Monday, 2 July 2018

موسوڵمانان کتێبخانەی ئەسکەندەریەیان سوتاند !

موسوڵمانان کتێبخانەی ئەسکەندەریەیان سوتاند!

ئاڤار قەرەداخی 

چارەنوسی کتێبخانەی ئەسکەندەریە گوڤت و گۆو جەدەلی زۆری لە سەرە، بە تایبەت لەم سەدانەی کۆتاییدا، هەوڵ دە دەین لەم بابەتەدا ئەو گریمانانەی لە ئارادان تاوتوێ بکەین و لەکۆتاییدا بگەینە ئەنجامێک و شیکردنەوە بۆ ڕوداوەکان بکەین .

لە بابەتەکەماندا  سێ گریمانە تاوتوێ دەکەین :

یەکەم : کتێبخانەی ئەسکەندەریە پێش فەتحی ئیسلامی لە ناو چووە .

دووەم : کتێبخانەی ئەسکەندەریە لە فەتحی میصردا لە لایەن موسوڵمانانەوە لە ناو براوە .

سێهەم : کتێبخانەی ئەسکەندەرییە لە ناو نەچوەو هەتا دوای فەتحی ئیسلامیش بەردەوام بووەو هەبوە .


 گریمانەی یەکەم : بەشێک لە مێژوونوسان لە ئەنجامی تاو توێکردنی دەق و ڕوداوەکانی میصر گەیشتون بەوەی کتێبخانەکە پێش فەتحی ئیسلامی لە ناو چوە، چەند ڕووداوێکی گرنگ هەن لەمێژووی میصردا پێش فەتحی ئیسلامی کە هەندێ لە توێژەران دەیکەنە هۆکار بۆ لە ناو چوونی کتێبخانەی ئەسکەندەریە .

  شەڕی ئەسکەندەریە  لە ساڵی ــ ٤٨ ــ پ.ز، ڕویداوە، جەنگێکی خوێناوی بووە، قەیسەر هەستاوە بەسوتاندنی هەموو کەشتیەکانی دوژمن، قەیسەر تەنها باسی سوتاندنی کەشتیەکانی کردوەو باسی سوتاندنی شاری ئەسکەندەریەی نەکردوە، نزیکترین کەس "لوکانوس" خاوەنی هۆنراوەی مەلحەمی جەنگی ناوخۆ، کە لە ساڵی ٦٥، نیرۆن کوشتویەتی، لوکانوس لە وەسفی جەنگی ئەسکەندەریەدا دەڵێت " ئاگر بەربوو بوە کەشتیەکان و ئاگر گواسترایەوە بۆ بەشەکانی تری شار "  هەرلەبارەی جەنگی ئەسکەندەریەوە"سینیكا"  کە لە ساڵی ٦٥ نیرۆن کوشتویەتی دەڵێت " لە جەنگی قەیسەردا چل هەزار کتێب سوتا " ،  لە کۆتایی سەدەی یەکەمی میلادی "بلوترخاس" دەڵێت " کتێبخانەی گەورە تیاچوو لەجەنگی ئەسکەندەریەدا " ، ئولوس جلیوس لەسەدەی دوو دەڵێت : حەوسەد هەزار کتێب سوتان لە وێرانکردنی ئەسکەندەریەدا لە جەنگی یەکەمی ئەسکەندەریە " 

 " ئیسترابوون " کە مەعریفەیەکی زۆری هەبوە سەبارەت بە ئەسکەندەریەو دوای مردنی قەیسەر سەردانی ئەسکەندەریەی کردووە ، لەساڵی ۲٤ ــ ۲۰ پ.ز، ئیسترابوون بەوردی باسی ئەسکەندەریە دەکات، هەر لە پەرستگاو شانۆ و ڕوکارەکانی ئەسکەندەریە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک لە بارەی کتێبخانەی ئەسکەندەریەوە نادوێت و هیچ باس ناکات و لێی بێدەنگە، ئەمەش توێژەرانی توشی سەرسوڕمان کردوە، کە ئایە بێدەنگ بوون لەباس کردنی چارەنوسی کتێبخانەکە موئامەرەبووە؟ یان بەهۆی چاودێری وردی بنەماڵەی یولیوس ‌‌‌/کلودیوس لە ڕۆما ؟ ئەگەری دووەمیان زیاتر ڕێی تێدەچێت. جیاوازیەکانی نێوان هیبارخیس و ئاراتوسنیس، لە ڕووی جوگرافی و  دووری نێوان چەند ناوچەیەک، ئیسترابون لە دژی ڕەخنەکانی هیبارخیس دژی ئاراتوسنیس پشتی ئاراتوسنیس دەگرێت و دەڵێت " ئاراتوسنیس پشت بەستوو بوە بەزانیاری دڵنیاکەر لە لایەن ئەو پیاوانەی سەردانی ئەو ناوچانەیان کردووە، لە بەر ئەوەی کتێبخانەیەکی زەخمی گەورە لەژێر دەستەکانیدا بووە هیبارخیس خۆشی دانی بەگەورەیی ئەو کتبخانەیەدا ناوە کە لە ژێر دەستی ئاراتوسنیس دا بووە  " گومانی تێدانیە ئیسترابون باسی کتێبخانەی گەورەی ئەسکەندەریە دەکات، ئاراتونسیس لە سەدەی سێی پێش زاین ژیاوە، هیبارخیس سەدەی دوو ژیاوە، ئیسترابوون لە سەدەی یەک ژیاوە، لەسەردەمی ئیسترابووندا کتێبخانەی مەلەکی بوونی نەبووە، بۆیەزۆرینەی دەسنوسەکانی نەدیوە .

