Saturday, 19 August 2017

ئیلحاد لەتەرازودا

ئیلحاد لەتەرازودا 
ئاڤار قەرەداخی 






ئیلحاد یەکێك لەو چەمکانەی زۆر دێتە بەرگوێمان و لە ئەمڕۆدا کەسانێك وەکو تاکەحەقیقەت دەیخەنەڕوو لکاندویانە بەزانستەوەو دەڵێن ئیلحاد ئاینی ‌عەقڵە یاخود بیرکردنەوەیەکی زانستیەو خودا خەیاڵ و وەھمەو بونی نیە ، ھەر تیورەو تەفسیرێکێش پەیوەست بەبونەوە خودا ئامادەیی ھەبێت تێیدا ئەوا بە نازاستی دەیخەنەڕوو ھەرلەڕێوە رەت دەکرێتەوە ، لەم زنجیرە بابەتەدا ھەوڵەدەین ئیلحاد بناسێنین و ھۆکارەکانی دەرکەوتنی ئیلحاد بخیەنە ڕوو بەڵگەکانیان لەتەرازودا بکێشین ھەتا سەنگ و قورساییمان بۆدەربکەوێت .

ناساندنی چەمکی ئیلحاد – Atheism

چەمکی ئیلحاد لەرووی واتاوە بەھەمان ئەو واتایەی ئەمرۆ ھەیەتی لەشارستانیەتەکانی پێشودا بەکار نەھاتوە ، لەزمانی عەرەبیدا لەبەرامبەر وشەی (Atheism) وشەی (الالحاد) بەکاردەھێنرێت ، لەزمانی کوردیشدا زیاتر وشەی ئیلحاد بەکاردێت ھەتا وشەی ئەیسیزم ، بۆیە ئێمەش زیاتر وشەی ئیلحاد بەکاردەھێنین .
چەمکی ئیلحاد چەندین پێناسەی بۆکراوە ، ژولیان باگینی لەپێناسەیەکی کورتیدا دەڵێت : ئیلحاد بریتیە لەباوەرنەبوون بە خودا یان خوداکان .[1]
ئیلحاد بەوە پێناسەکراوە کە : مەزھەبێکی فەلسەفیە ڕاوەستاوە لەسەر بیرۆکەی عەدەمیەت ، بناغەکەی نکوڵی کردنە لەبونی خودا .[2]
بەشێك لەتوێژەرانیش پێناسەی ئیلحاد دەکەن و دەڵێن : ئیلحاد چەمکێکە بۆ وەسفی ڕێڕەوێکی فەلسەفی و فکری ، چەقی بیرکردنەوەیان رەتکردنەوەو نکوڵی کردنە لەبوونی خودا یان ھەر ھێزێكی کارا ، بەواتایەکی سادە ئیلحاد واتا نکوڵی کردن لەبوونی خودا .[3]
لەلایەکی ترەوە پێناسەکراوە بەوەی تێگەیشتنێکە رەتی باوەڕ بوون بەخوایەك یان چەند خودایەك دەکاتەوە .[4]
لەپێناسەکانی سەرەوەدا لەنێوان ھەمویاندا خاڵێکی ھاوبەش ھەیە کەبریتیە لە نکوڵی کردن و باوەڕ نەبوون بەخودا یان ھێزێکی کارا لەپشتی گەردوونەوە ، بەپێی فەلسەفەی ئیلحاد ھێزێك بونی نیە لەدەرەوەی گەردون کەھەستابێت بەدروستکردن و رێکخستن و بەرێوەبردنی ئەم گەردونە ، وەك لە پێناسەکانەوە بۆمان رونبویەوە .
ئایە چەمکی ئیلحاد کەی دەرکەوتوە ؟؟
وشەی ئیلحاد بەم واتانوێیەی نکوڵی بێت لەبوونی خودا نوێیەو لەسەدەکانی پێشوودا بوونی نەبوە چەند حاڵەتێکی دەگمەن نەبێت کەهەستابن نکوڵیان لەبوونی خودا کردبێت ، دیاردەی ئیلحاد لەدوای سەدەی شانزەو لەسەدەکانی حەڤدەو هەژدەوە دەرکەوتوە وەک لەمەودوا ئەیخەینە ڕوو .
ئیلحاد بەو واتایەی نکوڵیبێت لەبوونی خوداو بانگەشە بێت بۆ ئەوەی گەردوون لەخۆیەوە و بەبێ دروستکەر بەدیهاتبێت و مادە ئەزەلی بێت داهێنراوێکی نوێیەو لەسەدەکانی ڕابردوودا نەبووە .[5] 
بەپێی قامووسی مێژوویی زمانی فەڕەنسی ( ڕۆبیری گەورە )وشەی مولحید لەسەدەی شانزەدا دەرکەوتوە لەفەڕەنسیدا ، وە وەرگیراوە لە وشە یۆنانیەکەی (ئاسیوس) .
وشەکە لەزمانی لاتینیدا هەبوە لەسەدەی دوو ، ئەدیبی فەڕەنسی (رابلییه ) بەکاری هێناوە لەسەدەی
۱٦ بە شێوە لاتینیەکەی ، پاشان (بللیته دی مانس) لەساڵی (۱٥٤۷) بەکاریهێناوە بەدەربڕینە فەڕەنسیەکەی ، وەوشەی ئیلحاد بەدیاریکراوی لەساڵی (۱۷۹۲) هاتۆتە نێو زمانی فەڕەنسیەوە . [6]
لەلایەکی ترەوە (د.ڕمسیس عوض) لەکتێبی (الالحاد فی الغرب ) دەڵێت : لەپێش سەدەی شانزە ئیلحاد بوونی نەبووە ، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت لەپێش ئەو مێژووە هیچ مولحیدێك بوونی نەبوە .[7]
بەپێی وتەی (جعفر شیخ ادریس) خەڵکی لەسەدەکانی ڕابردوودا بەگشتی باوەڕیان بەبوونی دروستکەرو هەڵسوڕێنەرێک هەبووە بۆگەردوون ، ئیلحاد بەم وتا نوێیەی کەنکوڵی بێت لەدروستەکەرێك بۆگەردوون شتێکی دەگمەن بووە و تاك تاك هەبوە بیروباوەڕی وابێت ، بەنزیکەیی هەتا سەدەی هەژدە بەم شێوە بەردەوام بووە ، لەسەدەی هەژدەوە ئیلحاد بڵاو بۆتەوە و تەشەنەی کردوە .
