ئیلحاد لەتەرازودا
ئاڤار قەرەداخی
ئیلحاد یەکێك لەو چەمکانەی زۆر دێتە بەرگوێمان و لە
ئەمڕۆدا کەسانێك وەکو تاکەحەقیقەت دەیخەنەڕوو لکاندویانە بەزانستەوەو دەڵێن ئیلحاد
ئاینی عەقڵە یاخود بیرکردنەوەیەکی زانستیەو خودا خەیاڵ و وەھمەو بونی نیە ، ھەر تیورەو
تەفسیرێکێش پەیوەست بەبونەوە خودا ئامادەیی ھەبێت تێیدا ئەوا بە نازاستی
دەیخەنەڕوو ھەرلەڕێوە رەت دەکرێتەوە ، لەم زنجیرە بابەتەدا ھەوڵەدەین ئیلحاد
بناسێنین و ھۆکارەکانی دەرکەوتنی ئیلحاد بخیەنە ڕوو بەڵگەکانیان لەتەرازودا بکێشین
ھەتا سەنگ و قورساییمان بۆدەربکەوێت .
ناساندنی چەمکی ئیلحاد – Atheism
چەمکی ئیلحاد لەرووی واتاوە بەھەمان ئەو واتایەی
ئەمرۆ ھەیەتی لەشارستانیەتەکانی پێشودا بەکار نەھاتوە ، لەزمانی عەرەبیدا
لەبەرامبەر وشەی (Atheism) وشەی (الالحاد) بەکاردەھێنرێت ، لەزمانی کوردیشدا
زیاتر وشەی ئیلحاد بەکاردێت ھەتا وشەی ئەیسیزم ، بۆیە ئێمەش زیاتر وشەی ئیلحاد
بەکاردەھێنین .
چەمکی ئیلحاد چەندین پێناسەی بۆکراوە ، ژولیان
باگینی لەپێناسەیەکی کورتیدا دەڵێت : ئیلحاد بریتیە لەباوەرنەبوون بە خودا یان
خوداکان .
ئیلحاد بەوە پێناسەکراوە کە : مەزھەبێکی فەلسەفیە
ڕاوەستاوە لەسەر بیرۆکەی عەدەمیەت ، بناغەکەی نکوڵی کردنە لەبونی خودا .
بەشێك لەتوێژەرانیش پێناسەی ئیلحاد دەکەن و دەڵێن
: ئیلحاد چەمکێکە بۆ وەسفی ڕێڕەوێکی فەلسەفی و فکری ، چەقی بیرکردنەوەیان
رەتکردنەوەو نکوڵی کردنە لەبوونی خودا یان ھەر ھێزێكی کارا ، بەواتایەکی سادە
ئیلحاد واتا نکوڵی کردن لەبوونی خودا .
لەلایەکی ترەوە پێناسەکراوە بەوەی تێگەیشتنێکە
رەتی باوەڕ بوون بەخوایەك یان چەند خودایەك دەکاتەوە .
لەپێناسەکانی سەرەوەدا لەنێوان ھەمویاندا خاڵێکی
ھاوبەش ھەیە کەبریتیە لە نکوڵی کردن و باوەڕ نەبوون بەخودا یان ھێزێکی کارا لەپشتی
گەردوونەوە ، بەپێی فەلسەفەی ئیلحاد ھێزێك بونی نیە لەدەرەوەی گەردون کەھەستابێت
بەدروستکردن و رێکخستن و بەرێوەبردنی ئەم گەردونە ، وەك لە پێناسەکانەوە بۆمان
رونبویەوە .
ئایە چەمکی ئیلحاد کەی دەرکەوتوە ؟؟
وشەی ئیلحاد بەم واتانوێیەی
نکوڵی بێت لەبوونی خودا نوێیەو لەسەدەکانی پێشوودا بوونی نەبوە چەند حاڵەتێکی دەگمەن
نەبێت کەهەستابن نکوڵیان لەبوونی خودا کردبێت ، دیاردەی ئیلحاد لەدوای سەدەی
شانزەو لەسەدەکانی حەڤدەو هەژدەوە دەرکەوتوە وەک لەمەودوا ئەیخەینە ڕوو .
