مەعریفەی مەریوان وریا قانع لەسەر ئیسلام
مەریوان وریا قانع کەسێکی کۆڵەوارە و مەعریفەیەکی کەمی بە ئیسلام و توراسی ئیسلام هەیە، زۆر ناڕۆم لەسەری، تەنها یەک نمونە. وەرەگرین و لە دەرفەتێکدا وردتر دێمەوە لای مەریوان.
مەریوان دەڵێت: سەدەی بیستەم لە دونیای موسوڵماناندا سەدەی گۆڕانی ئیسلامە، لە دینەوە بۆ ئایدۆلۆژیا. ئەم گۆڕانەش لە دوو ئاستدا بەرجەستە دەبێت.
یەکەمیان لە ئاستی پەیوەندیی ئیسلام بە ئەخلاقەوە، دووهەمیان لە ئاستی پەیوەندیی ئیسلام بە سیاسەتەوە. لە یەکەمیاندا ئیسلام لە دینەوە، واتە لە کۆمەڵێک بیروڕا و سرووت و ئاکاری پەیوەست بە خواپەرستییەوە، دەگۆڕێت بۆ ئایدۆلۆژیایەکی ئەخلاقیی گشتگیر و هەمەلایەن. لە چالاکییەک کە بە خواپەرستییەوە پەیوەستە و لە هەندێک ئاستیشدا ناکۆکە بە گرنگیدان و خۆخەریککردن بە دونیاوە، دەگۆڕێت بۆ سیستەمێکی ئەخلاقیی هەمەلایەن کە دەیەوێت سەرجەمی ژیانی دونیایانەی ئینسان بەڕێوە ببات. لەم ئاستەدا ئیسلام لە دینەوە دەگۆڕێت بۆ دین و دونیا، لە پەیوەندیی نێوان خودا و ئینسانەوە دەگۆڕێت بۆ پەیوەندیی نێوان ئینسان - ئینسان و ئینسان - کۆمەڵگا.
گۆڕانی دووهەم: بریتییە لە گۆڕانی ئیسلام لە مەسەلەی باوەڕدار و خواپەرستییەوە بۆ ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی. لە ڕاستیدا ئەوەی بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئیسلامدا باسی ئەوە دەکات کە لە یەک کاتدا هەم دینە و هەم دەوڵەت؛ حەسەن بەننای دامەزرێنەری بزووتنەوەی ئیخوان موسلیمینە. بەر لە حەسەن بەننا کەس باسی لەوە نەکردووە کە ئیسلام هەم دینە هەم دەوڵەت، واتە کەس نەیوتوە ئیسلام باوەڕێکی دینی و ئایدۆلۆژیایەکی سیاسییە لە یەک کاتدا. هەموو خوێنەرێکی ئەم بوارە دەزانێت، نە لە قورئان و نە لە حەدیسدا دەستەواژەی دەوڵەت نەهاتووە. (دین و دونیا، ل ٨۷ ـ ٨٨)
هەر کەسێک جارێک قورئانی خوێندبێتەوە دەزانێت بەشێکی ئایەتەکانی قورئان باسکردنە لە دونیا و پەیوەندیی نێوان مرۆڤ - مرۆڤ، مرۆڤ - کۆمەڵگا، ئەمرکردن بە چاکە و ڕێگری لە خراپە، ڕاوەستان دژی ستەمکاران و پشتگرتنی لاوازان و... بەیانکردنی پەیوەندیی خێزانی و ئەرک و مافەکانی نێوانیان... ئەمە جگە لەوەی حەدیسیش زۆر فراوانتر باسیان لە پەیوەندییەکان کردووە، هەر لە لەخەوهەستانەوە هەتا خەوتن دەقمان هەیە، نزامان هەیە بۆ زۆرینەی ساتەکان، تەنانەت سەرجێیی و خەویش هەر چاکەن و عیبادەتن لە ئیسلامدا، بۆیە وێناکردنی ئیسلام و کورتکردنەوەی تەنها لە پەرستشەکان ڕوانینێکی نابابەتی و بێئاگاییانەیە، چونکە لە قورئان و فەرموودەدا هەر لە جەنگ و جیهاد و دیل و خێزان و هەموو توێژ و لایەنەکان باس کراون، بۆیە وتەکانی مەریوان زۆر کۆڵەوارانەیە و دەرخەری بێئاگاییەتی لە قورئان و حەدیس و توراسی ئیسلامی.
هەڵوێستەی دووهەممان لەگەڵ مەریوان پەیوەندیی نێوان سیاسەت و دینه لە ئیسلام، کاتێک مەریوان دەڵێت پێش حەسەن بەننا کەس نەیوتوە ئیسلام هەم دینە هەم سیاسەت. لێرەیشدا دووبارە دەیسەلمێنێت چەنێک بێئاگایە لە توراس و فکری ئیسلامی، چەنکە لە مێژووی ئیسلامیدا دەیان کتێب نووسراون لەسەر ئەو بابەتە، هەر لە ئەحکام سوڵتانیەی ماوەردی و فەرائەوە، هەتا سیاسە شەرعیەی ئیبن تەیمیە ... سەیرەکەیش ئەوەیە مەریوان سەرەتای کتێبەکەی وتەیەکی نیزام ئەلمولکی داناوە لە سەرەتای کتێبەکەیدا. کەچی نیزام ئەلمولک لە پێشەکیی کتێبەکەیدا دەڵێت دین و دونیامان دەبێت بەپێی فەرمان و شەرعی خوا بچێت بەڕێوە، دوای ئەوەی خوا موڵکی پێ داین، نابێت بەپێچەوانەی شەرع و فەرمانی خواوە کاروبارەکان بڕۆن.
ئەمە جگە لەوەی چەندین کەس هەر دوای بڵاوبونەوەی کتێبەکەی علی عبدالرزاق (الاسلام والاصول الحکم) وەڵامیانداوەتەوە، لە نێویاندا، محمد طاهر بن عاشور، لە ساڵی( ۱۳٤٤، ۱۹۲٦ میلادی) ، وەڵامی علی عبدالرزاقی داوەتەوە، واتە پێش ئەوەی حەسەن بەننا ئیخوان دروست بکات.
دواتر کە دەڵێت وشەی دەوڵەت لە حەدیس و قورئان نەهاتووە، ئەمەیش دیسان کۆڵەوارییە پێت وابێت مادەم دەوڵەت نەهاتووە (بە چاوپۆشی لەوەیش کە خودی چەمکەکە نوێیە) مانای وا نییە شەرع باڵادەست و حاکم نەبووە لە مێژووی موسوڵماناندا.
وائیل حەلاق دەڵێت: هەتا سەرەتای سەدەی ۱۹ و بە درێژایی دوانزە سەدە، یاسای ئەخلاقی ئیسلامی، ناسراو بە شەریعەت باڵادەست و ڕێکخەری کۆمەڵگا بوو، سیستمێکی ناوەندی بوو بۆ هەموو چوارچێوە گشتی و باڵاکان. (دولة مستحیلە، ۱۹)
بۆیە مەریوان زۆر سادە و ساکارانە دەڕوانێت و مەعریفەیشی کەمە لەو بارەیەوە.
ئاڤار_قەرەداغی