هەروەها بەپێی کتێبی ــ
Atheism in Britain ــ یەکەم کتێب کەبەڕوونی لەبارەی ئیحاد نوسرابێت لە ئەورووپا لەساڵی (۱۷۷۰) یەکەم کتێبیش لەبارەی ئیلحادنوسرابێت  لەبەریتانیا لەساڵی (۱۷٨۲) بووە . [8]
هەروەها توێژەری بەناوبانگ (ڕوس) خاوەنی کتێبی (ئیلحاد لەفەڕەنسا) دەڵێت : شتێك بوونی نەبوو بەناوی ئیلحاد پێش سەدەی هەژدە .
جیاواز لە کروس (تولیو گربگوری) پێی وایە زۆرێك لەنوسەرانی سەدەی حەڤدە تۆمەتبارکراون بەکوفرو ئیلحاد ، وەك ماکیافیلی و فانینی ، کە فانینی لەساڵی
۱٦۱۹ لەسێدارەدرا ، ئەمەجگە لەنوسەرانی گومانداری وەك مونتانی و شارون و بودیە ، لەلایەکی تریشەوە (هیرام کاتۆن) پێی وایە کەدیکارت فەیلەسوفێکی مولحید  بووە . [9]
دەرکەوتنی ئیلحاد بەشێوەیەکی گشتی لەسەدەی شانزە بەدواوە سەری هەڵداوە و وردە وردە هەتا لەسەدەکانی هەژدەو نۆزدە گەیشتۆتە ئەوپەڕی بەهێزی و ئیلحاد بڵاو بووە ، ئەمە جگە لەوەی بەشێك لە توێژەران لەبواری ئیلحاددا پێیان وایە لەسەدەی هەژدە سەری هەڵداوە وەك خستمانە ڕوو ، ئیلحاد لەپێش ئەو مێژووە ئیلحاد نەبوە بەم واتایەی ئەمڕۆ .
(هیرام کاتون)  دیکارت بە فەیلەسوفێکی مولحید ئەخاتەڕوو ، سەیر ئەوەیە لایەنگران و شوێنکەوتوانی فەلسەفەی دیکارت پێیان وابووە بەڵگەکانیان لەسەر بوونی خودا زۆر بەهێزوو پتەوترە لەبەڵگە ئەرستۆتالیسیەکان ، هەر بۆیە جۆرێك لەفەخرو خۆهەڵکێشانیان هەبوو کە شتێکی گەورەیان پێشکەشی فکری مرۆڤایەتی کردوە ، کەکۆمەڵە بەڵگەیەکی بەهێزو یەکلاکەرەوەن بۆ سەلماندنی هەمیشەیی ڕۆح و سەلماندنی نامادیەتی . [10]
سەبارەت بە (جیفروی فالیه ) کەلەساڵی (
۱٥۷٤) لەسێدارە درا بەتۆمەتی ئیلحادو بێ بڕوایی ، بەهۆی ئەوەوە نەبوو کە باوەڕی بەخودا نەبێت و مولحیدێکی ڕاستەقینەبێت ، بەڵکو بەوهۆیەوەبوو هەندێک خوێندنەوەی بو کتێبی پیرۆز کردبوو بەشێوەیەك گومانی دروستەکرد لەسەر ئینجیل ، ئەگەرنا (فالیه ) لەوتەیەکیدا دەڵێت : ناگونجێت هیچ مرۆڤێکی ژیر گومان  لەبوونی خودا بکات .[11]
سەبارەت بە دەرکەوتنی ئیلحاد لەجیهانی ئیسلامیدا  بەم واتا نوێیەی نەبیستراوە لەمێژووی موسوڵماناندا کەسێك باوەڕی بەخودا نەبوبێت ، ئەوەشی دەوترێت لەبارەی چەند کەسێکەوە وەکو ئەبوبەکری ڕازی ، یان ئەبی عەلای مەعری ، ئەوان هیچیان مولحید نەبوون بەواتای باوەڕیان بەخودا نەبێت بەڵکو گومانیان هەبوەو ڕازی تانەی لە پیام و پەیامبەران داوە نەوەکو خودا ، لەبارەی ئەبی عەلای مەعریشەوە (ندیم جسر) دەڵێت : مەعری گومانی لەهەموو شتێك دەکرد تەنها بوونی خودا نەبێت کەهیچ کاتێك گومان بۆبوونی  خودا بەلای عەقڵیدا نەدەچوو ، جگە لەم ڕاستیە بەهیچ وتەیەکی  تر باوەڕمەکە ، هەرچەندە مەعری سەرسام و دوو دڵ بوو بەرامبەر قەزاو قەدەرو ئازادی ویست و هۆ داناییەکانی دروستکردن و خودی ڕۆح و چۆنیەتی زیندوبونەوە ، بەڵام هەرگیز باوەڕی بەبوونی خودا نەترازاوە ، کە بەهۆی عەقڵی ساغی بەبەڵگە ڕێنمایی کردبوو بۆ بوونی خودا .[12]
لەسەدەی بیستدا  ئیلحاد بەو واتا نوێیەی سەری هەڵداو لەساڵی (۱۹۲٦(  کەسێك بەناوی (ئیسماعیل احمد ادهم) کێبێکی نوسی بەناوی (لماذا انا الملحد  ــ بۆچی بووم بەمولحید ) کەچاپخانەی (التعاون ) لەئەسکەندەریە هەستا بەچاپکردنی .
دواتر (ئیسماعیل مظهر) لەساڵی (
۱۹۲٨)هەستا بەبانگەشەکردن بۆئیلحاد بەڵام دواتر وازیهێنا لەئیلحادەکەی . 
هەر لەساڵی (
۱۹۲٨) گروپێك دروستکرا بەناوی (رابيطة الادبي الجديد) کەبانگەشەی بۆئیلحادەکرد . [13]