ئیلحاد بەو واتایەی نکوڵیبێت لەبوونی خوداو بانگەشە بێت بۆ ئەوەی گەردوون لەخۆیەوە
و بەبێ دروستکەر بەدیهاتبێت و مادە ئەزەلی بێت داهێنراوێکی نوێیەو لەسەدەکانی
ڕابردوودا نەبووە .
بەپێی قامووسی مێژوویی زمانی فەڕەنسی ( ڕۆبیری گەورە )وشەی مولحید لەسەدەی شانزەدا
دەرکەوتوە لەفەڕەنسیدا ، وە وەرگیراوە لە وشە یۆنانیەکەی (ئاسیوس) .
وشەکە لەزمانی لاتینیدا هەبوە لەسەدەی دوو ، ئەدیبی فەڕەنسی (رابلییه ) بەکاری
هێناوە لەسەدەی ۱٦ بە شێوە
لاتینیەکەی ، پاشان (بللیته دی مانس) لەساڵی (۱٥٤۷) بەکاریهێناوە بەدەربڕینە فەڕەنسیەکەی ، وەوشەی
ئیلحاد بەدیاریکراوی لەساڵی (۱۷۹۲) هاتۆتە نێو زمانی فەڕەنسیەوە .
لەلایەکی ترەوە (د.ڕمسیس عوض) لەکتێبی (الالحاد فی الغرب ) دەڵێت : لەپێش سەدەی
شانزە ئیلحاد بوونی نەبووە ، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت لەپێش ئەو مێژووە هیچ مولحیدێك
بوونی نەبوە .
بەپێی وتەی (جعفر شیخ ادریس) خەڵکی لەسەدەکانی ڕابردوودا بەگشتی باوەڕیان بەبوونی
دروستکەرو هەڵسوڕێنەرێک هەبووە بۆگەردوون ، ئیلحاد بەم وتا نوێیەی کەنکوڵی بێت
لەدروستەکەرێك بۆگەردوون شتێکی دەگمەن بووە و تاك تاك هەبوە بیروباوەڕی وابێت ،
بەنزیکەیی هەتا سەدەی هەژدە بەم شێوە بەردەوام بووە ، لەسەدەی هەژدەوە ئیلحاد بڵاو
بۆتەوە و تەشەنەی کردوە .
هەروەها بەپێی کتێبی ــ Atheism in Britain ــ
یەکەم کتێب کەبەڕوونی لەبارەی ئیحاد نوسرابێت لە ئەورووپا لەساڵی (۱۷۷۰) یەکەم کتێبیش لەبارەی
ئیلحادنوسرابێت لەبەریتانیا لەساڵی (۱۷٨۲) بووە .
هەروەها توێژەری بەناوبانگ
(ڕوس) خاوەنی کتێبی (ئیلحاد لەفەڕەنسا) دەڵێت : شتێك بوونی نەبوو بەناوی ئیلحاد پێش
سەدەی هەژدە .
جیاواز لە کروس (تولیو گربگوری) پێی وایە زۆرێك لەنوسەرانی سەدەی حەڤدە
تۆمەتبارکراون بەکوفرو ئیلحاد ، وەك ماکیافیلی و فانینی ، کە فانینی لەساڵی ۱٦۱۹ لەسێدارەدرا ، ئەمەجگە لەنوسەرانی گومانداری وەك
مونتانی و شارون و بودیە ، لەلایەکی تریشەوە (هیرام کاتۆن) پێی وایە کەدیکارت
فەیلەسوفێکی مولحید بووە .
دەرکەوتنی ئیلحاد بەشێوەیەکی گشتی لەسەدەی شانزە بەدواوە سەری هەڵداوە و وردە وردە
هەتا لەسەدەکانی هەژدەو نۆزدە گەیشتۆتە ئەوپەڕی بەهێزی و ئیلحاد بڵاو بووە ، ئەمە
جگە لەوەی بەشێك لە توێژەران لەبواری ئیلحاددا پێیان وایە لەسەدەی هەژدە سەری
هەڵداوە وەك خستمانە ڕوو ، ئیلحاد لەپێش ئەو مێژووە ئیلحاد نەبوە بەم واتایەی
ئەمڕۆ .
