Wednesday, 9 January 2019


خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ کتێبی ئایین و کێشەکان

ئاڤار قەرەداخی

کتێبی ئایین و کێشەکان لە ساڵی (2018)دا چاپ کراوە، کتێبی ژمارە (23)ی ھەژانە، لە دووتوێی (186) لاپەڕەدا. کتێبەکە زۆر بابەت لە خۆی دەگرێت وەك بابەتەکانی پەیوەست بە خوداوە، بابەتەکانی پەیوەست بە پەیام و پەیامبەرەوە، بابەتەکانی دادپەروەری و کێشەی ژن... کە نووسەر ھەوڵی داوە لە ڕوانگەی خۆیەوە، چارەسەرێکی گونجاو و دوور لە پینەوپەڕۆیان بۆ بکات، ئێمەیش لە سێ تەوەرەدا خوێندنەوەی بۆ دەکەین و، تێبینییەکانی خۆمانی لەبارەوە دەخەینە ڕوو.

تەوەرەی یەکەم
پرسی خودا و کتێبی ئایین و کێشەکان.
نووسەر دەڵێت: (لە ڕابردوودا سێ بەڵگە پێشکەش دەکران بۆ سەلماندنی بوونی خودا، بەڵگەی گەردوونناسی کە ھەموو شتێک لە دەرئەنجامدا ھۆکارێکی ھەیە، ئەویش ھۆیەکی تری ھەیە ھەتا دەگاتە خودا، کە ھۆکاری ھەموو ھۆکارەکانە کە لەلای فەیلەسووفەکان بە بەڵگەی (علە-معلول) ناو دەبرێت.
بەڵام دوای خوێندنەوە و توێژینەوە، بۆم دەرکەوت کە بونیادی ئەم بەڵگەیە لاوازە، چونکە ناکرێت شتەکان بەزنجیرەیی بۆ خودا بگەڕێنەوە، بەتایبەت لەسەردەمی کانتدا ھەموو ئەوەی لەسەر ئەمە بونیاد نرابوو، ھەمووی ڕووخا.
بەڵگەی ئامانجناسی کە ئەم بوونە ئامانجێک لە درووستبوونیدا ھەیە، مادام ئامانجیش ھەیە کەواتە دەبێت کەسێکیش ھەبێت ئەو ئامانجەی بۆ دانابێت، چۆنیش دەزانین ئامانجی ھەیە، چونکە سیستەمێکی تێدایە، زانا ئەزموونگەراکان زۆر ئیشیان لەسەر ئەم بابەتە کردووە، بەڵام بۆم ڕوون بوویەوە ئەگەر ڕای ئەمانەیش ڕاست بێت و سیستەمێک ھەبێت، ئەوا تەنھا داھێنەرێک دەسەلمێنێت نەك خودایەك، داھێنەر و خودا دوو شتی لە یەك جیاوازن.
بەڵگەیەکی تر کە بەناوبانگە و فەیلەسووفە مەسیحییەکان جەختیان لەسەر کردووەتەوە بە ناوی بەڵگەی بوونناسی، کە ئانسلم دای ھێناوە و دەڵێت: ئەگەر من ھەبوویەک وێنا بکەم و ھیچ لەو کامڵتر نەبێت، ئەوا دەبێت ئەو ھەبووە لە دەرەوەی منیش بوونی ھەبێت، چونکە ئەگەر لە دەرەوەی من بوونی نەبێت، کەواتە کامڵ نییە.) (ئایین و کێشەکان، ل 1011)
نووسەر ھەموو بەڵگە دەرەکییەکان بە لاواز دەزانێت و، پێی وایە ناتوانین بەو بەڵگانە بوونی خودا بسەلمێنین، ھەرچەندە ڕەخنەگەلێکی وەھای نەھێناون، کە لەو بەڵگانە گیرا بن، جگە لەوەی بەشێکی زۆری پێداھەڵدان و دووبارەکردنەوەی وتەکانە، نەوەک بەڵگەکاری کردبێت، زیاتر بە وتەیەك دەیەوێت لاوازیی بەڵگەکانمان پێ نیشان بدات، بۆ نموونە دەڵێت: شەڕ بەڵگەی ناسیستەمیی ئەم بوونەیە، خەڵکی بۆ لە برسا دەمرن و، نەخۆشی لە ناویاندا بڵاو دەبێتەوە؟ بۆچی مرۆڤەکان یەکتر لەناو دەبەن؟ (ل-10)
لە لاپەڕە (21)دا دەڵێت: چەندەھا میلیۆن دۆلار خەرج کراوە، بە دەیان کتێب نووسراون لەسەر سەلماندنی بەڵگەکانی بوونی خودا، کەچی ئێستا مرۆڤێکی عاقڵ تەنھا بە وردبوونەوە لێیان تێ دەگات چەندە لاواز و پووچن!