جۆرەکانی ئیلحاد

نوسەران و توێژەران کەلەبارەی ئیلحادەوە نوسیویانە ھەستاون بە دابەشکردنی ئیلحاد بۆچەند جۆرێك ، لەکۆن و نوێدا .
دیدرۆ مولحیدەکانی دابەش کردوە بۆسێ چین :
1 – مولحیدێك دەڵێت من باوەرم بەخودا نیە ، ئەوەیە مولحیدی ڕاستەقینەیە .
2 – چینێکی تر لەمولحیدەکان جارێك تەواو دان بەوەدا دەنێن کەخودا بونی نیە ، جارێکی تر دان بەوەدا دەنێن کە خودا بوونی ھەیە ، ئەمەیان بەگومانگەرا یان دوودڵی ناودەبرێت .
3 – چینێکی تر لەمولحیدەکان ئومێدەوارە خودا بونی نەبێت ، بۆئەوەی بەبێ ئازاری ویژدان و پەشیمان بوونەوە سەرپێچی و تاوان بکات .[14]
لەئێستادا چەندین دابەشکاری تر کراوە بۆ ئیلحاد وەك :

ئیلحادی ڕەھا : بریتیە لەنکوڵی کردن لەبوونی خودا بەبێ ھیچ کۆت و بەندو مەرجێك .
ئیلحادی ڕێژەیی : بریتیە لەچەند وێنایەکی دیاریکراو بۆخودایەتی نەك نکوڵی کردن بەڕەھایی .

