Saturday, 26 August 2017

ڕەھبانیەت

ڕەھبانیەت

 ئیلحاد لەتەرازودا -11- 
ئاڤار قەرەداخی

ئەو سەردەمەی کەقەڵەمڕەوی مەسیحی بەرەبەرە لەئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیدا زیادی دەکرد ،سەرھەڵدانی بزووتنەوەیەکی ئاینی بەخۆوەدی کەلەسەرەتادا لەکڵێسا جیابوو ،بەڵام ھێندەی نەبرد کەبوو بەبەشێكی بنەڕەتی سیستمی کڵێسایی ،دەکرێت بڵێین ڕیشەی ژیانی دونیانەویستی و کەنارگیری لەبنەرەتە یەکەمینەکانی مەسیحیەتدا ھەبوو .
سەرەتاکانی لەسەدەی سێیەمی زاینی لەمصر دەرکەوت ، سەرھەڵدانیشی بەچەند دەستپێشخەریەکی تاکەکەسی چەند پیاوێکی ئاینی بوو ، وەك جۆرە ناڕەزاییەك لەچەند ھاوڕێیەکیان کەدەستیان وەردەدایە کاروباری دونیایی و سیاسی ، بەو جۆرە ئەشکەوتەکان و لوتکەی شاخەکان چەندین کەنارگیری لەخۆدەگرت کەخۆیان بۆپەرستنی خوا یەکلایی کردبوەوە ،ئەو ھۆکارانە تاکە ھۆکار نەبوون بەڵکو ھەندێکیان لەدەست چەند ڕاوەدونانێك پەنایان بردە بەر شاخەکان وھەندێکی دیکەش بۆبەدەستھێنانی ناوبانگ و ناودەرکردن بەکەسی چاك و پاك ئەو کارەیان دەکرد .
ئەم بیرۆکەیە لەسەر دوانەگیری جەستەو گیان وەستاوەو بەیەکگرتنی ئەو پەیوەندیە باوەڕدار لەپێناو گەیشتن بەپلەی پاکبونەوەی گیانی دەستبەرداری پێداویستیەکانی جەستە دەبێت ، بۆئەمەش پشت دەبەستن بەچەند وتەیەکی قەدیس بوترس کەجەخت دەکاتەوە لەسەر گرنگی وەلانان و ڕۆچونە ناوکارو بارەھەستیەکان ، بەڵکو باوەڕداری چاك بەپێی وتەی قەدیس بوترس دەبێت بەھەموو پێکھاتەکانیەوە دەبێت بەرەو پەرستنی خودا بچێت ،ھەندێك لەڕوھبانەکان کۆمەڵێك لە دونیا نەویستەکانیان کۆدەکردەوە تالەپەرستگاکانیاندا کارو پەرستش بکەن ، بەو واتایەی خۆدابڕین بۆ خوای گەورە بەبێ کاری بەسود نابێت ، لەوانە ئەنتۆنی و باخۆمیوس بوون ،لەکاتێکدا باسیل کاری دەکرد بۆڕێکخستنی کاروباری دیرەکان ، ئەو ئاماژەدەدات بەگرنگی بەشداریکردن لەپەرستش و کاری خۆبەخشی بەکۆمەڵ .[1]
ڕەھبانیەت وەکو زۆرێك لە کارەکانی تری پیاوانی ئاینی مەسیحی زیادەڕەویان تێداکردو شتی سەیرو سەمەرەیان بەناوی دینداریەوە ئەنجامدەدا ، ھەرلەئازاردانی جەستەو پیس راگرتنی و دەیان کاری تر کەچەند نمونەیەك دەخەینە ڕوو .