بە دوایشیدا وتەیەکی ئۆنا مۆنۆ دەھێنێتەوە، کە دەڵێت: من دەپرسم ئایا خودا دەیتوانی، بە ناسیستەمی، دونیا درووست بکات؟ ئەگەر وەڵامتان بەڵێ بێت، ئەوا بەڵگەی ئێوە ھەڵدەوەشێتەوە، ئەگەر نەخێریش بێت کەواتە خودا بێتوانایە و شایستە بە خودایەتی نییە.
لە لاپەڕە (27)دا دەڵێت: بە ھاتنی کانت و ھیوم ئەم بەڵگە دەرەکییانە ڕووخان، کانت شۆڕشێکی گەورەی فیکریی بەرپا کرد، دەڵێت (واتە کانت دەڵێت) ئەو کودەتایەی بەسەر بەتلیمۆسدا کرا، منیش لە بواری فەلسەفەدا کردوومە. ھەر ئەمەیش وای کرد بە باوکی فەلسەفەی نوێ دابنرێت. پێش کانت یەکێک لەوانەی زۆر درکی بەکەموکورتیی بەڵگە دەرەکییەکان کردبوو ھیوم بوو. ئەم بەڵگانە پشت بە بەڵگەنەویستەکان دەبەستن، ئەم بەڵگەنەویستانەیش ھەموویان بەڵگەنەویستی حەتمی نین، بەڵکوو ئەگەری ھەیە وابێت و ئەگەری ھەیە وا نەبێت.
نووسەر ھێندە گرنگیی داوە بە لاواندنەوە و ستایشی کانت، ھێندە نەھاتووە بۆچوونەکانی بخاتە ڕوو، بۆ نموونە باسی کانت دەکات کە زانای فیزیا بووە، پێش ئەوەی ببێت بە فەیلەسووف، کە ھەمووی پێداھەڵدان و وسفە نەک ڕەخنەگرتن لە بەڵگە دەرەکییەکان، ئەمەیش ونکردنی خوێنەرە. لە لاپەڕەکانی دواتردا چەندین جار ئەم بابەتە دووبارە دەکاتەوە (لەدوای کانتەوە بڕوا بەبەڵگە دەرەکییەکان کز بوو، یان تا پێش کانت فەیلەسووفەکان بڕوایان بە بەڵگە، ھەتا کانت.)
ئەو دێڕانە کە نووسەر زۆریان دووبارە دەکاتەوە، لەگەڵ چەندین چیرۆک کە ھیچ پەیوەندییەکیان بەبابەتەکەوە نییە و، بەڵگە نیین بەڵکوو وەسفن بۆ کانت. بۆ نموونە لە لاپەڕە (35)دا، نووسەر دەڵێت: کانت گەورەترین فەیلەسووفی سەردەمی نوێیە، دوو تایبەتمەندی لە کانتدا ھەن:
یەکەم: ھەموو داھێنانەکانی لەدوای شەستساڵییەوە بوون.
دووەم: کەسێکی زۆر ورد بووە، خەڵکی شارۆچکەکە وەك کاتژمێر بەکاریان ھێناوە. پیاسەیەکی ئێوارانی ھەبووە، ئەو کاتەی کانت دەر چووەتە دەرەوە، خەڵک بینیویانە و بۆیان دەرکەوتووە کە کاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆیە.