 بە پێی ئەو دەقانەی لە بەر دەستان کتێبخانەی ئەسکەندەریە لە کەنار بەحرابوەو ئاگری گرتوەو سوتاوە، لەساڵی ٤٨ پ.ز .

 لەدوای سوتاندنی کتێبخانەی ئەسکەندەریە ــ کتێبخانەی مەلەکی ــ کتێبخانەی کوڕ کتێبخانەی سەرەکی بووە لە ئەسکەندەریەدا. پەرستگای هاوبەش پەرستان پارێزراوبوون و پیرۆزیان لە دەست نەدا، بەڵام کاتێک مەسیحیەت بووە ئاینی ڕەسمی دەوڵەت پیرۆزی پەرستگاکان کەوتنە بەر هەڕەشە، بە تایبەت لە سەردەمی سیۆدیسوس ۳۷۹ ــ ۳۹٥ ، حەملەیەکی دژی هاوبەشدانەران و پەرستگاکانیان ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی ئیمپراتۆریەتدا، لە قۆناغێک لە قۆاغەکانی جێبەجێ کردنی ئەم سیاسەتەدا، ئەسکەندەریە خاوەنی ئەسقەفێکی توندوتیژو دەمارگیربوو بەناوی سیوفیلوس، سیوفیلوس داوای گۆڕینی پەرستگای دیونیسوس بۆ کەنیسە، ئەم پەرستگایە پەرستگایەکی زەخم و گەورە و بەرز بووە، هەر بۆیە زۆربەی مێژوو نوسەکان بە قەڵای ئەسکەندەریە ناویان بردووە.

 سیوفیلوس داوای لە والیەکانی میصرو سەرکردەی سەربازی ئیمپراتۆریەت کرد، یارمەتی سەربازی پێشکەش بکەن بۆلێدان لە سرابیۆن، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون یارمەتی بدەن، بەبێ پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئیمپراتۆر.

 ئیمپراتۆر سیودیسیوس پشتیوانی سوفیلوسی کرد لەساڵی ۳۹۱ ز، وە بڕیاری وێرانکردنی پەرستگای دیونیسوسی دەرکرد، لە بەردەم خەڵکدا بڕیارەکەی ئیمپراتۆر خوێنرایەوە، سوفیلوس سەرکەوتە سەر، بۆ نێو پەرستگاکەو بۆ خۆی یەکەم لێدانی لە پەیکەری خودای سرابیس دا، لایەنگران و شوێنکەوتوانی دەستیانکرد بە وێرانکردنی پەرستگاکەو وێرانیان کرد، لە کۆتاییدا سوفیلوس داوایکرد لە جێگاکەیدا کەنیسەیەک درووست بکرێت، کتێبخانەی سرابیۆنیش لەگەڵ وێرانبوونی پەرستگاکەدا تیاچوە، بەڵام هەندێک لە توێژەران پێیان وانیە کتێبخانەکە لەگەڵ پەرستگاکەدا تیاچوبێت، بەڵام بۆخۆشبەختی دەربارەی ئەو ڕوداوە دان پیانانی چەند نوسەرمان لە بەردەستە کە ڕوداوەکەیان دیوە، یاخود هاوسەردەمی ئەو ڕوداوە ژیاون، یاخود ژیانیان نزیک بووە لە ڕوداوەکەوە کە دەڵێن پەرستگاکە بە تەواوی وێرانکراوە. بۆ نمونە سیودوریت دەڵێت: پەرستگاکە وێرانکراوە لە بناغەوە، یەکێکی تریان دەڵێت بەناوی یونابیوس، سوفیلوس و شوێنکەوتوانی هەستان بەوێرانکردنی پەرستگاکە، چوارچێوە بەردینەکانی بە هۆی گەورەییانەوە نە توانرا بجوڵێنرێن، بەڵام بە گشتی هەموو بەشەکانی وێرانکراو لە ناو بران. 

