Tuesday, 15 August 2017

سیانەی پیرۆز !

ئیلحاد لەتەرازودا - 7-
ئاڤار قەرەداخی

کۆنگرەی مسکۆنی – نیقیە
دوای ئەوەی ئازادیان وەرگرت مەسیحەکان لەنێوان خۆیاندا بون بەچەند بەشێکەوە سەبارەت بەکەسێتی حەزرەتی عیسا ، قوستەنتینی گەورەش بڕیاری دا لەساڵی (325) کۆنگرەیەکی گەورە ببەستێت بۆ ئەسقوف و بەتریاکەکان ، ھەتا گفتوگۆ بکەن سەبارەت بەکەسێتی مەسیح .
بۆ کۆنگرەکە قوستەنتین لە شارەجیاوازەکانەوە (2048) ئەسقوف و بەتریاکی بانگێشت کردبوو ، کەچەند بۆچونێکیان ھەبوو دەربارەی کەسێتی مەسیح کەلەسێ ئاڕاستەدا خۆیان بینیەوە :
1 – گروپێك لەمەسیحیەکان دەیان وت عیسا نێردراوی خودایەو پەیامبەرێکە وەك تەواوی پەیابەرانی تر ،مرۆڤەو کوری مرۆڤیشە ، پێشەوای ئەم گروپە ئاریوس بو ، لەکۆنگرەکەشدازیاتر (700) ئەسقوفی لەگەڵ بوو .
2 – گروپێکی تر پێیان وابو پلەی مەسیح لەچاو  باوکی (مەبەستیان خودایە) وەکو ئاگرو پریشکەکەی وایە ، پیشك لەئاگر دەبێتەوە بەبێ ئەوەی ھیچ لەئاگرەکە کەمببێتەوە ، پێشەوای ئەم گروپە سابلیوس بوو .
3 – گروپێكیش لەمەسیحیەکان پێیان وابوو عیسا خودایە ئەم گروپە پشتیان بە وتەکانی پۆلس بەستبوو.[1]
لەکۆنگەرەکەدا دەستەی (ئەسناسیۆس) پێشەوای بیرۆکەی سیانەی پیرۆز سەرکەوتن و (ئاریوس) وپشتیوانەکانی پێشەوای بیرۆکەی مرۆڤێتی و پێغەمبەرایەتی مەسیح بوون شکستیان ھێنا ، ئاریوس مەسیحی بەخودا نەدەزانی و دەیوت :ئەو دروستکراوێکە کەلەباوکەوە لەدایك نەبوە بۆیە لەکرۆکدا یەکسان نین .[2]
ئاریوس دەیوت ئەگەر مەسیح کوری خودا بێت ، دەبێت لەومناڵترو گەنجتربێت ، ئەگەر واشبێت ئەوا پلەو پایەی لەو کەمترە ،لەسیفەتە ئەزەلیەکانی خودا ئەوەیە نەسەرەتای ھەیەو نەکۆتایی ، بەڵام مەسیح لەبەرئەوەی سەرەتای ھەیە ، بۆیە ئەزەلی نیە ، کاتێکیش ئەزەلی نەبێت کەواتە خوداش نیە .[3]
ئاریوس و شوێنکەوتوانی بەھەرتەقە ناویان براو ، بیروباوەڕی سیانەی پیرۆز کرایە بیروباوەڕی رەسمی لەئیمپراتۆریەتی مەسیحیدا ، یەکەم لێدان کەلەئاین و بیرباوەڕی مەسیحی درا تێکەڵکردنی بوو بە بتپەرستی و وەسەنیەت و لادانی لەبیروباوەڕی یەکتاپەرستی خۆی ، وەكو نەدەوی دەڵێت : مەسیحیەکان لەگۆڕەپانی شەڕدا سەرکەوتن بەڵام لەململانێی ئاینیدا شکستیان خوارد ، سامان و موڵکێکی زۆریان قازانج کرد ، بەڵام دینێکی عەزیزیان لەدەست دا ،چونکە بتپەرستێتی رۆمی دیندارە مەسیحەکانی شپرزاکرد و دینی مەسیحیان شیواند بەسەریەکدا ، گەورەترین شیوندنیش بەدەستی قوستەنتین بوو ، قوستەنتینی مەسیح پارێزو بەیداخ بەدەست !