ئیلحادی تیۆری : بریتیە لەھەڵوێستێکی فەلسەفی یان زانستی ، کەنکوڵی لەبونی خودا یان خوداکان بکات و ھەوڵبدات کەوا بەڵگە لەسەر نکوڵی کردنەکەی بێنێتەوەو بەڵگەی ئەوانە ھەڵبوەشینێتەوە کەوا ئیسپاتی بونی دەکەن .
ئیلحادی کرداری : خاوەنی ئیلحادی کرداری خۆی ناخاتە گوفتوگۆو مشتومڕی تیۆری ، بەڵام وادەژی وەك ئەوەی خودا نەبێت ، وێڕای ئەمەش ئەگەر پرسیاری لێبکرێت لەبارەی بوونی خودا ئەوا بەئەرێنی وەڵام دەداتەوە نەك نەرێنی ، واتا دان بەبونیدا دەنێن .[15]

ئیلحادی ئەرێنی و بەھێز  strong (positive)Atheism :
ئەوکەسانە دەگرێتەوە کەبونی خودا رەت دەکەنەوە ، بەڵگەی بۆدێننەوەو تیورەی بۆبینا دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە بیرۆکەکانیان .

ئیلحادی لاوازو نەرێنی Weak(Negative)Atheism    :
ئەم جۆرەیان ئەو مولحیدانە دەگرێتەوە کەبەڵگەی پێویستیان بەدەست نەخستوە ھەتا کافی بێت بۆ باوەرپێکردنیان بەبونی خودا ، بەڵام بەکارایی ھەڵناستن بە بڵاو کردنەوەی بۆچون و بیروباوەرەکانیان .[16]

ھەڵوێستی مرۆڤ دەربارەی خودا

بەدرێژایی مێژوو دەتوانین ھەڵوێستی مرۆڤەکان لەبارەی خوداوە دابەش بکەین بۆ چەند ھەڵوێستیك کە بیروباوەری مروڤ لەیەکێك لەم چوار ھەڵوێستە تێناپەرێت و دێتە چوارچێوەی یەکێک لەم چوار ھەڵوێستەوە :

1 – Atheism    بێ باوەڕ :ئەم توێژە بوونی خودا رەت دەکەنەوە ، بەشوێنیدا نکوڵی لەپەیام و پەیامبەرێتی دەکەن ، ئەم توێژە باوەڕیان بە ئاین نیە و پەیڕەوی ناکەن .
2- Agnosticsm    نازانمی : ئەم توێژە باوەڕیان بەبونی خودا نیە ، لەھەمانکاتدا باوەڕی بە نەبونی خوداش نیە ، بەڵکو دەڵێن : ئێمە بەڵگەیەکمان بەدەستەوە نیە کەبیسەلمێنێت خودا بوونی ھەیە بۆیە باوەرمان پێی نیە ، ھەروەھا بەڵگەیەکمان بەدەستەوە نیە بیسەلمێنێت خودا بونی نیە ، کەواتە باوەڕمان بەنەبونیشی نیە ، بەڵکو لەسەر ئەو پرسە ڕادەوەستین و بڕیار نادەین ، نەئیسپاتی دەکەین و نەرەتیشی دەکەینەوە ، ئەم ھەڵوێستە پرسی خودا بەکراوەیی دەھێڵێتەوە بەبێ خستنەڕوی وەڵامێك بۆپرسەکە ، ھەندێکیان پێیان وایە ئەکرێ بگەین بەوەڵامێك بۆئەو پرسە ،بەڵام ھەندێكی تریان پێیان وایە توانامان نیە بگەین بەو مەعریفەیە ، بەھۆی نەبونی کەرەستەی پێویست بۆگەیشتن بەو وەڵامە لەبنەرەتەوە .
3 -  پەروەرێنیەکان  Deism : ئەم گروپە لەمرۆڤەکان باوەڕیان بەبوونی دروستکەرێك هەیە ، کەئەم چەردونەی هێناوەتەبوون ، بەڵام پێیان وایە ناتوانین پەیوەندی بکەین بەو دروستکەرەوە ، بۆیە لەوێدا ڕادەوستن و پەیام و پەیامبەرێتی ڕەتدەکەنەوە و پابەندی ئاینیان نیەو پەرستشەکان ئەنجامنادەن ، پێیان وایە خودا دەست وەرناداتە ئەمگەردونەو موعجیزەو پەڕجوو بنەڕەت و ئەسڵێکیان نیە ، هەروەها خودا نەپەیام دەنێرێت و نەپەیامبەر ، نەیاساو نەبەرنامەی ژیانیش بۆکەس دادەنێت .
باوەڕهێنانی ئەمگروپە بەخودا لەڕێگای بەڵگەی عەقڵیەوەیە .
چوارەم : باوەڕداری ئایندار  Theism : ئەم گروپە لەمرۆڤەکان باوەڕیان بەخودا هەیە وەکو دروستکەری گەردون و بەڕێوەبەرو چاودێری گەردوون ، هەروەها باوەڕیان وایە خودا لەڕێگای نێردراوەکانیەوە پەیام بۆدروستکراوەکانی دەنێررێت و خۆیان پێدەناسێنێت و وەڵامی داوای دروستکراوەکانی دەداتەوەو لەسەر کاری چاك و باش پاداشتیان ئەداتەوەو لەسەر کاری خراپ و لادان سزایان دەدات . [17]