(هیرام کاتون) دیکارت بە فەیلەسوفێکی مولحید ئەخاتەڕوو ، سەیر ئەوەیە
لایەنگران و شوێنکەوتوانی فەلسەفەی دیکارت پێیان وابووە بەڵگەکانیان لەسەر بوونی
خودا زۆر بەهێزوو پتەوترە لەبەڵگە ئەرستۆتالیسیەکان ، هەر بۆیە جۆرێك لەفەخرو
خۆهەڵکێشانیان هەبوو کە شتێکی گەورەیان پێشکەشی فکری مرۆڤایەتی کردوە ، کەکۆمەڵە
بەڵگەیەکی بەهێزو یەکلاکەرەوەن بۆ سەلماندنی هەمیشەیی ڕۆح و سەلماندنی نامادیەتی .
سەبارەت بە (جیفروی فالیه ) کەلەساڵی (۱٥۷٤) لەسێدارە
درا بەتۆمەتی ئیلحادو بێ بڕوایی ، بەهۆی ئەوەوە نەبوو کە باوەڕی بەخودا نەبێت و
مولحیدێکی ڕاستەقینەبێت ، بەڵکو بەوهۆیەوەبوو هەندێک خوێندنەوەی بو کتێبی پیرۆز
کردبوو بەشێوەیەك گومانی دروستەکرد لەسەر ئینجیل ، ئەگەرنا (فالیه ) لەوتەیەکیدا
دەڵێت : ناگونجێت هیچ مرۆڤێکی ژیر گومان لەبوونی خودا بکات .
سەبارەت بە دەرکەوتنی ئیلحاد
لەجیهانی ئیسلامیدا بەم واتا نوێیەی نەبیستراوە لەمێژووی موسوڵماناندا کەسێك
باوەڕی بەخودا نەبوبێت ، ئەوەشی دەوترێت لەبارەی چەند کەسێکەوە وەکو ئەبوبەکری ڕازی
، یان ئەبی عەلای مەعری ، ئەوان هیچیان مولحید نەبوون بەواتای باوەڕیان بەخودا
نەبێت بەڵکو گومانیان هەبوەو ڕازی تانەی لە پیام و پەیامبەران داوە نەوەکو خودا ،
لەبارەی ئەبی عەلای مەعریشەوە (ندیم جسر) دەڵێت : مەعری گومانی لەهەموو شتێك دەکرد
تەنها بوونی خودا نەبێت کەهیچ کاتێك گومان بۆبوونی خودا بەلای عەقڵیدا
نەدەچوو ، جگە لەم ڕاستیە بەهیچ وتەیەکی تر باوەڕمەکە ، هەرچەندە مەعری
سەرسام و دوو دڵ بوو بەرامبەر قەزاو قەدەرو ئازادی ویست و هۆ داناییەکانی
دروستکردن و خودی ڕۆح و چۆنیەتی زیندوبونەوە ، بەڵام هەرگیز باوەڕی بەبوونی خودا
نەترازاوە ، کە بەهۆی عەقڵی ساغی بەبەڵگە ڕێنمایی کردبوو بۆ بوونی خودا .
لەسەدەی بیستدا ئیلحاد
بەو واتا نوێیەی سەری هەڵداو لەساڵی (۱۹۲٦(
کەسێك بەناوی (ئیسماعیل احمد ادهم) کێبێکی نوسی بەناوی (لماذا انا الملحد ــ
بۆچی بووم بەمولحید ) کەچاپخانەی (التعاون ) لەئەسکەندەریە هەستا بەچاپکردنی .
دواتر (ئیسماعیل مظهر) لەساڵی (۱۹۲٨)هەستا
بەبانگەشەکردن بۆئیلحاد بەڵام دواتر وازیهێنا لەئیلحادەکەی .
هەر لەساڵی (۱۹۲٨) گروپێك دروستکرا
بەناوی (رابيطة الادبي الجديد) کەبانگەشەی بۆئیلحادەکرد .