درابەر دەڵێت : بتپەرستی و ھاوبەشدانەری بەھۆی ئەو دوروانەوە کەوتە نێو ئاینی مەسیحی کەپلەو پایەی بەرزیان لەوڵات وەرگرتبوو ، خۆیان بەمەسیحی نیشان دەدا ،کەچی ھەرگیز بایەخیان بەکاروباری ئاینی نەدەداو ھیچ رۆژێکیش بۆی دڵسۆز نەبون ، قوستەنتینیش ھەروابو ، تەواوی تەمەنی خۆی لەستەم و زۆرداری و ڕادەبوارد و ھیچ کاتێکیش ملکەچی فەرمانەکانی کەنیسە نەدەبو تەنھا لەئاخرو ئۆخری تەمەنیدا نەبێت کەلەساڵی 337 مردوە .[4]
لادانی ئاینی مەسیحی لەبیروباوەری یەکتاپەرستی یەکێك بوو لەگەورەترین ئەوستەمانەی پیاوانی ئاینی مەسیحی لەئاینەکەی خۆیان کرد ، بەشێوەیەك خۆشیان نەیانتوانی بەشێوەیەك لەشێوەکان ئەو سیانەی پیرۆزە لەگەڵ یەکتاپەرستیدا رێك بخەن و بوە ھۆی ئەوەی خەڵکی گاڵتە بەخودا بکات و بەرەو ئیلحاد بڕوات .
باسەرنج بدەین مولحیدێکی دیاری وەك ریچارد دۆکینز لەبارەی سیانەی پیرۆزەوە چی دەڵێت و چۆن لاقرتێی پێی دێت : کاتێك لەنزیکەوە لەدادخواستە ھندۆکیەکەم نزیك بومەوە ،بینیم یاری بەکارتی "ئەگەر نەتتوانی دەستێك ببریتەوە ماچی بکە"دەکات . چەندتتاپەرستیەکەی چەندتتاپەرستی ڕاستەقینەنیە ،بەڵکو یەکتاپەرستیەو خۆی  گۆڕیوە ، تەنیا یەك خواوەند ھەیە (براھما) خواوەندی ئافراندەر ، ڤیشنو ،خواوەندی پارێزەر ،شیڤا خواوەندی وێرانکەر ، خواوەندی ساراسواتی ،لاکسمی و پارڤارتی (ژنەکانی براھما ،ڤیشنو و شیڤا) گانەشخواوەندی فیل و بەسەدان خواوەندی تر، ھەرھەمویان نمایشی جیاواز یان گیانبەبەرداکردنی یەك خوداوەندن .
مەسیحیەکان دەبوایە بە سەفستەیەکی وەھا کەیفیان قنج بوایە ، روبارگەلێك لەمرەکەبی سەدەی ناوەڕاست بۆ ئەوەی ناوی خوێن نەبەین ، ھەر وا بەفیرۆدرا لەسەر ڕازی سیانەی پیرۆز و سەرکوتکردنی لادانگەلێکی وەکوو بەد ئایینی ئاریانی ، لەسەدەی چوارەمدا ئاریوسی ئالەکساندەری رەتی ئەوەی کردەوە کە عیسا ھاو سروشتی (وەکو بڵێیت ھەمان ناوکرۆك یان ماکی گەبێت) خوا بێت .
ئەگەری ھەیە تۆپرسیار بکەیت باشە ئەبێت ئەمە چ واتایەك بێت ؟ ناوکرۆك ؟ ناوکرۆك چیە؟ باشە ماك بەدروستی چ واتایەك دەگەیەنێت ؟ " زۆر کەم" وادەردەکەوێت ئەمەتەنیا وەڵام بێت ، لەگەڵ ئەوەش ئەم مشتومڕە جیھانی مەسیحی بۆ سەد ساڵ دوولەت کردو ئیمپراتۆری قوستەنتینیە فەرمانی دەرکرد ، لەھەر شوێنێك کتێبەکەی ئاریوسیان دۆزیەوە بیسوتێنن ،دووبەرەکی مەسیحیەت لەپەیوەندی بەبگرەو بەردەی شتی ھیچوپوچ ئەوەیە شێوازی تائێستای ئاینناسی .