ڕەبەن ماکاریۆس : لەبارەی ڕەبەن ماکاریۆسەوە دەڵێن بۆماوەی شەش مانگ لەنێو قوڕو لیتاوو زۆنگاودا نوستوە تابەڵکو مێش و مەگەزی ژەھرین لەشەروتەکەی بچزێنێت ، جگە لەمە (20 – 30) کیلۆ ئاسنیشی لەکۆڵداوە .
ڕەبەن یوسیبیس : ھاوڕێی ڕەبەن ماکاریوس (40 – 50) کیلۆ ئاسنی بەسەر شان دادابو ماوەی سێ ساڵیش لەناو بیرێکی کەم ئاودا نیشتەجێ بوو .
ڕەبەن یوحەنا : رەبەن یوحەنا ماوەی سێ ساڵ لەسەر قاچێك خواپەرستی کردوە ، بەدرێژایی ئەو ماوەیەش پاڵنەکەوتوەو دانەنیشتوە ، کەماندوش بوە ھەربەپێوە پاڵی داوە بەتاشەبەردێکەوە .
ڕەبەنی تر ھەبون ھەردەم ڕووت بون و لەشی خۆیان دانەدەپۆشی ،پرچە درێژو ئاڵۆسکاوەکەیان بەسەر خۆیاندا دەداو لەسەر دەست و قاچ دەڕۆیشتن ، زۆربەیان لەنێو ئەشکەوت و بیرە وشك بوەکان و لەنێو گۆڕستاندا دەژیان و بەزۆری پوش و پەڵاش و گیاو گژەیان دەخوارد ،پێیان وابو پاك و خاوێنی جەستە دژی خاوێنی ڕۆحە و شۆردنی ھەر ئەندامێکی لەشیان بەگوناھ دادەنا ، مرۆڤی زۆر زاھیدو لەخواترس لەلایان ئەوکەسانە بوون کەزۆر پیس و پۆخڵبوون و دوربون لەپاك و خاوێنی .
ڕەبەن ئەتھینس دەڵێت : ڕەبەن ئەنتۆنی بەدرێژایی تەمەنی خۆی گوناحی قاچ شۆردنی توشی خۆی نەکردوە ، ڕەبەن ئەبراھام ماوەی پەنجا ساڵ ئاو بەر ڕوخسارو قاچی نەکەوتوە ،ڕەبەن ئەئەسکەندەر دوایی تێپەڕ بوونی رۆژگارێك بەداخ و پەژارەوە دەیگوت : داخی گرانم پێشتر شۆردنی دەم و چاومان بەگوناھ دادەنا ئێستاش بۆ گەرماو دەچین !
ڕەبەنەکان لەشاردا  دەگەڕان منداڵ و ڕۆڵەیان لەئامێزی دایکان دەفڕاندو دەیانبردنە چۆڵی و پەرستگاکان و لەوێدا پەروەردەیەکی رەبەنانەیان دەکردن و دەیانکردنە رەبەن ، حوکمەتیش ھیچی لەدەست نەدەھات .
گەورەی ڕەبەنەکان و ناودارانی مێژووی نەسرانی بەوە ناسرابوون کەلەڕفاندنی مناڵدا بەدەست و بردو جەربەزە بوون ، ڕفاندنی مناڵ گەیشتبوە ڕادەیەك کەدایکان ڕەبەن ئەمبرۆسیان دەدی ھەرزوو مناڵەکانیان دەشاردەوە ، دایك باوکان دەسەڵاتیان لەسەر منداڵەکانیان نەمابوو ، دەسەڵات و سەرپەرشتی مناڵان کەوتبوە دەستی کەشیش و ڕەبەنەکان .[2]
ئەم ڕەبەنایەتیە نەبوە ھۆی ئەوەی پیاوانی ئاینی و کۆمەڵگای مەسیحی دورکەونەوە لە بەدڕەوشتی و خراپەکاری ، چونکە ڕەھبانیەت پێچەوانەی سروشتی مرۆڤەو ھەر کارێکیش پێچەوانەی سروشتی مرۆڤ ھەرزوو فەشەل دێنێت و کاریگەری خراپی زیاتردەبێت ھەتا کاریگەری باشە ، بەپێی یاساکانی کڵێسە پیاوانی ئاینی بۆیان نەبوو ژن بھێنن ، بەمەش بەد ڕەوشتی و خراپەکاری بڵاو بویەوە لەنێوان پیاوانی ئاینیدا ، تەنانەت ڕاھیب و ھەموو دەزگا کەھنوتیەکانیشی گرتەوە .[3]