جۆرەکانی
ئیلحاد
نوسەران و توێژەران کەلەبارەی ئیلحادەوە نوسیویانە
ھەستاون بە دابەشکردنی ئیلحاد بۆچەند جۆرێك ، لەکۆن و نوێدا .
دیدرۆ مولحیدەکانی دابەش کردوە بۆسێ چین :
1 – مولحیدێك دەڵێت من باوەرم بەخودا نیە ، ئەوەیە
مولحیدی ڕاستەقینەیە .
2 – چینێکی تر لەمولحیدەکان جارێك تەواو دان
بەوەدا دەنێن کەخودا بونی نیە ، جارێکی تر دان بەوەدا دەنێن کە خودا بوونی ھەیە ،
ئەمەیان بەگومانگەرا یان دوودڵی ناودەبرێت .
3 – چینێکی تر لەمولحیدەکان ئومێدەوارە خودا بونی
نەبێت ، بۆئەوەی بەبێ ئازاری ویژدان و پەشیمان بوونەوە سەرپێچی و تاوان بکات .
لەئێستادا چەندین دابەشکاری تر کراوە بۆ ئیلحاد
وەك :
ئیلحادی ڕەھا : بریتیە لەنکوڵی کردن لەبوونی خودا بەبێ ھیچ کۆت و بەندو مەرجێك .
ئیلحادی ڕێژەیی : بریتیە لەچەند وێنایەکی دیاریکراو بۆخودایەتی نەك نکوڵی کردن بەڕەھایی .
ئیلحادی تیۆری : بریتیە لەھەڵوێستێکی فەلسەفی یان زانستی ، کەنکوڵی لەبونی خودا یان
خوداکان بکات و ھەوڵبدات کەوا بەڵگە لەسەر نکوڵی کردنەکەی بێنێتەوەو بەڵگەی ئەوانە
ھەڵبوەشینێتەوە کەوا ئیسپاتی بونی دەکەن .
ئیلحادی کرداری : خاوەنی ئیلحادی کرداری خۆی ناخاتە گوفتوگۆو مشتومڕی تیۆری ، بەڵام وادەژی
وەك ئەوەی خودا نەبێت ، وێڕای ئەمەش ئەگەر پرسیاری لێبکرێت لەبارەی بوونی خودا
ئەوا بەئەرێنی وەڵام دەداتەوە نەك نەرێنی ، واتا دان بەبونیدا دەنێن .
ئیلحادی
ئەرێنی و بەھێز strong (positive)Atheism :
ئەوکەسانە دەگرێتەوە کەبونی خودا رەت دەکەنەوە ،
بەڵگەی بۆدێننەوەو تیورەی بۆبینا دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە بیرۆکەکانیان .
ئیلحادی لاوازو نەرێنی Weak(Negative)Atheism :
ئەم جۆرەیان ئەو مولحیدانە دەگرێتەوە کەبەڵگەی
پێویستیان بەدەست نەخستوە ھەتا کافی بێت بۆ باوەرپێکردنیان بەبونی خودا ، بەڵام
بەکارایی ھەڵناستن بە بڵاو کردنەوەی بۆچون و بیروباوەرەکانیان .
ھەڵوێستی
مرۆڤ دەربارەی خودا
بەدرێژایی مێژوو دەتوانین ھەڵوێستی مرۆڤەکان
لەبارەی خوداوە دابەش بکەین بۆ چەند ھەڵوێستیك کە بیروباوەری مروڤ لەیەکێك لەم
چوار ھەڵوێستە تێناپەرێت و دێتە چوارچێوەی یەکێک لەم چوار ھەڵوێستەوە :
1 – Atheism بێ باوەڕ :ئەم توێژە بوونی خودا رەت دەکەنەوە ، بەشوێنیدا نکوڵی لەپەیام و
پەیامبەرێتی دەکەن ، ئەم توێژە باوەڕیان بە ئاین نیە و پەیڕەوی ناکەن .
