران هەڵناکات ، وەئێرانیش ئاڵای کوردی هەڵناکات و وەری ناگرێت ، هەستی تەوتەمیش بەو شێوەیە تایبەتە بە کۆمەڵگاوەو کۆمەڵگایەکی تر لە دەرەوە هاوردەی ناکات ، هەستی تەوتەمی جیهانی نیە بەو مانایەی ناگوێزرێتەوە ، کەچی دۆرکهایم پێی وایە ئاین لەکۆمەڵگایەکەوە بۆیەکێ تر دەگوێزرێتەوە ، بەم لێکدانەوەیەی دۆرکهایم بێت ، دەبێت هەستی ئاینی و هەستی تەوتەمی ، بەزمانی نوێ نەتەوەو ئاین دوو هەستی جیان ، ئاین جیهانیەو تەوتەم جیهانی نیە ، ئاین لەتەوتەمیش وەرنەگیراوە بەڵکو دوو هەستی جیاو سەربەخۆن .
وە ئەگەر گریمان (تەوتەمیە)نمونەی کۆنترین ئاین بنوێنێت کە مرۆڤە سەرەتاییەکان پیایدا تێپەریون لەکاتی گەشەکردنیان ، ئەوا نە دەبێتە هەڵگری بەڵگەی گومان بر ،بەڵکو نابێتە بەڵگەیەکی گوماناویش، لەکاتێکدا کە ئاین باڵادەست بووە لەسەرەتای مرۆڤایەتیداو لەلای هەموو گەلەکان .
هەروەها وەک دکتۆر (عمارة نجیب) دەڵێت: (کەرەستەو روکاری تەوتەمیەت بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە تەوتەمیەت بنەرەتی بیروباوەڕ نیە لەبەر ئەوەی گەشەی کردوە دوای ماوەیەکی درێژ کە خاڵی نەبوە لەئاین  ، وەپێش فراوان بوونی هۆزەکان و پێش ئەوەی ئاشنابن بەسیستەمە کۆمەڵایەتیەکان) .
هەروەها (سیر جیمز فریزر) رەتی دەکاتەوە تەوتەمیەت لەشێوەی یەکەمیدا بری تی بێت لە ئاین ، لەبەر ئەوەی تەوتەم ناپەرسترێت  وەك دەڵێن لەسەر شێوەی بت (صنم)پەرستراوە .
دۆرکهایم بریاری داوە کەئاین لە (تەوتەم)ە سەرچاوەی گرتوە ، وە بەڵگە بەوە دەهێنێتەوە کە هۆزەکانی (استرالیا وسطی) ئوستورالیای ناوەراست کۆنترین هۆزن بەڵام (شمدت) بەشێوەیەك کە گوانی تیانەمێنێت سەلماندویەتی هۆزەکانی ئوستورالیای ناوەراست کۆنترین کۆمەڵەی مرۆڤی نین.