 بەڵام هێشتا لایەنگرانی ئەو بۆچونەی پێیان وایە  لە هەڵمەتی وێرانکردنی پەرستگای دیونیسوس، کتێبخانەی سرابیون تیانەچوە پێیان وانیە ئەم دەقانە گوزارشت بێت لە لە ناوچونی کتێبخانەکەش، ئافسونیوس سەردانی ئەسکەندەریەی کردووەو کتێبێکی بەناوی وێنای قەڵای ئەسکەندەریەوە داناوە، کە مەبەستی پەرستگای سرابیونە،  لە نێو  وێناکانیدا دەر بارەی پەرستگاکە دەڵێت: چەند بەشێکی هەبوو، هەندێکیان کتێبیان تێدابوو، ئەو کەسانەی خۆیان یەکلا کردبوەوە بۆ زانست بە کاریان دەهێنا، ئەوەش وایکردبوو شارەکە لە پێشەوەی ئەهلی فەلسەفەدا بێت، وەهەندێکی بۆ پەرستنی خودای دێرین بوو.

 ئەم وێناکردنەی ئافسونیوس جەدەلێکی توندی دروستکردووە، ئەوانەی پێیان وایە کە کتێبخانەکە تێداچوە لە ڕوداوەکانی ساڵی ۳۹۱، پێیان وایە سەردانەکە پێش ئەوساڵە بووە، لایەنی بەرامبەر کەپێیان وایە کتێبخانە بەردەوامی هەبووە پێیان وایە سەردانەکە لە دوای ڕوداوەکەی ساڵی ۳۹۱ بووە، بەداخەوە زانیاریەکی وا لە بەردەستا نیە دەربارەی ژیانی ئافسونیوس، هەندێک لە توێژەران تێبینی ئەوەیان کردووە، ئافسونیوس لە وێناکردنەکانیدا کرداری ڕابردووی بەکارهێناوە، کاتێک دەڵێت جێگا هەبوون بۆهەڵگرتنی کتێب و جێگا هەبوو، بۆ پەرستنی خودای دێرین، ئەم وێناکردنە ناگونجێت وێنای پەرستگاکەبێت لەدوای وێرانکردنکەی سوفیلیس لەساڵی ۳۹۱، لە لایەکی تریشەوە پەرستنی خودای دێرین لە دوای ئەو ڕووداوە کارێکە لەگەڵ عەقڵدا ناگونجێت، بەپێی ئەم لێ هەڵێنجانانە بێت، ئافسونیوس سەردانی ئەسکەندەریەی کردووەو کتێبخانەی دیوە لەگەڵ جێی تایبەت بۆپەرستنی خودایانی دێرین لە پەرستگاکەدا پێش ڕووداوی ۳۹۱.

 بۆ پاڵپشتی ئەم خوێندنەوەیە ئەتوانین بگەڕێینەوە بۆوێناکردنێکی ڕوفینوس کە خۆی ڕووداوەکانی ۳۹۱ دیوە، لە بارەیەوە نوسیویەتی لەساڵی ۳۹۹، بەهەمان شێوەی ئافسونیوس کرداری ڕابردوو بەکار دێنێت کاتێک باس لە پەرستگاکە دەکات پێش وێرانکردن، دەڵێت: تێیدا بوو پەیکەری گەورەی خواوەند سیرابیس. 

 وە جەنگ دژی کتێبە کۆنەکان و کتێبخانەکان تەنها لە ئەسکەندەریەدا نەبووە بەڵکو لە ناوچەکانی تری ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆردا بوونی هەبووە، لە ساڵی ۳٦٤ ئیمپراتۆر جوفیان هەستا بەسوتاندنی کتێبخانەی پەرستگای تراجانوم لە ئەنتاکیە، وە سەیر نیە مێژوونوسی وەسەنی مارقلینوس دەڵێت: کەسانێک هەبوون لە ڕۆما ڕقیان لە زانست بوو وەک ڕقبون لە ژەهر. هەروەها دەڵێت: دەرگای کتێبخانەکانیان داخست بۆهەمیشە وەک سەرقەبرانەکان.

 لەم شیکردنانەوە بۆمان ڕووندەبێتەوە کتێبخانەی کوڕیش لە ڕووداوی وێرانکردنی پەرستگای دیونیسوسدا لەناو چوە لە ساڵی ۳۹۱ ز . (المكتبة الاسكندرية، ص ۱۳٥ ـ ۱٥٥، پوختم کردۆتەوە)

 

 گریمانەی دووهەم : کتێبخانەی ئەسکەندەریە لە فەتحی میصردا سوتێنراوە.