ئایە رێژەی مولحیدەکان چەندە ؟؟

ئایە ڕێژەی مولحیدەکان چەندە ؟ ئایە ڕاستە دەوترێت کەمینەیەکن لەچاو باوەڕداراندا ؟ یان نەخێر مولحیدەکان وەك خۆیان دەڵێن زۆرن و کەمنین ؟ ئایە خودا نەمرد ؟ ئایە خودا داهێنراوی سەردەمانی نەزانی و دوری لەزانست و زانیاری نەبوو ئەی چ جێگەیەک بۆخودا ماوەتەوە تاباوەڕدار مابن پێی ؟
باوەڕداران پێیان وایە مولحیدەکان کەمینەیەکن و شازو ڕیزپەڕن لەکۆمەڵگادا ، مولحیدەکانیش پێیان وایە نەخێر زۆر لەوەزیاترن کەدەزانرێت و لەنێو توێژی زانایان و دانایانیشدا زۆرینەی زریان مولحیدن .
ڕیچارد دۆکنز دەڵێت :ژمارەی ئێسیستەکان زۆر لەوەزیاترە کەدەزانرێت بەتایبەت لەنێو توێژی خوێنەوارانی باڵادا ، ئەمە لەسەدەی نۆزدەهەمیشدا وابووە ، کاتێك جۆرج سیتوارت میل دەڵێت : جیهان سەری سوڕدەمێنێت ئەگەر هات و بزانێت ڕێژەی زۆر لەو کەسانەبەناو بانگ و پرشنگدارەکان ، ئەوانەی لەچاوی خەڵکدا زۆر ژیرو ڕەوشتبەرز دیارن تەواو بەدگومانن لەئاین . [18]
هەروەها دۆکنز دەڵێت : ڕاپرسیەکی ئەمریکی پیشانی داوە کەژمارەی ئێسیستەکان و لائەدریەکان زۆر زۆر زیاترە لەجولەکەکان و زۆربەی هەرەزۆری گروپە ئاینیەکان . [19]
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ئاماری تەنیا (
۲،۱۳٪) لەدانیشتوانی زەمین لەسەدەی (۲۰) بەڕاشکاویەوە وتویانە مولحیدین ، بەڵام ئەوانەی وتویانە لائەدریین ــ ئەگنۆستیك ــ ڕێژەیان (۱۲٪) دەبێت . [20]
بەپێی ئەو ئامارانەشی (میشیل مالرب)لە کتێبی (مرۆڤ و ئاینەکان) دا هێناویەتی کەلەساڵی (
۱۹۹۰) کتێبەکە دەرچوە ، (۲٥٪) فەڕەنسیەکان خۆیان بە مولحید ئەزانن ، لە ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا (۷٪) کەمترن ئەوانەی خۆیان بەمولحید دەزانن . ــ [21]
هەروەها لەدانیمارك (
۳.٦٪)  خۆیان بەبێ ئاین دەزانن ، لە میسیریش لەکۆی (٥۱) ملیۆن کەس (۲۰۰) هەزاریان خۆیان بەبێ ئاین دەزانن ، لە کۆریای باکور (۱٦٪) باوەڕیان بەخودا نیە ، (٥۲٪) وابەستەنین بەهیچ ئاینێکەوە .[22]
لە وڵاتی کەندا لە (٦٪) شوێنکەوتوی هیچ ئاینێك نین ، لەوڵاتی شیلیش لە (۷٪) خۆیان بە مولحید دەناسێنن ، بەلجیکا (۹۰٪) خۆیان بەمەسیحی دەزانن ، ئوسوترالیا لە (۱۲٪) پەیوەست نین بەهیچ ئاینێکەوە ، نەمسا لە )۹٤٪) خۆیان بەئایندار ئەزانن ، ئەوەی ژمارەیەکی زۆری مولحیدی هەبێت وڵاتی سینە .[23]