2- Agnosticsm نازانمی : ئەم توێژە باوەڕیان بەبونی خودا نیە ، لەھەمانکاتدا باوەڕی بە نەبونی
خوداش نیە ، بەڵکو دەڵێن : ئێمە بەڵگەیەکمان بەدەستەوە نیە کەبیسەلمێنێت خودا
بوونی ھەیە بۆیە باوەرمان پێی نیە ، ھەروەھا بەڵگەیەکمان بەدەستەوە نیە بیسەلمێنێت
خودا بونی نیە ، کەواتە باوەڕمان بەنەبونیشی نیە ، بەڵکو لەسەر ئەو پرسە
ڕادەوەستین و بڕیار نادەین ، نەئیسپاتی دەکەین و نەرەتیشی دەکەینەوە ، ئەم
ھەڵوێستە پرسی خودا بەکراوەیی دەھێڵێتەوە بەبێ خستنەڕوی وەڵامێك بۆپرسەکە ،
ھەندێکیان پێیان وایە ئەکرێ بگەین بەوەڵامێك بۆئەو پرسە ،بەڵام ھەندێكی تریان
پێیان وایە توانامان نیە بگەین بەو مەعریفەیە ، بەھۆی نەبونی کەرەستەی پێویست
بۆگەیشتن بەو وەڵامە لەبنەرەتەوە .
3 - پەروەرێنیەکان Deism : ئەم گروپە لەمرۆڤەکان باوەڕیان بەبوونی دروستکەرێك هەیە ، کەئەم
چەردونەی هێناوەتەبوون ، بەڵام پێیان وایە ناتوانین پەیوەندی بکەین بەو
دروستکەرەوە ، بۆیە لەوێدا ڕادەوستن و پەیام و پەیامبەرێتی ڕەتدەکەنەوە و پابەندی
ئاینیان نیەو پەرستشەکان ئەنجامنادەن ، پێیان وایە خودا دەست وەرناداتە
ئەمگەردونەو موعجیزەو پەڕجوو بنەڕەت و ئەسڵێکیان نیە ، هەروەها خودا نەپەیام
دەنێرێت و نەپەیامبەر ، نەیاساو نەبەرنامەی ژیانیش بۆکەس دادەنێت .
باوەڕهێنانی ئەمگروپە بەخودا لەڕێگای بەڵگەی عەقڵیەوەیە .
چوارەم : باوەڕداری
ئایندار Theism : ئەم گروپە لەمرۆڤەکان
باوەڕیان بەخودا هەیە وەکو دروستکەری گەردون و بەڕێوەبەرو چاودێری گەردوون ،
هەروەها باوەڕیان وایە خودا لەڕێگای نێردراوەکانیەوە پەیام بۆدروستکراوەکانی
دەنێررێت و خۆیان پێدەناسێنێت و وەڵامی داوای دروستکراوەکانی دەداتەوەو لەسەر کاری
چاك و باش پاداشتیان ئەداتەوەو لەسەر کاری خراپ و لادان سزایان دەدات .
ئایە رێژەی مولحیدەکان چەندە ؟؟
ئایە ڕێژەی مولحیدەکان چەندە
؟ ئایە ڕاستە دەوترێت کەمینەیەکن لەچاو باوەڕداراندا ؟ یان نەخێر مولحیدەکان وەك
خۆیان دەڵێن زۆرن و کەمنین ؟ ئایە خودا نەمرد ؟ ئایە خودا داهێنراوی سەردەمانی
نەزانی و دوری لەزانست و زانیاری نەبوو ئەی چ جێگەیەک بۆخودا ماوەتەوە تاباوەڕدار
مابن پێی ؟
باوەڕداران پێیان وایە مولحیدەکان کەمینەیەکن و شازو ڕیزپەڕن لەکۆمەڵگادا ،
مولحیدەکانیش پێیان وایە نەخێر زۆر لەوەزیاترن کەدەزانرێت و لەنێو توێژی زانایان و
دانایانیشدا زۆرینەی زریان مولحیدن .
ڕیچارد دۆکنز دەڵێت :ژمارەی ئێسیستەکان زۆر لەوەزیاترە کەدەزانرێت بەتایبەت لەنێو
توێژی خوێنەوارانی باڵادا ، ئەمە لەسەدەی نۆزدەهەمیشدا وابووە ، کاتێك جۆرج
سیتوارت میل دەڵێت : جیهان سەری سوڕدەمێنێت ئەگەر هات و بزانێت ڕێژەی زۆر لەو
کەسانەبەناو بانگ و پرشنگدارەکان ، ئەوانەی لەچاوی خەڵکدا زۆر ژیرو ڕەوشتبەرز
دیارن تەواو بەدگومانن لەئاین .