پسوڵەی لێخۆشبوون
کەنیسە داھێنانی سەیرو دەگمەنیان بەشێوەیەك وێنەی نەبوو لەمێژووی ئاینەکان ، کەنیسە ھەستا بەفرۆشتن و دابەشکردنی بەھەشت بەسەر خەڵکیدا بەشێوەیەك ھەرکەس لەپێناوی کەنیسە بچوایە بۆجەنگ و ئامادەبوایە گیانی خۆی لەپێناو کەنیسەدا ببەخشێت ، ئەوا پسوڵەی لێخۆشبونی پێدەدرا ، کەنیسە بۆبەرزکردنەوەی ورەی سەرابزەکانی ھەستا بەبەکارھێنانی پسوڵەی لێخۆشبون ، وەك ویل دیورانت دەڵێت : پسوڵەی لێخۆشبون بەکاردەھێنرا بۆئەوانەی لەشەڕی خاچ بەدەستاندا لەدژی موسوڵمانان بەشداردەبوون .
ھەروەھا ئەوکەسانەشی پارەو سەروەتی ھەبوایە دەیتوانی پسوڵەی لێخۆشبون بکڕێت ، ھەرکەس ئەوپسوڵەیەی پێبوایە ئەوا دڵنیا دەکرا کەگوناھەکانی ڕابردوو داھاتوی ھەمووی سڕاوەتەوە ،گوناھەکانی ھەرچی بووبێت و ھەرچەند گەورە ش بوبێت ، ھەتا کارگەیشتبوە ئەوەی پسوڵەی لێخۆشبونیان بۆمردوانیش دەکرد .
لەپسوڵەی لێخۆشبونەکەدا نوسرابوو (خودامان یەسوع بە ......... "ناوی کەسەکە دەنوسرا" پاشان داوای لێخۆشبونیان بۆدەکردو داوایان دەکرد یەسوع بیخاتە بەھەشتەوە .[4]
ئەم کارەی کەکەنیسە پێی ھەستا ناکرێت بڵێین کاریگەری نەبوە لەسەر ناشرینکردن و بوخزاندنی ئاین لەدەڵی خەڵکیدا ، بەتایبەت لەدوای بزوتنەوەی چاکسازی و ڕێنیسانزەوە بیرمەندان تەماشایان کردوە ئەم ئاینە بەھەشت دەفرۆشێت و دابەشی دەکات و قاسەو ماڵی کەنیسەی پێ پردەکات ، لەکاتێکدا ئەمکارە ھەرگیز لەگەڵ ژیری مرۆڤدا یەکناگرێتەوە ، جوڵانەوە نامۆکانی کەنیسە لەسەر یەکتر کەڵەکەبون ھەتا گەیشتەئەوەی پشتی ئاین بەگشتی و ئاینی مەسیعی بەتایبەتی لەژێردیدا بشکێت و خەڵکی لەھەلێك بگەرێن بۆدەرچون و دەربازبون لەژێر دەست و چەتری کەنیسەو دواتریش واز لەخودی ئاین و تەنانەت خوداش بھێنن .







[1] - پوختەی مێژوی ئەوروپا ، ل 79 – 80 .
[2] - بەداڕوخانی موسوڵمانان جیھان چ زیانێکی لێکەوت ، ل 248 – 249 .
[3] - مێژووی ئەوروپا لەسەدەکانی ناوەڕاست ، ل 221 .
[4] - العلمانیە ،ص  110 – 116 ، بەپوختی .

No comments:

Post a Comment

 دووفاقیەکانی مەریوان وریا قانع  (ئازادیی ڕادەرڕین و جێندەر) ئاڤار قەرەداغی مەریوان کەسێکە خۆی زۆر پێخوێنەوارە، بەردەوام هێرش دەکاتە سەر مو...