ھەروەھا زانکۆی ئۆکسفۆرد لەساڵی (۱۹٨۲)هەستا بەدەرکردنی مەوسوعەی مەسیحی جیهانی ، کە توێژینەوەیەکیان کرد بەبەشداری (۳۷۰)توێژەر لە (۲۲۳) وڵات ئەنجامدرا ، توێژینەوەکە (۱۲) ساڵی خایاند ، لەساڵی )۱۹٦٨ ــ ۱۹٨۰) لە توێژینەوەکەدا هاتوە لەساڵی (٥۰۰) ز ، ڕێژەی مەسیحیەکان لەجیهاندا (۲۲٪) بووە ، لەساڵی (۱٥۰۰) ڕێڕەکە دابەزیوە بۆ (۱۹٪) لەساڵی (۱۹۰۰) ڕێژەی مەسیحیەکان گەیشتۆتە (۳٤.٤٪) لەساڵی (۱۹٨۰) ڕێژەکە دابەزیوە بۆ (۳٨.٨٪)  ، هەروەها عەلمانیەت ــ لادینی ــ بەشێوە جۆراو جۆرەکانیەوە بۆنمونە ، مادیەتی زانستی ، ئیلحاد ، شوعیەت ، نازانمێتی ، فاشیەت ، مەزهەبی مادی ، مەزهەبی ئینسانی لیبراڵی ، ڕێژەی سیکۆلاریزم بەرزبۆتەوە ، لەساڵی (۱۹۰۰) ڕێژەیان (۲٪) بووە ، لەساڵی (۱۹٨۰) ڕێژەیان گەیشتۆتە (۲۰.٨٪) بەرزترین ڕێژە لەسوید تۆمار کراوە (۲٨.۷٪) بووە ، نزمترین ڕێژەش لە یۆنان تۆمار کراوە کە (۰.۳٪) بووە ، لەنەرویجیش لە (۱.۷٪) بووە ، لە وڵاتە شوعیەکاندا بەرزترین پلە لە ئەلبانیا تۆمار کراوە (۷٤٪) بووە ، لە وڵاتی چین (۷۱٪) و لە یەکێتی سۆڤیەت (٥۱.۲٪) بووە  ، نزمترین پلەش لەوڵاتە شوعیەکاندا لە کەمبۆدیا تۆمارکراوە کە (٥.۲٪) بووە ، لە پۆڵنداش (۹.٥٪) بووە .
لەوڵاتانی ئیسلامیش بەرزترین ڕێژە لە ئوردون بووە کەلە (
۲٪) بووە ، نزمترین ڕێژەش لەتورکیاو لیبیدا بووە (۰.۱٪) بووە .
لەوڵاتانی ئاسیاو ئەفریقیا یابان بەرزترین ڕێژەی تۆمار کردووە (
۱۲٪) وڵاتی غینیاش نزمترین ڕێژەی تۆمار کردوە (۰.۱٪) ، لەوڵاتانی ئەمریکای لاتین ئۆرۆگوای بەرزترین ڕێژەی تۆمار کردوە (۳٥.۱٪) پاراگواییش نزمترین ڕێژەی تۆمار کردوەکەلە (۰.٥٪) بووە .
دەربارەی ئەوپرسیارەشی (ئایە باوەڕت بەخودا هەیە ؟) توێژەران هەستان لە (
۱۲) وڵاتی ڕۆژئاوا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاو یابان توێژینەوەیان کرد ، لەنێوان ساڵانی (۱۹٨۱ ــ ۱۹٨۲) بەشی کۆمەڵناسی لەزانکۆی (توندنهایم) لە نەرویج هەستان بەبڵاو کردنەوەی ئەنجامی توێژینەوەکە .
لەتوێژینەوەکەدا ئەوە پیشان دەدات کە زۆرترین ڕێژەی مولحید لەوڵاتی یابانە بەڕێژەی (
۲۳٪) و نازانمیەکان بەڕێژەی (۳٨٪) لە سویدیش ڕێژەی مولحیدەکانی (۳٥٪) و ڕێژەی نازانمیەکانی (۱٤٪) بووە ، لەویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاش کەمترین ڕێژەی مولحید تۆمارکراوە کە (۲٪) بوەو ڕێژەی نازانمیەکان لە (۳٪) بووە .[24]
هەروەها بەپێی بڵاوکراوەیەکی (نیورك تایمز ) لە بەرواری (۲۷ ـ ۲ ـ ۱۹۹۳) لە (۹٦٪) ئەمریکیەکان بەڕاشکاوی خۆیان بەباوەڕدار دەزانن .
هەروەها گۆڤاری (
US News and world peport) لە بەرواری (٤ ـ ٤ ـ ۱۹۹٤) ئامارێکی خستۆتەڕوو کەتێیدا لە (۹۳٪) ئەمریکیەکان خۆیان بەباەڕدار دەزانن ، وەلە (٥٪)خۆیان بە مولحید دەزانن .[25]
لەلایەکی ترەوە بەپێی کتێبی (ڕاستیەکانی جیهان ) (
the world fact book) کە (CIA) دەری دەکات ، ڕێژەی مولحیدەکان (۲.۱٪) لەکۆی دانیشتوانی گۆی زەوی ، وە بێ ئاینەکان ڕێژەیان (۹.٦٦٪) دەبێت .