ئایە ئێمە یەك خوامان ھەیە لەسێ بەشدا یان سێ خوامان ھەیە لەیەکێکدا ؟ زانیاریستانی کاسۆلیك وەڵامی پرسیارەکەمان دەداتەوە بەشێوەیەکی شاکارانە کەتەنیا شایەنی ژیربێژیەکی ئاینناسیە : لەیەکتایی خواییدا سێ کەس ھەیە باوکەکە ، کوڕەکەو گیانۆکە پیرۆزەکە ، ئەم سێ کەسە بەڕاستی لەیەکتری جیاوازن ، بەوشە گەلێکی بیروباوەڕی ئاساناسین "Atha nain Greed" دەبێت بە : باوکەکە خوایە ،کوڕەکە خوایە ،گیانۆکە پیرۆزەکە خوایە ، ھێشتا لەگەڵ ئەوەش سێ خوا نیە بەڵکو یەك خوا ھەیە .
وەك ئەوەی ئەمە تەواو ڕوون نەبێت زانیاریستان وتەیەکی ئایناسێکی سەدەی سێیەم ، حەزرەت گریگۆری ئافرێندەری پەرجو دەھێنێتەوە :
لەبەر ئەوەی ھیچ شتێك نەئافرێندراوە ، ھیچ ئاستێك لەنێوان ئەم و ئەودا نیە لەسییانەی پیرۆزدا :نەھیچ شتێك خراوەتە سەری وەك ئەوەی جارێك لەجاران نەبوبێت ، بەڵام پاشان ھاتبێت ، لەبەر ئەوە ھەرگیز باوکەکە بێ کوڕەکە نەبوە ، نەکوڕەکەش بێ گانەپیرۆزەکە بوە ، ئەمەش ھەمان سییانەی پیرۆزە کەنەگۆڕە بۆھەتاھەتایە .[5]
رێچارد دۆکینز پێی وایە تەنھا گاڵتەکردنە دەتوانرێت دەستی بۆببرێت لەدژی بیروباوەڕێکی ئاوا بێسەرو بەر ، وەك وتەیەکی تۆماس جیفرسۆن نەقڵ دەکات و دەڵێت : تۆماس جیفرسۆن کەزۆرجار وتەکانی لەشوێنی خۆیاندا بوە دەڵێت : گاڵتەپێکردن تەنیا چەکێکە ،کەدەتوانرێت دەستی بۆببرێت لەدژی ڕاو بۆچونێکی بێسەرو بەر ، ڕاو بۆچون دەبێت ڕۆشن بێت ،پێش ئەوەی ژیربێژی بتوانێت کاریگەری خۆی دابنێت ،تائێستاش ھیچ کەسێك دیدێکی ڕونی نەبوە لەسەر سیانەی پیرۆز ،زیاتر ھەڵیتوپەڵیتی کەسانێکی ساختەچی بوون ، کەبەخۆیانیان وتوە قەشەکانی عیسا .[6]
پیاوانی ئاینی مەسیحی خۆشیان کاتێك وێنای عیساو خودا دەکەن بەجۆرێك وێنایان دەکەن کەیەکن و یەکیش نین کەئەمەش کۆکردنەوەی دوو شتی پێچەوانەی یەکە ، دکتۆر عبدالحلیم محمود دەڵێت : گوێم لێ بوو بەتریکێك لەبرتیکە کانی میصر لەبارەی مەسیحەوە وتی : سەید مەسیح دانیشتوە لەلای ڕاستی باوکیەوە ، ھەردوکیشیان یەکن ![7]





[1] - کواشف زیوف ، ص 32 .
[2]  - بەراوردی ئاینەکان ، ل 90 .
[3] - مێژووی ئەوروپا لەسەدەکانی ناوەڕاست ، ل 39 .
[4]  - بەداروخاندنی موسوڵمانان جیھان چ زیانێکی لێکەوت ، ل246 .
[5] - وەھمێك ، ل 69 – 71 .
[6] - وەھمێك – ل 71 .
[7] - موسوعە البیان ، دار نھضە مصر ،2011 ، قسم الاول :القران ، مجلد 5 ، جزء 8 ،ص 148 .

No comments:

Post a Comment

 دووفاقیەکانی مەریوان وریا قانع  (ئازادیی ڕادەرڕین و جێندەر) ئاڤار قەرەداغی مەریوان کەسێکە خۆی زۆر پێخوێنەوارە، بەردەوام هێرش دەکاتە سەر مو...