 

 لە ساڵی ٦٤۲ ز ــ ۲۱ هـ ،  لەسەر دەمی خەلیفە عمری کوڕی خەتتاب، بە سەرکردایەتی عەمرو بن عاص میصر فەتح کرا، عەمری کوڕی عاس نامەیەک دەنێرێت بۆ عومەری کوڕی خەتاب، دەربارەی کتێبخانەی ئەسکەندەریە، عومەری کوڕی خەتاب لە وەڵامدا بۆی دەنوسێت: ئەوکتێبانەی باستکردوون، ئەگەر لەگەڵ کتێبی خوادا ــ قورئان ــ دەگونجێت و ڕێکە لەگەڵی ئەوا کتێبی خودا دەوڵەمەندەو پێویست نین، ئەگەریش ناڕێک و پێچەوانەیە بە کتێبی خودا، ئەوا پێویستمان پێیان نیە، پێشنیاری لەناوبردنی بۆکرد.

 عەمری کوڕی عاص هەستا بەدابەشکردنی کتێبەکان بەسەر حەمامەکاندا هەتابیان سوتێنن ، دەسنوسەکان ۷۰۰ هەزار دەسنوس بوون دابەشکران بەسەر ٤ هەزار حەمامدا بەپێ گێڕانەوەی ابن العبری ، بۆماوەی شەش مانگ بەردەوام بوون لەسوتاندنی کتێبەکان .(الموسوعة البيان،قسم القران، ج۳، جزء ٥، ص ۹۲ـ۹۳)

 چیرۆکی سوتاندنی کتێبخانەی ئەسکەندەریە هەریەکە لە " عبداللطيف البغدادي ، ٦٤۹ هـ ، ۱۲۳۱ ز ، مردووە " ،هەروەها "ئیبن القفطي ، ٦٤٦ هــ ، ۱۲۲۷ ز ، مردوه " ، هەروەها "ئیبن العبری ، ٦٨٥ هــ ، ۱۲٨٦ ز ، مردووە " باسیان کردووە، هەرچی لە دوای ئەوان باسیان کردبێت لە وانیان وەرگرتوە، ئەوەی لە لای مێژوونوسان و موحەقیقەکان جێگای سەر سوڕمانە باسکردنی ڕووداوەکەیە لە دوای شەش سەدە لە ڕوودانی، بەبێ ئەوەی پێشتر باسكرابێت و بەشێوەیەکی کتوپڕ سێ کەس نزیک لە یەک لە ڕووی ژیان و سەردەمیانەوە باسی دەکەن.

 دەتوانین بە چەند خاڵێک هەڵسەنگاندی موحەقیقەکان بخەینەڕوو .

 * ڕەخنەکانی ئەلفرێد بوتلەر :

ٲ ــ حەنا فلبیوتس کە گڤتوگۆکەرە لە فەتحی ئەسکەندەریە لەگەڵ عومەری کوڕی خەتاب، پێش فەتح ژیاوەو پێش فەتح مردووە.

ب ــ کتێبەکانی ئەوکاتە زۆرینەیان لە سەر پێستە نوسراون، پێستەش گونجاو نیە وەک سوتەمەنی بەکاربهێنرێت.

ج ــ بۆچی عومەر لە شوێنێکدا کۆی نەکردەوەو نەیسوتاند؟ بۆچی ئەو هەموو تێچوە بهێنێتە سەر خۆی؟ تێچوی گواستنەوەو گرتنی چوار هەزار حەمام و بەردەوامی کارەکە بۆماوەی ۱٨۰ ڕۆژ! ئەمانەش هێندە لە چیرۆکێکی خورافی دەچن هیندە لە واقیع ناچن.

د ــ لە دوای پێنج سەدەو نیو لە فەتحی ئەسکەندەریە ئەم چیرۆکە باس دەکرێت بە بێ سەنەدوو سەرچاوەیەکی مێژوویی کە؟لێوەیان نەقڵ کردبێت! (عبقرية عمر، ص ۱٨۱ــ ۱٨۲)

گوستاڤ لوبون دەڵێت: چیرۆکی سوتاندنی کتێبخانەی ئەسکەندەریە دروستکراوەو کارێکی بەڕبەڕیە لەگەڵ کلتوری عەرەب نایەتەوە، وە ئەم چیرۆکە لەم زەمانەی ئێستاماندا پوچێتی سەلمێنراوەو پێویست ناکات بگەڕێینەوە بۆ توێژینەوە لە سەری، وە هیچ شتێکیش لەوە ئاسانتر نیە بە بەڵگەی ڕوون، کە مەسیحیەکان کتێبەکانی هاوبەشدارانیان لە ئەسکەندەریە سوتاند پێش فەتحی عەرەبی، هەموو پەیکەرەکانیان تێک شکاندو شتێک نەما نەیسوتێنن. (حضارة العرب، ص ۲۱۳)