هەروەها دۆکنز دەڵێت : ڕاپرسیەکی ئەمریکی پیشانی داوە کەژمارەی ئێسیستەکان و
لائەدریەکان زۆر زۆر زیاترە لەجولەکەکان و زۆربەی هەرەزۆری گروپە ئاینیەکان .
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ئاماری تەنیا (۲،۱۳٪) لەدانیشتوانی زەمین لەسەدەی (۲۰) بەڕاشکاویەوە وتویانە مولحیدین ، بەڵام ئەوانەی
وتویانە لائەدریین ــ ئەگنۆستیك ــ ڕێژەیان (۱۲٪) دەبێت .
بەپێی ئەو ئامارانەشی (میشیل مالرب)لە کتێبی (مرۆڤ و ئاینەکان) دا هێناویەتی
کەلەساڵی (۱۹۹۰) کتێبەکە
دەرچوە ، (۲٥٪)
فەڕەنسیەکان خۆیان بە مولحید ئەزانن ، لە ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا (۷٪) کەمترن ئەوانەی خۆیان
بەمولحید دەزانن . ــ
هەروەها لەدانیمارك (۳.٦٪)
خۆیان بەبێ ئاین دەزانن ، لە میسیریش لەکۆی (٥۱) ملیۆن کەس (۲۰۰) هەزاریان خۆیان بەبێ ئاین دەزانن ، لە کۆریای باکور
(۱٦٪) باوەڕیان بەخودا نیە ،
(٥۲٪) وابەستەنین بەهیچ ئاینێکەوە
.
لە وڵاتی کەندا لە (٦٪)
شوێنکەوتوی هیچ ئاینێك نین ، لەوڵاتی شیلیش لە (۷٪) خۆیان بە مولحید دەناسێنن ، بەلجیکا (۹۰٪) خۆیان بەمەسیحی دەزانن ،
ئوسوترالیا لە (۱۲٪) پەیوەست نین
بەهیچ ئاینێکەوە ، نەمسا لە )۹٤٪) خۆیان بەئایندار ئەزانن ، ئەوەی ژمارەیەکی زۆری مولحیدی هەبێت
وڵاتی سینە .
ھەروەھا زانکۆی ئۆکسفۆرد
لەساڵی (۱۹٨۲)هەستا بەدەرکردنی مەوسوعەی
مەسیحی جیهانی ، کە توێژینەوەیەکیان کرد بەبەشداری (۳۷۰)توێژەر لە (۲۲۳) وڵات ئەنجامدرا ، توێژینەوەکە (۱۲) ساڵی خایاند ، لەساڵی )۱۹٦٨ ــ ۱۹٨۰) لە توێژینەوەکەدا هاتوە لەساڵی (٥۰۰) ز ، ڕێژەی مەسیحیەکان
لەجیهاندا (۲۲٪) بووە ،
لەساڵی (۱٥۰۰) ڕێڕەکە دابەزیوە بۆ (۱۹٪) لەساڵی (۱۹۰۰) ڕێژەی مەسیحیەکان گەیشتۆتە (۳٤.٤٪) لەساڵی (۱۹٨۰) ڕێژەکە دابەزیوە بۆ (۳٨.٨٪) ، هەروەها عەلمانیەت ــ لادینی ــ
بەشێوە جۆراو جۆرەکانیەوە بۆنمونە ، مادیەتی زانستی ، ئیلحاد ، شوعیەت ، نازانمێتی
، فاشیەت ، مەزهەبی مادی ، مەزهەبی ئینسانی لیبراڵی ، ڕێژەی سیکۆلاریزم بەرزبۆتەوە
، لەساڵی (۱۹۰۰) ڕێژەیان (۲٪) بووە ، لەساڵی (۱۹٨۰) ڕێژەیان گەیشتۆتە (۲۰.٨٪) بەرزترین ڕێژە لەسوید تۆمار کراوە (۲٨.۷٪) بووە ، نزمترین ڕێژەش لە یۆنان تۆمار کراوە کە (۰.۳٪) بووە ، لەنەرویجیش لە (۱.۷٪) بووە ، لە وڵاتە شوعیەکاندا
بەرزترین پلە لە ئەلبانیا تۆمار کراوە (۷٤٪) بووە ، لە وڵاتی چین (۷۱٪) و لە یەکێتی سۆڤیەت (٥۱.۲٪) بووە ، نزمترین پلەش
لەوڵاتە شوعیەکاندا لە کەمبۆدیا تۆمارکراوە کە (٥.۲٪) بووە ، لە پۆڵنداش (۹.٥٪) بووە .