بەپێی سەرژمێری ( الیورستان یورو بارومتر) لەساڵی (
۲۰۱۰) ڕێژەی مولحیدەکان لەئەوروپا (۲۰٪) دەبن ، لەسەر ئاستی وڵاتیش فەڕەنسا لە )٤۰٪) مولحیدن ، بەریتانیاش لە (۲٥٪) مولحیدن .
چەند سەرژمێریەکیش ئەوەیان خستۆتەڕوو کە لەکەنەدادا لە (
۲۳٪) مولحیدن ، ئەمریکاش لە (۹۰٪) خۆیان بە باوەڕدار دەزانن . [26]
بەپێی ئەو ئامارەش کە عادل باخەوان خستویەتەڕوو لەکیشوەری ئەوروپا (۷٥٪) خۆیان بە ئایندار دەزانن ، لەسەدا (۳۱٪) خۆیان بەبێ ئاین دەزانن ، لەسەدا (٦٪) خۆیان بەمولحید دەزانن .
لەسەر ئاستی وڵاتیش فەڕەنسا (٥٦٪) باوەڕیان بەخوا هەیە ، لە (٤٤٪) باوەڕیان بەخودا نیە .
لەویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکاشدا لە (٨
۱٪) خۆیان بەئایندار دەزانن ، لە ( ۱٦٪) خۆیان بەبێ ئاین دەزانن ، لە (۱٪) خۆیان بە مولحید دەزانن . [27]
سەبارەت بەزانایانییش (باروخ شالیڤ) لەکتێبی (سەد ساڵ لەخەڵاتی نۆبڵ ) دەڵێت : ڕێژەی ئەو زانایانەی کە  ئەیسیست یان لائەدری یان بێ ئاینن و خەڵاتی نۆبڵیان بەدەست هێناوە لەساڵی (۱۹۰۰ ــ ۲۰۰۰) ڕێژەیان (۱۰٪) دەبێت ، وە لەو ڕێژەیەش لە (۳٪) لەهەڵگرانی خەڵاتی نۆبڵ  مولحیدن .
هەروەها کۆمەڵی ئەمریکی (
AAAS) ، لە کۆبونەوەی ساڵانەیان لە (۲۰۱٤) وەرەقەیەکی بەحسیان پێشکەش کرد ، دەریخست لەجیهاندا (٤٪) زانایان مولحیدن .[28]
بەپێی ئەم ئامارانەبێت رێژەی مولحیدەکان لەجیھاندا لەچاو باوەڕداراندا کەمن ، بەڵام وەکو جعفر شیخ ئیدریس دەڵێت : ھەرچەند ڕیژەی مولحیدان کەمن بەڵام کەمینەیەکی کاریگەرن [29] کەمینەیەکن کەلەجیھاندا دەنگیان دلێرەو کاریگەریان داناوە لەسەر دەورو بەر ، بەتایبەت لەسەر توێژی گەنجان کاریگەریەکان تۆخترن ، لەکوردوستانیشدا ھەستی پێدەکەین کەگەنجان کەوتونەتە ژێر کاریگەری تیورە ئیلحادیەکانەوە ، ئاماژەیەکی تر کەلە ئامارەکانەوە وەری دەگرین ئەوەیە بەپێچەوانەی بانگەشەو پێشبینی مولحیدەکان کەبانگەشەی مردنی خودایان کرد وەکو نیتچە ، یان وەك ئەندرێ ماڵرو دەڵێت : سەدەی بیست و یەك سەدەی بی باوەریە .[30] بەڵام ئەم پێشبینیەی ئەندرێ مالرۆ یەکەم پێشبینی نیە کرابێت بۆ مردنی خودا ، بۆکۆتایی ھاتن و توردانی ئاین و باوەر ، بەڵکو لەسەدەی نۆزدەو بیست چەندین بیرمەند ھەبوون پێشبینیان کردوە کەچیدی شوێنێك بۆخودا نەماوە ، چیدی ئاین جێگەی بایەخ نیەو زانست جێگەی بەئاین لێژ کردوە ، بەڵام واقع پێچەوانەی ئەوەی پیشانداین و دەری خست کە مرۆڤ ناتوانێت ھەروا بەئاسانی واز لەئاین و خودا بھێنێت  و توڕی بدات بەڵکو ھێشتا مرۆڤ پێویستی بەئاینەو ئەم ئامارانەش پشت ڕاستی بۆچونەکانمان دەکاتەوە .