مێژوو نوس پاوڵ  کازانۆڤا دوای ئەوەی هەمان ڕەخنەکانی بووتلەر دەگرێت و دەڵێت دوای شەش سەدە ڕووداوێک باسبکرێت بەبێ سەندوو سەرچاوەو بەو شێوەیە ڕووداوێکی خەیاڵاوی و خورافەیە ، هەروەها دەڵێت : ئەگەر وەک ئیبن نەدیم دەڵێت یەحیا نەحەوی ژیاوە هەتا دوای فەتح و لەگەڵ عومەردا گفتوگۆی کردووە گ، بەڵام نابینین هیچ باسێک لەبارەی کتێبخانەی ئەسکەندەریەوە بکات ، ئەم چیرۆکەخورافیەی ئیبن قفطي لەو چیرۆکە خورافیانەیە کەلەسەردەمەکەیدا باو بووە.(عبقرية عمر، ص ۱٨۲)

عبدالرحمن بدوی دوو بەڵگە دێنێتەوە کە تاڕادەیەکی زۆر دڵنیامان دەکات، کە یەحیا نەحەوی لە سەر دەمی فەتحی میصردا نەژیاوە، بەدەوی لەنێو کتێبەکانی یەحیا نەحەوی دوو بەروار دەر دێنێت، کە بابەتەکە یەکلا دەکەنەوە.

یەکەم: یەحیا نەحەوی خۆی لە کتێبی(فی قدم العالم ضد ابرقلس، ص٥۷۹ س ۱٤ من نشره Raabe)، دەڵێت:ئەم کەلامەم لە ساڵی ٥۲۹م. نوسیوە، نەحەوی مێژووەکەی بە بە پیت نوسیوە نەک بە ژمارە، هەتا ڕێگە بگرێت لەهەر گۆڕانکاری و تێکچونێک.

دووەم: یەحیا نەحەوی لەو شەرحەی بۆ (السماع الطبيعی)، ئەرستۆ، کردوویەتی دەڵێت: لە ۲۰ مایۆی ٥۱۷م، نوسیویەتی.(شرح السماع الطبيعي، ص ۷۰۳).

هەر بۆیە عبدالرحمن بدوی دەڵێت: بەهیچ شێوەیەك نەحەوی پێی نەناوەتە سەدەی حەوتی میلادی و تێیدا نەژیاوە.(موسوعة الفلسفة،ج ۳، ص ۳۷۰ـ۳۷۱)

ئەگەر لە ساڵی ٥۱۷ یەحیا نەحەوی تەمەنی ۲۰ ساڵ بووبێت، لە کاتی نووسینی شەرحەکەی بۆ کتێبی السماع الطبیعي، ئەوا دەبێت لەکاتی فەتحی میسردا تەمەنی نزیکەی ۱٤٥ ساڵ بووبێت! ئەمە لە کاتێکدا یەحیا نەحەوی تەمەنی زۆر زیاتر بووە، بەپێی توێژینەوەی کڕۆڵ kroll، یەحیا نەحوی لەساڵی ٤۷۰ لە دایك بووە.(موسوعة الفلسفة، ج۳، ص ۳۷۱) ئەگەر ئەم ڕایە ڕاست بێت، ئەوا یەحیا نەحەوی لە ساڵی ٦٤۲، تەمەنی ۱۷۲ ساڵ بووە! بۆیە بەڵگەکان دەر خەری ئەوەیە یەحیا نەحەوی لە سەر دەمی فەتحی میصر نە ژیاوە.

شیکردنەوەکانی بێرنارد لویس 

ئاسیبوو ڕینادو لەساڵی ۱۷۳۱، هەستاوە بەڕەخنەکردنی چیرۆکەکەو دەڵێت چیرۆکەکە مەوسوق(باوەڕپێکراو) نیەو پشتی پێنابەسرێت، هەروەها ئیدوارد جیبۆن ڕەخەی چیرۆکەکە دەکات و لەبەر دووهۆکار ڕەتی دەکاتەوە:

یەکەم : دوای شەش سەد ساڵ باسکراوە.

دووەم : پێچەوانەیە لەگەڵ ئەخلاقی عەرەبەکان کەپێشتر دیومانن.

دواتر ئەلفرێد بوتلەر لەساڵی ۱۹۰۲، وە ڤیکتۆر شاوڤین لەساڵی ۱۹۱۱، وە هیجینیۆ گریفینی لەساڵی ۱۹۲۳ ڕەخنەیان لێ گرتووە،  هاودژیەکانی چیرۆکەکەو واقیع ئەوەمان پێدەڵێت ناگونجێت ڕووی دابێت.