وەئەگەر وامان دانا هۆزەکانی ئوستورالیای ناوەڕاست کۆنترین هۆزەکان بن ، وەتەوتەم سەرەتای ئاینداری بوبێت ، ئەی چۆن خوای باڵا لێکبدەینەوە ؟
چونکە  لەنێو زۆرێک لەهۆزەکاندا بیرۆکەی خودای باڵا ، یان خودای گەورە بوونی هەبوە لایان ، بۆنمونە : (لانج) سەلماندویەتی کەباوەر بوون بە (پەرستراوی باڵا – الإله الأعلی)  لەلای هۆزە هەمەجیەکان لە ئوستورالیاو ئەفریقیاو ئەمریکا بوونی هەبووە (شریدر) سەلماندویەتی ئاریەکۆنەکان باوەریان بە خودای باڵا هەبووە .وە (بروکلمان) سەلماندویەتی لەلای سامیە کۆنەکان هەمان باوەر بوونی هەبووە ، هەروەها (لاڕواه)و (کاتر فاج)لەلای کورتە باڵاکانی ناوەراستی ئەفریقیا سەلماندویانە کە بیرۆکەی (خودای باڵا) بوونی هەبوە ،(شمیدت) لەلای قەزەمەکانی دانیشتوانی ئوستورالیای باشورو خۆرهەڵات (خودای باڵا) بوونی هەبووە ، (شمیدت) توێژینەوەکەی بەوە کۆتایی هات کە بیرۆکەی (الإله الأعظم) لەلای هەموو ئەو میلەتانەی بەکۆنترین رەگەزەکانی مرۆڤ دادەنرێن بوونی هەبووە
تەنانەت خودی دۆرکهایم کە خۆی باوەری وایە کە کە ئاین لە تەوتەمەوە سەرچاوەی گرتوە دەڵێت : (هەندێك لە هۆزەکانی ئوستورالیا فکرەی (الإله الأعلی) یان (الإله الأحد) لە ناویاندا بوونی هەبووە وە باوەریان وابوە ئەو (خودا)یە ئەزەلییەو خۆرو مانگ و ئەستێرەکانی لەژێر دەستدایەو بە فەرمانی ئەو ەجوڵێنەوەو ئینسانی لە قور دروست کردوە و رۆحی کردوە بەبەریدا ، هەروەها دانەری عیبادەتەکانەو دادوەری مرۆڤەکان دەکات دوای مردن و چاکەکارو خراپەکار لەیەك جیا دەکاتەوە)
هەرچەن تایلور پێی وایە ئەو باوەڕە لە موژدەدەرە مەسیحیەکان وەرگیراوە بەڵام  دۆرکهایم ، ڕەدی تایلۆر دەداتەوەو  دەڵێت : هەمووی لەئەوروپاوە وەرنەگیراوە وەك تایلۆر گومانی بردوە بەڵکو ئەو بیرو باوەرە کۆنە لەناو ئەو هۆزانەدا پێش ئەوەی موژدەدەرە ئەوروپیەکان بچنە ئەوێ ، لەو هۆزانەدا سوپاسیان لەسەر بیرو باوەرەکەیان کردوەو وە دوعایان کردوەو دەستیان بۆئاسمان بەرزکردۆتەوە
لە کۆتاییدا دەڵێین ئەگەر هاتو بونی خودامان سەلماند ئەوا ئەو باوەڕەی پێی وایە خودا دروستکراوە بەپاڵنەری ترس یان لەڕۆحی کۆمەڵگاوە سەرچاوەی گرتوە یان لەئەنجامی نەزانیەوە ، هەموی دەبێتە تۆزو لەپانتاییەکی بەرتەسکدا نەبێت کارایی نامێنێت ، پێم وایە هەم لەڕوانگەی لۆژیک و هەم لەڕوانگەی زانستە سروشتیەکانیشەوە کەم و کورتی و بێتوانایی مەزهەبی مادی بەتەواوی ڕوون بۆتەوەو بوونی دروستکەرێک بۆگەردون سەلماوە ، جا پێناس و سیفەتەکانی هەرچی بن ، لەلایەکی تریشەوە ئەگەر تەماشا بکەین بەڵێ سەرەتا بیروباوەر لەیەک خواپەرستیەوە دەستی پێکردوەو دواتر شیرك و فرەخودایی هاتۆتە کایەوە ، وە ئەگەر تەماشا بکەین نابینین ئاینێك لە فرەخوداییەوە رۆشتبێت و گەیشتبێتە یەخوا پەرستی ، بەڵام چەندین بەڵگەمان هەیە کە ئاینێکی ئاسانی کە شیرك و بتپەرستی رەت دەکاتەوە وردەوردە شییرکی تێکەڵ کراوە ، وە ئەو فرەخوداییەی تێکەڵی کراوە بەرەسمیش دانی پێدانراوەو هەرکەس لێی لادابێت بە (هەرتەقە) ناوەزەند کراوە ، وەك (مەسیحەت) کە سەرەتا ئاینێکی یەکخوا پەرست بوو دواتر بوو بەئاینێک کە تەوحیدەکەی نەماو (ثالوث) هاتە ئاراوە .
