ئیلحاد لەتەرازودا - 8-
ئاڤار قەرەرداخی
پیاوانی ئاین
ئاڤار قەرەرداخی
پیاوانی ئاین
ھەر لەیەکەم رۆژەکانی مەسیحیەتدا ڕێکخستنێکی ئاینی تایبەت سەریھەڵدا ،کەبە
(کڵێسە) ناسرا ، ئەو پیاوە ئاینیانەش کە کەنیسەو مەراسیم و دروشمە ئاینیەکانیان
سەرپەرشتی دەکردو بەڕێوەدەبرد بە (ئەکلیرۆس) دەناسران ، بۆئەوەی لەخەڵکە گشتیە
مەسیحیەکە جیابکرێنەوە .
یەکەمین قوتابیانی حەزرەتی مەسیح بنەرەتی گروپی ئەکلیرۆس بوون ،جێنشینی
حەواریەکانیش بە (ئەسقوف) ناسران ،لەبەرئەوەی گروپە مەسیحەیە یەکەمینەکان لەشاردا
نیشتەجێ بوون ، بۆیە شار بوو بەمەڵبەندی قەشەکان و ھەرئەوان بوون سەرپەرشتی کاروباری ئاینی کەنیسەیان دەکرد
.
ھەر لەسەرەتای مەسیحیەتدا پێگەی گەورەی ئەسقوفی ڕۆما بەدیار کەوت ، تەنانەت
لەسەردەمی چەوساندنەوەشدا (قەدیس کاڵمەنت) (91 – 100) وەکو خاوەن دەسەڵاتێکی گشتی
دەستی وەردەدا لە کاروباری ئەسقەفیەی (کۆرنتی) لەنامەیەکیدا لەساڵی (96) بۆ
(کۆرنیس) ی ناردوە ، بەئاشکرا ھەستی خۆبەگەورە زانینی (کاڵمەنت)ی تێدا
دەخوێنرێتەوە .
قەدیس کاڵمەنت دەڵێت : لەبەر ئەوەی مەسیح لەلایەن خوداوە
ڕەوانەکراوەو حەواریەکانیش لەلایەن مەسیحەوە نیشانکراون و ئەوانیش شوێنکەوتوە
یەکەمینەکانی خۆیانیان دیاری کردووە ، تادوای خۆیان ببنە ئەسقەف و قەشە
بۆمەسیحەکان ،ئەو یاسایە کەخودا دای ناوە ، وەك چۆن بنەماکانی سروشتی داناوە ،
دەبێت کۆمەڵگای مەسیحیش بە ھەمان شێوە بێت ،ئیماندار دەبێت پابەندبێت بەیاساو
پەرستنی ئەو کەسەوە کەپلەی لەخۆی بەرزترە ، لێرەوە پێویست دەکات ئیماندارانی
مەسیحی دوورکەونەوە لەدوبەرەکی و بەپیی ڕێسا دیاری کراوەکان بچنە ژێر ڕکێفی
پیاوانی دیاریکراوی کەنیسەوە ، چونکە ئەوانە نوێنەری مەسیحیەت و دەسەڵاتی دروستی
خودان لەسەر زەوی .[1]
پیاوانی ئاینی خاوەنی دەسەڵاتێکی یەکجار زۆربون و سودیان
لەو دەسەڵاتە وەرگرت بۆبەرژەوەندی خۆیان لەڕووی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتەوە .
پرۆفیسۆر (جیفری برۆن) دەڵێت : لەساڵی (1054) مەزھەبی
کاسۆلیکی لەرۆما لەسەردەمی پاپا لیۆی نۆیەمدا (1049 – 1055) دەرکەوت ، دەسەڵاتی
کڵێسەی ناو رۆماش لەڕوانگەی میراتگری قەدیس بوترسەوە بوو ، کە بەنزیکترین ھاودەمی
سەید مەسیح دادەنرێت ،لێرەوە پاپا بوو بە خاوەن قەڵەمڕەوی ئاینی و سیاسی بەسەر
ھەموو پاشاو گەورەکانی ئەوروپای رۆژئاواییەوە کەلەمەشدا ماڵ و سامان زەوی
بەرفراوان پاڵپشتی بوو ، تائەوەی دەکرێت بڵێین لەو ماوەو سەردەمەدا گەورەتین
دەرەبەگی ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست بوو ، ململانێی نێوان دەسەڵاتی ئاینی و سیاسی
لەبەھێزترین شێوەکانی خۆیدا کەوتە سەر شانۆ ، پاپا ھەموانی بەپاشاکانیشەوە وەك
چەند ژێردەستەیەك یان ھاوڵاتیەکی مەسیحی سەیردەکرد کەلەکڵێساوە بەرەکەت و چاکەو
ڕەزامەندی وەربگرن ،بەمەش تەنھا چەند شوێنکەوتویەکی ملکەچن ،لەکاتێکدا پاشاکان
بەھەموو توانایەکیانەوە ھەوڵیان دەدا دەسەڵات و سەربەخۆیی خۆیان بچەسپێنن .
کۆبوونەوەی سامانی زۆر لای کڵێساو پاپا ،کاریگەری ڕوونی
خۆی ھەبوو لەزیاد بوونی قەڵەمڕەوو دەسەڵاتیاندا ،تائەوەی پێگەی پاپەوی لەشکۆدا
لەکۆشکی پاشاکانی ئەوروپا گەورەتربوو ، ئەمە وێڕای ژمارەی بەرفراوانی ئەو
کارمەندانەی لەخزمەتی پاپادا بوون بۆجێبەجێ کردنی بڕیارو فەرمانەکانی .
ئەگەریش پاشاکان مێژووی گەورەیی رۆمایان بۆمایەوە ،ئەوا
کڵێسا گەورەیی ژیاری رۆمانی و پەیڕەوی دەزگای کارگێڕی وردو یەکلاکەرەوەی بۆمایەوە
.[2]

No comments:
Post a Comment