بێرنارد لویس دەڵێت: ئیبن خەڵدون لە سەدەی ۱٤ چیرۆکێکی هاوشێوە دێنێت، بەڵام لە جێگەی کتێبخانەی ئەسکەندەریە باسی کتێبخانەیەک لە وڵاتی ئێران دەکات،کە بە ئەمری عومەری کوڕی خەتاب سوتێنراوە، ئەمەش و ئەوەی ئەسکەندەریەش هیچ نین جگە لە فۆلکلۆرێکی شەعبی کەهیچ بنەماو ئەساسێکی نیە.

بێرنارد لویس دەڵێت: ئەگەر ئەوە قبوڵ بکەین کە کتێبخانەی ئەسکەندەریە عەرەب سوتاندویەتی، ئەی چۆن ئەوە شی بکەینەوە کە نەک لە سەرچاوە عەرەبی و ئیسلامیەکاندا باسی ئەم ڕوداوە نەکراوە کە هاوسەردەمی ڕووداوەکەبوون، بەڵکو لە سەرچاوەکانی کەنیسەی قیبتی و کەنیسەکانی تریشدا نەهاتوە، تەنانەت لە سەرچاوەی بێزەنتی و یەهودیەکانیشدا نەهاتوە، ئایە ئەگەر ڕووداوێک بەو گەورەییە ڕویدابوایە نەدەبوو یەکێک لەو سەرچاوانە ئاماژەیەکی پێبکەن؟ ئایە ئەوە بەڵگەی ئەوە نیە ئەو چیرۆکە تەنها ئەفسانەیەکە؟

بێرنارد لویس دەپرسێت لە کاتێکدا زانایانی غەرب ئاوا ئەو چیرۆکە ئەفسانەییەیان لەبەریەک هەڵوەشاندو پوچێتیان خستەڕوو، ئەی بۆچی لە سەر دەستی موسوڵمانان ئەوچیرۆکە ئاوا دانراوەو برەوی پێدراوە؟ بۆوەڵامی پرسیارەکەی دەچێتە لای مێژوونوس "پاوڵ کازانوڤا" پاوڵ کازانوڤا دەڵێت: چیرۆکەکە لە کۆتاییەکانی سەدەی دوانزەو سەرەتاکانی سەدەی سانزە، بەدیاریکراوی لە سەردەمی سەڵاحەدینی ئەیوبیدا، سەڵاحەدین، ناوبانگی دەرکردبوو نەک تەنها لەبەر سەرکەوتنەکانی بەسەر خاچ هەڵگراندا، بەڵکو بەهۆی سەرکەوتنەکانی بەسەر دەوڵەتی فاتمیی و مەزهەبی ئیسماعیلی کە مەترسی بوو بۆیەک پارچەیی دەوڵەتی موسوڵمانان. عبداللطيف بغدادي زۆر سەرسامی سەڵاحەدین بوەو لە قودس سەردانی کردووە، وەهەروەها ئیبن القفطي شوێن کەوتەی سەڵاحەدین بووەو قازی بووە.

سەڵاحەدین یەکێک لە کارەکانی ڕوخاندنی ژێرخانی فکری مەزهەبی ئیسماعیلی بوو، سەڵاحەدین کتێبەکانی مەزهەبی ئیسماعیلی لە ناو بردوو سوتاندنی، سوتاندن و لە ناوبردنی کتێبەکانی مەزهەبی ئیسماعیلی کارێکی هەروا ئاسان نەبووە، لە لایەن زانایانەوە ئەگەری وەڵامدانەوەی توند هەبوو، بۆ ئەوەی کارەکە هەندێک هێواش ببێتەوەو زۆر قورس نەکەوێت، هەستان بە دروستکردنی ئەم ئەفسانەیە، کەسێکیشیان هەڵبژار خەڵکی وەکو سەرچاوەی ڕێزو دادپەروەری تەماشای بکەن، چ کارو کردەوەیەکیش لە سونەت و کاری خەلیفەی داد پەروەر عومەری کوڕی خەتاب باشترە؟ ئەو کارەیشی سەڵاحەدین دەیکات زیندوو کردنەوەی کارێکە کە پێشتر خەلیفەی داد پەروەر عومەری کوڕی خەتاب ئەنجامی داوە، وە کارەکەش کارێکی پاڵەوانانەیە، نەک کارێکی بەڕبەڕیانە.(تدمير العرب لمكتبة الاسكندرية: تشريح الاسطورة. برنارد لويس،  ترجمە. عمر جاسم، لە خوارەوە لینکی بابەتەکە هەیە)