لەوڵاتانی ئیسلامیش بەرزترین ڕێژە لە ئوردون بووە کەلە (۲٪) بووە ، نزمترین ڕێژەش لەتورکیاو لیبیدا بووە (۰.۱٪) بووە .
لەوڵاتانی ئاسیاو ئەفریقیا یابان بەرزترین ڕێژەی تۆمار کردووە (۱۲٪) وڵاتی غینیاش نزمترین ڕێژەی
تۆمار کردوە (۰.۱٪) ، لەوڵاتانی
ئەمریکای لاتین ئۆرۆگوای بەرزترین ڕێژەی تۆمار کردوە (۳٥.۱٪) پاراگواییش نزمترین ڕێژەی تۆمار کردوەکەلە (۰.٥٪) بووە .
دەربارەی ئەوپرسیارەشی (ئایە باوەڕت بەخودا هەیە ؟) توێژەران هەستان لە (۱۲) وڵاتی ڕۆژئاوا لەگەڵ
ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاو یابان توێژینەوەیان کرد ، لەنێوان ساڵانی (۱۹٨۱ ــ ۱۹٨۲) بەشی
کۆمەڵناسی لەزانکۆی (توندنهایم) لە نەرویج هەستان بەبڵاو کردنەوەی ئەنجامی
توێژینەوەکە .
لەتوێژینەوەکەدا ئەوە پیشان دەدات کە زۆرترین ڕێژەی مولحید لەوڵاتی یابانە بەڕێژەی
(۲۳٪) و نازانمیەکان بەڕێژەی (۳٨٪) لە سویدیش ڕێژەی
مولحیدەکانی (۳٥٪) و ڕێژەی
نازانمیەکانی (۱٤٪) بووە ،
لەویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاش کەمترین ڕێژەی مولحید تۆمارکراوە کە (۲٪) بوەو ڕێژەی نازانمیەکان لە (۳٪) بووە .
هەروەها بەپێی بڵاوکراوەیەکی
(نیورك تایمز ) لە بەرواری (۲۷ ـ ۲ ـ ۱۹۹۳) لە (۹٦٪) ئەمریکیەکان بەڕاشکاوی خۆیان بەباوەڕدار دەزانن
.
هەروەها گۆڤاری (US News and world peport) لە
بەرواری (٤ ـ ٤ ـ ۱۹۹٤) ئامارێکی
خستۆتەڕوو کەتێیدا لە (۹۳٪) ئەمریکیەکان
خۆیان بەباەڕدار دەزانن ، وەلە (٥٪)خۆیان بە مولحید دەزانن .
لەلایەکی ترەوە بەپێی کتێبی (ڕاستیەکانی جیهان ) (the world
fact book) کە (CIA) دەری دەکات ، ڕێژەی مولحیدەکان (۲.۱٪) لەکۆی دانیشتوانی گۆی زەوی ،
وە بێ ئاینەکان ڕێژەیان (۹.٦٦٪) دەبێت .
بەپێی سەرژمێری ( الیورستان یورو بارومتر) لەساڵی (۲۰۱۰) ڕێژەی مولحیدەکان لەئەوروپا
(۲۰٪) دەبن ، لەسەر ئاستی وڵاتیش
فەڕەنسا لە )٤۰٪) مولحیدن ،
بەریتانیاش لە (۲٥٪) مولحیدن .