ئەم بەسەرھاتە لە لاپەڕەی (28)دا ھێناویەتی، بە ھەمان شێوە، لە لاپەڕە (34)دا، نووسەر دەڵێت: کانت ڕێگەیەکی تری دۆزییەوە بۆ ئەم بابەتە، وتی: ھەموو ئەوەی ئەوان پشتی پێ دەبەستن یان بەڵگەی بەدواییەکداھاتنە، کە ناکرێت بەڵگەی زنجیرەیی بەردەوام بێت، لە سەردەمەکانی پێشودا دەیانوت زنجیرە مەحاڵە ناکرێت وا بێت، بەڵام کانت وتی مەحاڵ نییە، ھەروەھا بەڵگەی ھۆ و دەرئەنجام، کە شتێک ھۆکاری شتێکی ترە، ھیوم و کانت سەلماندیان مەرج نییە ھەر شتێک ھۆکار بوو، ئیتر دەرئەنجامیشی ھەبێت، نموونەیەکی سادە ئەویش ئەوەیە ئاگر ھەیە، بەڵام حەزرەتی ئیبراھیم ناسووتێنێت، کانت وتی: ھەموو ئەوەی ئێوە وا دەزانن لە دەرەوەیە و، ڕێسای بوونە لە بنەڕەتدا لەناو زەینی ئێمەدایە، ئەوا ئێمەین بوون پۆلێنبەندی دەکەین و، ھۆ و دەرئەنجامی دیاری دەکەین، دەی خەینە ناو کات و شوێنەوە، ئەوە عەقڵە بوونمان بۆ پۆلێن دەکات ھەتا بیناسین، ئەگینا لە ڕاستیدا وا نییە، ئەوە زەینی ئێمەیە دەڵێت دوو دژ پێکەوە کۆ نابنەوە.
کانت باوەڕی وایە، زەینی ئێمەیش بۆ ئەوەی لە واقیع تێ بگات، لە شێوەی تاقیگەیەکدایە، کۆمەڵێک شتی تێدایە دەبێت بە پێشگریمانە دایان بنێین، دواتر لە واقیعدا لێی دەگەین، بۆ نموونە کات خۆی بۆ خۆی بوونی نییە، بەڵکوو لەناو زەینی ئێمەدا بوونی ھەیە. تەنانەت خودایش لای کانت، یەکێک لەو پێشگریمانانەیە کە ئەگەر ئێمە پێشگریمانەی نەکەین، بوونی نییە، ئەمە کودەتایەکی گەورە بوو کە کانت ئەنجامی دا، بەسەر فکری مرۆڤایەتی، فەلسەفە، فەلسەفەی دین و بەڵگە ئایینییەکانیشدا.
ئەو بەڵگانەی پێشوو، ھەرچەندە ھێشتا خەڵکانێک ھەن بەرگرییان لێ بکەن، بەڵام فەیلەسووفە گەورەکان زۆر جار گاڵتەیان بەم بەڵگانە کردووە، ڤۆڵتێر یەکێک لەو کەسانە بوو، کە گاڵتەی بەو فەیلەسووفانە دەھات، کە ئەم بەڵگانەیان پێشکەش دەکردن.
نووسەر لەلاپەڕە (38)دا، دەڵێت: لێرەدایە قوتابخانەی نوێ لە فیکردا درووست دەبێت، وەک دیاردەناسی "فینۆمینۆلۆجیا" خاڵی ئەم قوتابخانەیە لە کانتەوە دەست پێ دەکات، شتێک کە زۆر گرنگە ئەویش ئەوەیە، حەقیقەت خۆی بۆ خۆی گرنگ نییە، بەڵکوو حەقیقەت چۆن بۆ من دەر دەکەوێت گرنگە، خودا ھەیە یان نییە لە واقیعدا گرنگ نییە، دەرکەوتەی خودا بۆ من گرنگە!
لە لاپەڕەی (39)دا دەڵێت: بابەتی بوون و نەبوونی خودا بەم شێوەیەیە، خودا ھەیە یان نییە لە ڕووی زانستەوە گرنگ نییە، بەڵکوو ئەوەیە کە دەبێت بەڵگەی بۆ بھێنینەوە و، دوای نەخەین، بەبێ ئەوە ژیانمان واتای نابێت، مەبەست تەنھا بەڵگەکە نییە، بەڵکوو پێویستیی بەڵگەکانە بۆ ئێمە.
م. تەحسین لە کۆتاییدا دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی، کە ئێمە ناتوانین بەڵگەی یەکلاکەرەوە لەسەر بوون یان نەبوونی خودا بھێنینەوە، لە لاپەڕە (66)دا، دەڵێت: ئایینەکان دەڵێن ڕاستە بەڵگەیەکی ڕەھامان نییە، لەسەر ئەوەی خودا بوونی ھەیە، چونکە ئەگەر ھەمان بێت، خۆی لە دژی خۆی دێتەوە، ئێوەیش ھیچ بەڵگەیەکتان نییە، بیسەلمێنێت کە خودا بوونی نییە، چونکە ئەگەر ھەتانبێت، خۆی لە دژی خۆی دێتەوە.