بۆنمونە لە ئینجیلی پیرۆزدا هاتوە کاتێك جولەکەپێغەمبەر عیسا بەدرۆدەخەنەوە پێغەمبەر عیسا لەوەڵامیاندا دەڵێت (ئایا لەتەوراتەکەتان نەنووسراوە : (من وتم ئێوەخودایەکانن)؟ ئەگەر ئەوانە بە "خودایەکان" بانگ بکات کەوشەی خودا بۆئەوان هاتوە – وەناتوانرێت نوسراوەکە بشکێندرێت – چۆن ئەوەی باوکەکە پیرۆزی کردووە و بۆ جیهانی ناردووە دەڵێن "کوفر دەکات" چونکە وتم  ، "کوری خودام"؟ ئەگەر کارەکانی باوکم ناکەم باوەرم پێ مەکەن ، بەڵام ئەگەر دەیکەم هەرچەندە باوەریشم پێ ناکەن ، باوەر بەو کارانە بکەن تاکو بزانن و تێ بگەن کە باوك لەمن دایەو منیش لەباوك دام)
هەروەها هاتوە کاتێك پێغەمبەر عیسا دەبەن لە خاچی بدەن عیسا دەڵێت (باوکە لێیان خۆشببە ،چونکە ئەوان نازانن چی دەکەن)
هەورەها عیسا دەڵێت (باوکە رۆحی خۆم بەدەستی تۆدەسپێرم)
هەروەها لە ئینجیلی پیرۆزدا هاتوە کاتێك جوبرائیل موژدەدات بەمەریەم کە عیسای دەبێت بەم جۆرە (مەترسە مەریەم چونکە لەلای خودا رەزامەندیت بەدەست هێنا ئەوەتا سکت دەبێت و کورێکت دەبێت ناوی لێ دەنێیت عیسا ،پایەبەرز دەبێت و بەکوری خودای هەرەبەرز ناودەبرێت)
لەم جۆرە دەقانە لەئینجیلدا زۆرن کەسێك بیەوێت دەتوانێت بۆیان بگەرێتەوە ، دەبینین عیسا بەکوری خودا دانراوە لەکاتێکدا ئەم بیروباوەرە هێنراوەتە ناو بیرو باوەری مەسیحیەت و خۆی تیایدا نەبوە ، ئەوەتا (درابەر) لە کتێبی (تأریخ أخلاق أوروپا) دەڵێت (بتپەرستی و هاوەڵ دانان بەکاریگەری ئەوانە چووە ناو نەسرانیەت کە پیشەو پایەی بەرزی ناو دەوڵەتی رۆمانیان لەدەست بوو)
وە لە ساڵی (٣٢٥)ز (قوستەنتین) هەستا بەبەستنی کۆنگرەیەك بۆیەکلا کردنەوەی ئەو ناکۆکیەی هەبوو لەنێوان (ئاریسیەکان) کە عیسایان بەخودا نەدەزانی لەگەڵ ئەوانەی خاوەنی بیروباوەری (ثالوث) بوون ، دواتر ئاریوسیەکان شکستیان هێنا .
بەڵام لە ئیسلامدا بەهۆی پاراستنی قورئانی پیرۆز لەشیواندن و تەحریف بیروباوەری راستی یەك خوا پەرستی پارێزراوە ، بەڵام هەندێك گروپ هەبوون کە شیرك و بت پەرستیان هاتۆتە ناو بۆنمونە (ئیسماعیلیەکان) ئیسماعیلیەکان خودایان لەهەموو سیفەتەکانی دادەرنی ، لای ئەمان خودا بەهیچ وەسفێك وەسف ناکرێت هیچ ناوێکیشی نیە ، خودا نەهەیەو نەنیە جا بەهۆی ئەوەی ناوو سیفەتیان بۆ خودا بریار نەدا ناچار بوون پەنا ببەنەبەر داهێنانی چەند خودایەکی تر بۆئەوەی ئەو ناوو سیفەتانەی لەقرئان و سونەتدا هاتوون بۆیان بەکار بهێنن .