چەند سەرژمێریەکیش ئەوەیان خستۆتەڕوو کە لەکەنەدادا لە (۲۳٪) مولحیدن ، ئەمریکاش لە (۹۰٪) خۆیان بە باوەڕدار دەزانن .
بەپێی ئەو ئامارەش کە عادل
باخەوان خستویەتەڕوو لەکیشوەری ئەوروپا (۷٥٪) خۆیان بە ئایندار دەزانن ، لەسەدا (۳۱٪) خۆیان بەبێ ئاین دەزانن ،
لەسەدا (٦٪) خۆیان بەمولحید دەزانن .
لەسەر ئاستی وڵاتیش فەڕەنسا (٥٦٪) باوەڕیان بەخوا هەیە ، لە (٤٤٪) باوەڕیان بەخودا
نیە .
لەویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکاشدا لە (٨۱٪) خۆیان بەئایندار دەزانن ، لە ( ۱٦٪) خۆیان بەبێ ئاین دەزانن
، لە (۱٪) خۆیان بە مولحید دەزانن .
سەبارەت بەزانایانییش (باروخ
شالیڤ) لەکتێبی (سەد ساڵ لەخەڵاتی نۆبڵ ) دەڵێت : ڕێژەی ئەو زانایانەی کە
ئەیسیست یان لائەدری یان بێ ئاینن و خەڵاتی نۆبڵیان بەدەست هێناوە لەساڵی (۱۹۰۰ ــ ۲۰۰۰) ڕێژەیان (۱۰٪) دەبێت ، وە لەو ڕێژەیەش لە (۳٪) لەهەڵگرانی خەڵاتی نۆبڵ مولحیدن .
هەروەها کۆمەڵی ئەمریکی (AAAS) ، لە
کۆبونەوەی ساڵانەیان لە (۲۰۱٤) وەرەقەیەکی بەحسیان پێشکەش کرد ، دەریخست
لەجیهاندا (٤٪) زانایان مولحیدن .
بەپێی ئەم ئامارانەبێت رێژەی مولحیدەکان لەجیھاندا لەچاو باوەڕداراندا کەمن
، بەڵام وەکو جعفر شیخ ئیدریس دەڵێت : ھەرچەند ڕیژەی مولحیدان کەمن بەڵام
کەمینەیەکی کاریگەرن
کەمینەیەکن کەلەجیھاندا دەنگیان دلێرەو کاریگەریان داناوە لەسەر دەورو بەر ،
بەتایبەت لەسەر توێژی گەنجان کاریگەریەکان تۆخترن ، لەکوردوستانیشدا ھەستی
پێدەکەین کەگەنجان کەوتونەتە ژێر کاریگەری تیورە ئیلحادیەکانەوە ، ئاماژەیەکی تر
کەلە ئامارەکانەوە وەری دەگرین ئەوەیە بەپێچەوانەی بانگەشەو پێشبینی مولحیدەکان
کەبانگەشەی مردنی خودایان کرد وەکو نیتچە ، یان وەك ئەندرێ ماڵرو دەڵێت : سەدەی
بیست و یەك سەدەی بی باوەریە .
بەڵام ئەم پێشبینیەی ئەندرێ مالرۆ یەکەم پێشبینی نیە کرابێت بۆ مردنی خودا ،
بۆکۆتایی ھاتن و توردانی ئاین و باوەر ، بەڵکو لەسەدەی نۆزدەو بیست چەندین بیرمەند
ھەبوون پێشبینیان کردوە کەچیدی شوێنێك بۆخودا نەماوە ، چیدی ئاین جێگەی بایەخ نیەو
زانست جێگەی بەئاین لێژ کردوە ، بەڵام واقع پێچەوانەی ئەوەی پیشانداین و دەری خست
کە مرۆڤ ناتوانێت ھەروا بەئاسانی واز لەئاین و خودا بھێنێت و توڕی بدات بەڵکو ھێشتا مرۆڤ پێویستی بەئاینەو
ئەم ئامارانەش پشت ڕاستی بۆچونەکانمان دەکاتەوە .
- ــ مرۆڤ و ئاینەکان ،ل ٥۷۹ ــ ٥٨۲ .
- کۆتایی
عەلمانیەت ، ل ۱٦۹ ــ ۱۷۳ .