لێرەدا پێویستە ھەڵوێستەیەک بکەین لەسەر بۆچوونەکانی م. تەحسین، کاتێک م. تەحسین دەڵێت: بەڵگەی ھۆکاری لاوازە و، جێگەی متمانە نییە، پشت بە داڤید ھیوم دەبەستێت، ڕەتکردنەوەی پەیوەندیی ھۆ و ئەنجام، دەبێتە ھۆی لەناوبردنی ھەموو مەوزوعیەت و بابەتێکی دەوروبەرمان و، زانستەکان لە بناغەوە دەردەھێنێت. (گەشتی عەقڵ – ل 69)
یاسای ھۆکاری و ئەو پەیوەندییە ھۆکارییەی ھەیە لە دوو شێوەدا خۆی دەنوێنێت:
گشتی: پەیوەندی لەنێوان ھۆ و ئەنجامدا ھۆکاری گشتییە، ئەگەر ھاتو ھۆکارەکەی بەشێوەیەکی فتری بزانرێت و، پێوستییەکی عەقڵی بوو.
ھۆکاری گشتی مەبدەئێکی فیترییە و پێویست بەوە ناکات، بەڵگەی بۆ بھێنرێتەوە، نایشگونجێت گومانی لێ بکەین. بۆ نموونە: ئەگەر زللەیەك لە مناڵێک بدەین لە کاتی نائاگاییی مناڵەکەدا و، نەیشی دیبێت کە کێ لێی داوە، دەڵیت: ئەوە کێ بوو، ئەگەر پێی بڵێی کەس لێی نەداوی، ئەوا دەزانێت لێدان بەبێ لێدەر نابێت.
تایبەت: ئەو پەیوەندییەیە کە پێویستی بە زیادەیەك ھەیە، لە زانیاری، زانست و گەڕان بۆ کەشفکردنی پەیوەندیی نێوان ھۆ و ئەنجام.
نموونەکەی پێشوو لە ڕوویەکی تریەوە بۆ پەیوەندیی تایبەتیش دەگونجێت، مناڵەکە زانیی لێدانەکەی ھۆکارێکی ھەیە، ئەمە فیتریە، بەڵام دۆزینەوە و کەشفی ئەو کەسەی لێی داوە، پێویستی بە گەڕانە، وەک کانت دەڵێت: دەتوانین بزانین ھەموو دیاردەیەک ھۆیەکی ھەیە، بەڵام بەبێ ئەزموون نازانین ھۆکاری تایبەتی بۆ دیاردەیەکی تایبەت بزانین. (الأسس المنھجة لنقد الأدیان، ج 1، ص 173175)
لەسەر بنەمای ئەنجامەکەی، پەیوەندیی نێوان ھۆ و ئەنجام دابەش دەبێت بۆ:
یەکەم: Determinis: لێرەدا پەیوەندی لەنێوان ھۆ و ئەنجامدا، پەیوەندییەکی حەتمییە، بۆ نموونە کەوتنەخوارەوەی بەردێکی ئاگراوی بۆ نێو پووشێک، ئەوا دەرئەنجامەکەی حەتمییە کە ئاگر لە پووشەکە بەر دەبێت.
دووەم: Prediction: لێرەدا پەیوەندییەکە حەتمی نییە و، ئەگەرییە (ئیحتیمالیە.)  (اوھام الالحاد العلمی، ص 77)
ئەم جیاکارییە لەلایەن ئەنتۆنی فلۆوە بەکار دێت بۆ وەڵامدانەوەی کێشەی شەڕ لە بووندا، ئەنتۆنی فلۆ لە پەیوەندیی حەتمیدا، نموونە بە خۆرگیران دەھێنێتەوە، ئەگەر خۆر، مانگ و زەوی بکەونە سەر یەك ھێل، ئەوا حەتمییە دەبێت خۆرگیران ڕوو بدات. ( گەشتی عەقڵ، ل 70)
ئەنتۆنی فلۆ لە کۆتاییدا دەڵێت: ئێستا باوەڕم بەوە ھەیە کە ھیوم و زۆری تریش، کەوتوونەتە ھەڵەیەکی گەورەوە، بە گشتگیرکردنی بنەمای چارەنووسی یاسا فیزیایییەکان و، جێبەجێکردنیان بەسەر ڕەفتاری مرۆڤدا، کە وای بۆ دەچن مرۆڤ جگە لەو کارەی ئەنجامی داوە، توانای ھەڵبژاردنی ھیچی تری نەبووە (چارەنوسی ڕەفتاری مرۆڤ.)