وە (حامدی) وتویەتی (عەلی بریتیە لە خودای دروستکەرو بەدیهێنەری کارجوان و وێنە کێش)
وە گومانیان وابوە کە ئیمامی (علی) لەبارەی خۆیەوە وتوویەتی (من دەژیێنم و دەمرێنم ، رزق دەگرمەوەو دەبەخشم ، کەسی بەڵەك و کوێری زگماك چاك دەکەمەوە هەواڵێشتان پێ دەدەم سەبارەت بەوەی دەیخۆن و پاشەکەوتی دەکەن لە ماڵەکانتاندا)
وە هەرگیز هیچ پێغەبەرێك نەبووە بەگەلەکەی وتبێت (٢٠) خودا بپەرستن ، دواتر بۆی کردبن بە (١٥) خودا ، هەتا بەشێوەیەکی تەدریجی بۆگەیاندبنە سەر یەك خوداو پێی وتبن دەی ئیتر هاوبەشی بۆبریار مەدەن ، بەڵکو هەموو پێغەمبەران کەهاتوون راستەوخۆ یەکەم برگەیەك وتبێتیان ئەوەبووە کە (أعبدوا الله مالکم من إله غیره) ، یەکسەر بەگەلەکانیان وتوە کە یەك خودا هەیەو هەر ئەو بپەرستن و هاوبەشی بۆبریار مەدەن .
وەك وتمان ئەوەی لەبەرچاوە دەبینین لە کەمەوە بەرەو زۆر رۆشتوە نەك بە پێچەوانەوە ، لە یەكخواپەرستیەوە بەرەو فرە خودایی رۆیشتوە .
لەکۆتاییدا دەێین مرۆڤ ئاینداری لە ناخیدا وەکو شنەی شەماڵ بەردەوام شنەئەکات و مرۆڤ لەهەرشتێک بێ باك بێت ناتوانێت لەخودا بێ باك بێت .
هەروەك  " کارین ئارمسترونگ " دەڵێت : مرۆڤ ئایندارە ، لەبری ئەوەی بڵێین مرۆڤ عاقڵە دەڵێین مرۆڤ ئایندارە ، لای ئارمسترونگ ئەوەی پێناس و هەویەی مرۆڤەو مرۆڤی پێدا دەناسرێتەوە ئاینە .
هەربۆیە هیگڵی فەیلەسوف پێی وایە ئاینداری توخمێکی بنەڕەتیە لەدروستبونی مرۆڤداو بەشێکە لەحەقیقەتەکەی ، بەڵکو تەنها مرۆڤ دەتوانێت ئاینی هەبێت .
هەتا ئۆگست کۆنتی کۆمەڵناس وەکو فەیلەسوفێکی پۆزەترڤیسم دەستی پێکرد ، بەڵام لە پێغەمبەرێکی موژدەدەرەوە سەری دەرکرد !
ئۆگست کۆنت گەشەسەندنی مرۆڤی کرد بەسێ قۆناغەوە :ئاینی ، میتافیزیکی ، زانستی ، کەلەنزمەوە بۆبەرز دەستی پێکردووە .
بەڵام کۆنت کەهەستی بەگرنگی ئاین کردبوو لەژیانی تاک و کۆمەڵگاکاندا گەڕایەوەو ئاینێکی تازەی پێشنیار کرد بۆخەڵکی و ناوی نا "مرۆڤگەرایی" وەهەموو وردەکاریەکانی بۆداڕشت پوختەی ئەوەبوو کار بۆ بەرزترین بوونەوەربکەین کەمرۆڤگەراییە ، بەم شێوەیەش گرنتی مانەوەیمان دەست دەکەوێت .

No comments:

Post a Comment

 دووفاقیەکانی مەریوان وریا قانع  (ئازادیی ڕادەرڕین و جێندەر) ئاڤار قەرەداغی مەریوان کەسێکە خۆی زۆر پێخوێنەوارە، بەردەوام هێرش دەکاتە سەر مو...