ئایە ئەم خوێندنەوەیەی پاوڵ کازانۆڤا تا چ ڕادەیەک ڕێی تێدەچێت ؟ بۆوەڵامی پرسیارەکە پێویستە بزانین کە ئایە سەڵاحەدین کتێبەکانی مەزهەبی ئیسماعیلی سوتاندوە ؟ بەپێی کتێبی سەڵاحەدینی ئەیوبی لەنوسینی د.علی محمد الصلابی ، سەڵاحەدین لەدوای گرتنی میسر هەستا بە لەناوبردنی گەنجینەکانی کۆشکی فا‌طمی و هەندێکیشی بەدیاری نارد بۆ نورەدین زەنگی و بڕێکیشی بۆ خەلیفەی عەباسی و پاشماوەکەشی دانا بۆفرۆشتن بەشێوەیەک کە ئەم فرۆشتنە دە ساڵی خایاند ، پاشان بەدەست ڕێبوارانی هاتوو ڕۆشتوەوە گوێزرایەوە بۆ وڵاتانی تر ، هەروەها دەستی گرت بەسەر کتێبەکانی بانگەوازی ئیسماعیلیدا کە لەکتێبخانەی کۆشکی فاطمیەکاندا هەبوو ، هەستا بەسوتاندن و فڕێدانی لە کێوی مقطم دا ، پاشان کتێبە نامەزهەبیەکانی تری بەخشیەوە بەسەر گەورە زانایان و لایەنگرانی دەوڵەتەکەیدا وەکو عماد ئەسفەهانی و قاضی و فاضل و ئەبی شەمامەی ئەسفەهانی ، ئەمەش دووپاتی دەکاتەوە کەمەبەستی سەڵاحەدین تەنها سوتاندنی کتێبەکانی بانگەوازی شیعەبووە ، ئاشکراشە کە کتێبەکانی بانگەوازی ئیسماعیلی لە گرنگترین ئەو هۆکارانە بوون کە بانگخوازە فاتمیەکان بەکاریان دەهێنا بۆ برەودان بەبانگەوازەکەیان ، دەسەڵاتدارانی ئەیوبیش بەجۆرێک ئەو کتێبانەیان سوتاند کە لە سەرچاوەکانی بانگەوازی ئیسماعیلی تەنها ئەو کتێبانە مانەوە کە لایەنگرانی فاتمیەکان لە یەمەن و هنددا پاراستبویان پاش ڕوخانی دەوڵەتەکەیان لە میصردا. (صەڵاحەدینی ئەیوبی، ل ۲۲٥)

ئەگەر ئەوەی صەلابی دەیڵێت ڕاست بێت ، ئەوا لێکدانەوەکەی پاوڵ کازانوڤا بەڕادەیەکی زۆر لێکدانەوەیەکی مەعقولەو ڕێی تێدەچێت . 


گریمانەی سێهەم : کتێبخانەکە پاش فەتحی ئیسلامیش بەردەوام بووە .

ماکس مایەرهۆف هەڵگری ئەم ڕایەیەو دەڵێت: قوتابخانەی ئەسکەندەریە هەر بوەو بەردەوام بووە دوای فەتحی ئیسلامی، وە تاکە قوتابخانەیەکی یۆنانی ڕووت بووە، ماوەتەوە. 

ماکس مایەرهۆف دەڵێت ئەگەر بچویتایەتە مزگەوتێک لەو مزگەوتانەی دەرزو دەوریان تێدا دەبەسترا، خوێندکار بەشێک لەکتێبی سەرەکی بەدەستەوە بوو دەیپرسی و مامۆستا هەڵدەستا بەوەڵامدانەوەو شیکردنەوەی.

ماکس مایەرهۆف چەند دەقێک بەبەڵگە دەهێنێتەوە کە کتێبخانەی ئەسکەندەریە نەسوتێنراوەو ماوەتەوە:

 دەقی یەکەم:  وەری گرتوە لەکتێبێکی ونبوی  فارابی ، " دەربارەی دەرکەوتنی فەلسەفە، دوای دەرکەوتنی ئیسلام لە ئەسکەندەریەوە بۆ ئەنتاکیە ئەوەی مابێت مامۆستایەک بوو، لەو مامۆستایەوە دوو پیاو فێربوون، یەکێکیان خەڵکی حەڕان بوو، ئەوی تریان خەڵکی مڕو بوو، لە پیاوەکەی مڕو دوان فێربوون ئەوانیش ئیبراهیم المروزی و یوحەنا ابن حیلان بوو ، وە لە پیاوەکەی حەڕانەوە هەریەک لە ئیسرائیل ئەسقەف و  قویری فێربوون، ئیسرائیل خەریک بووە بە ئاینەوە، وە قویری بە فێربونەوە، بەڵام یوحەنا بن حیلان بەئاینەوە خەریک بوو بەهەمان شێوە، ئیبراهیم المروزی هاتە بەغداو لێیەوە، متی بن یونان فێر بوو، وە فارابی خودی خۆی لە یوحەنا بن حیلانەوە فێربووە."