[1] -  عدنان ابراھیم ،چەکوشی بەڵگەو شوشەی ئیلحاد،و.زیرەك ئەحمەد ڕەحمان ، ماڵی وەفایی ،2015 ،ھەولێر،ل 36 .
[2] - المسوعة  المیسرة ،الطبعة الخامسة , ج 2 , ص 803 .
[3] - رحلە الی قلب الالحاد ، ص 14-15
[4] - ریچارد دۆکنز ، وەھمێك ،و.نوری کەریم ،ئەندێشە،2016، ل5 ،پەراوێزی 2 .
[5] - محمد قطب , مذاهب الفكرية المعاصرة , دار الشروق ,طبعة 10 ,القاهرة ,2008 , ص 599 .
[6] - زينب عبدالعزيز , الالحاد وأسبابه ,دار القبس , 2003 , ص 8 .
[7]  - رمسيس عوض , الالحاد في الغرب , دار مينا , دار الانتشار العربي , القاهرة , 1997 ,ص 17 .
[8] - جعفر شيخ ادريس , فزياء ووجود الخالق ,2001 , ص 19 .
[9] - الالحاد في الغرب , ص 20 .
[10] - الالحاد في الغرب , ص 19.
[11] - الالحاد في الغرب , ص 17.
[12] -نەدیم جسر ، داستانی ئیمان ،و.نوری عبداللە صاڵح ئاخجەلەری ، تەفسیر ،چاپی 2 ،ھەولێر ،2009 ،ل 146 .
[13] - الموسوئە المیسرە ، ج 2 ، ص 803 – 804 .
[14] - چەکوشی بەڵگەو شوشەی ئیلحاد ، ل 45 -46 .
[15] - چەکوشی بەڵگەو شوشەی ئیلحاد ، ل 46 – 48 .
[16] - عمرو شریف ، خرافە الالحاد ،مکتبە شروق الدولیە ، 2014 ، ص 27 .
[17] - عبدالله بن صالح العجيري , مليشيا الالحاد ,مركزتكوين ,طبعة الثانية ,2014,ص 19 – 20 .
[18] - وەھمێك ، ل 10 .
[19] - وەھمێك ، ل 11 .
[20] - چەکوشی بەڵگەو شوشەی ئیلحاد ،ل 27 – 28 .
[21] - میشل مالرب ، مرۆڤ و ئاینەکان ، ،.حیمران ھاواری ،چاپخانە رێنما ،2009 ، ل 587 – 588 .
[22] - مرۆڤ و ئاینەکان ، ل ٥٨٤ ــ ٥٨٦ .
[23] - ــ مرۆڤ و ئاینەکان ،ل ٥۷۹ ــ ٥٨۲ .

[24] -  رحلة الی قلب الالحاد ، ص ۹ ــ ۱۰ .
[25] -  فیزیاء ووجو الخالق ، ص ۱۹ .
[26] - میلیشیا الالحاد ، ص ۱۱ ــ ۱۲ .
[27] - کۆتایی عەلمانیەت ، ل ۱٦۹ ــ ۱۷۳ .

[28] - هیثم طلعت ، وهم الالحاد حلقة ۱٥ .
https://www.youtube.com/watch?v=bC1710AhQb8
[29]  - فزیاء ووجود الخالق ، ص 14 .
[30]  - مرۆڤ و ئاینەکان ، ل 7 .

No comments:

Post a Comment

 دووفاقیەکانی مەریوان وریا قانع  (ئازادیی ڕادەرڕین و جێندەر) ئاڤار قەرەداغی مەریوان کەسێکە خۆی زۆر پێخوێنەوارە، بەردەوام هێرش دەکاتە سەر مو...