دەقی دووەم: لەمەسعودی وەری گرتووە پوختەی دەقەکە ئەوەیە " لەسەردەمی عومەری کوڕی عبدالعزیز فێربوون لە ئەسکەندەریەوە گوێزرایەوە بۆ ئەنتاکیە، پاشان بۆحەڕان گوازرایەوە لەسەردەمی موتەوەکیلدا " ، پاشان هەمان وتەکانی فارابی بەکەمێک دەسکاریەوە دادەنێتەوە مسعودی.


دەقی سێهەم : لە ئیبن ٲصیبعه دەهێنێت، کەئەویش لە پزیشک عبدالملك بن ٲبجر الکنانی کە لەئەسکەندەریە فێری پزیشکی بوەو لە سەر دەستی عومەری کوڕی عبدالعزیز موسوڵمان بووە، لەساڵی ۹۹ کۆچی تەدریس گوێزرایەوە بۆ ئەنتاکیەو پاشان بۆحەڕان .

ماکس مایەرهۆف خودی خۆی گومانی لەدەقی سێهەم هەیە، لە کاتێکدا لە دوو دەقەکەی تر دڵنیایەو پێی وایە بە سەلامەتی کتێبخانەی ئەسکەندەریە گوازراوەتەوە بۆ ئەنتاکیە، بەهۆی لە دەستدانی بایەخی ئەسکەندەریەوە لە دوای فەتحی ئیسلامی،  چونکە وەک پایتەختی دەوڵەت نەمایەوە، وە گواستنەوەی بۆ ئەنتاکیە لە بەر ئەوە بوو ئەنتاکیە چەقی ڕۆشنبیری یۆنانی بوو، وە سنوری هەردوو ئیمپراتۆریەتی بیزەنتی و ئیسلامی بوو، گواستنەوەی دەستنوسەکان ئاسان بوو لەئاسیای بچوکەوە.

قوتابخانەکە لە ئەنتاکیە مایەوە هەتا ۱۳۰ ــ ۱٤۰ ساڵ تەقریبەن، پاشان گوێزرایەوە بۆ حەڕان، مەرکەزێکی گرنگ بوو لە مەرکەزەکانی ڕۆشنبیری یۆنانی، لە سەردەمی خیلافەی موتەوەکیل دا لەگەڵ دوو خوێندکار لە قوتابخانەی ئەنتاکیە یەکێکیان سابیئی و ئەویتریان نەسرانی گوێزرایەوە بۆحەڕان، بۆماوەی چل ساڵ لەوێ مایەوەو پاشان گوێزرایەوە بۆ بەغداد. (نشٲة الفكر الفلسفي، ص ۱۰٤ـ ۱۰۷)

ئەوە بۆچونی ماکس مایەرهۆفە، لەم بۆچنەی مایەرهۆف ئەگەر ڕاستبێت دەرخەری ئەوەیە موسوڵمانان کتێبخانەکەیان نەسوتاندووە .


سەرچاوەکان 

  موسوعة البيان،نخبة من كبار علماء، دار نهضة،۲۰۱۲.

 مكتبة الاسكندرية القديمة سيرتها و مصيرها ، مصطفی العبادي ، ۱۹۹۲ ، يونسكو .

 موسوعة الفلسفة، عبدالرحمن البدوي،۱٤۲۷،الناشر ذوي القربی،مطبعة.سليمانزاده.

  حضارة العرب ، غوستاف لوبون ، ترجمة .عادل زعتير ، دار بيبليون باريس .

 عبقرية عمر ، عباس محمود عقاد ،دار نهضة مصر ، طبعة العاشرة ، ۲۰۰٦ .

 نشٲة الفكر الفلسفي ، علي سامي النشار ، دار سلام ، ۲۰۰٨ .

 صەڵاحەدینی ئەیوبی ، علی محمد صلابی ، و.جەمیل قادر ، دار فکر ، بیروت ، ۲۰۰٨ . 

 تدمير العرب لمكتبة الاسكندرية : تشريح الاسطورة . برنارد لويس ،  ترجمە . عمر جاسم 

https://www.google.iq/amp/s/omarjasim.org/2013/09/13/قصة-تدمير-العرب-لمكتبة-الاسكندرية-تشر/amp/



No comments:

Post a Comment

 دووفاقیەکانی مەریوان وریا قانع  (ئازادیی ڕادەرڕین و جێندەر) ئاڤار قەرەداغی مەریوان کەسێکە خۆی زۆر پێخوێنەوارە، بەردەوام هێرش دەکاتە سەر مو...