ئایا لێرەدا ھەست بە ھاودژییەکی بنچینەیی ناکەن لە ھزری ھیومدا؟ پێشتر حاشای لە بوونی پەیوەندی لە نێوان ھۆکار و دەرئەنجامدا دەکرد، کەچی ئێستا باسی چارەنووسیەتی ھۆکارە فیزیایییەکان و، تەنانەت ھۆکارە مرۆییەکانیش دەکات. (گەشتی عەقڵ، ل 7172)
ئەم ڕەخنەیەی فلۆ زۆر گرنگە، چونکە خودی م. تەحسینیش کەوتووەتە ھەمان دژیەکییەوە، چونکە لە لایەکەوە ڕەتی دەکاتەوە، لە لایەکی ترەوە دێت باس لەوە دەکات، کە بە ھۆکاری فەرھەنگ (کولتوور) پەیامبەر نەیتوانیوە ھەندێک لە کەموکورتییەکان ببینێت، وەک دەڵێت: کاتێک پێغەمبەران ویستوویانە گۆڕانکاری بکەن، ھەر فەرھەنگەکە خۆی ڕێگر بووە لە بەردەمیاندا، کە نەتوانن درکی ھەندێک بابەت بکەن! (ئایین و کێشەکان، ل 156)
تەماشا بکەین لێرەدا زۆر بەڕوونی، ددان بە پەیوەندیی ھۆ و ئەنجامدا دەنێت، فەرھەنگ ھۆکارە، درکنەکردنیش ئەنجامە. ئەسڵەن لە بنەڕەتدا بنەما فیکرییەکانی م. تەحسین، لەسەر پەیوەندیی ھۆ و ئەنجام وەستاون، کاتێک ئەو باس لە دەزگای سۆزاوی دەکات، یان کولتوور ئەوا باسکردنە لە ھۆکارەکان کە دەبنە ھۆی ھاتنەدیی ئەنجامەکان.
ھیوم پێی وایە، ڕەفتاری مرۆڤ ئالیەکی ڕووتە و، ئەوەی ناویان ناوە ھەڵبژاردنی ویست بوونی نییە. ئەگەر ئێمە لە مرۆڤ تێ گەییشتین، ئەوا دەتوانین ھەموو ھەڵوێستەکانی داھاتووی بزانین. ھیوم پێی وایە پاڵنەری سەرەکیی ڕەفتار چێژ و ئازارە و، ھەر بەوە لەنێوان باش و خراپدا جیاوازی دەکەن، ھەروەھا پێی وایە عەقڵ ناتوانێت ڕەفتار ئاڕاستە بکات و، کاریگەریی لەسەری نییە. (قصة الفلسفة الحدیثة، ص 246)
وەک فلۆ وتی، دەبینین ھیوم کەوتووەتە چ دژبەیەکییەکی بنەڕەتییەوە، لە لایەک ھۆ و ئەنجام ڕەت دەکاتەوە، لە لایەکیش ددانی پێدا دەنێت، زۆر بە بەھێزییش، کە ھیچ ئیرادەیەک بۆ مرۆڤ ناھێڵێتەوە.
ھیوم ڕوودانی موعجیزە ڕەت دەکاتەوە، بە بەڵگەی ئەوەی ئەزموون سەلماندوویەتی، لەسەر سیستەمێکی دیاریکراو دەڕوات، بۆیە عەقڵیش نزیکترە لە قوبووڵکردنی بەردەوامی ئەو سیستەمە، نەك تێکچوون و تێکدان و پێچەوانەییی ئەو سیستەمە.
لێرەدا حەقمانە بپرسین لە ھیوم، چۆن وا دادەنێت موعجیزە تێکشکاندنی سیستەمی سروشتییە، بەپێی تیۆرەکەت "ئایا بانگت نەدەکردین بۆ ئەوەی ھەموو ڕووداوێک ئیدراکێکی نوێیە، ھیچ پەیوەندیی نییە بە ڕووداوەکانی پێش خۆیەوە؟ بینا لەسەر ئەمە، دەپرسین چۆن موعجیزە تێکشکاندنی ئەو سیستەمە سروشتییەیە، لە کاتێکدا ڕووداوەکان پەیوەست نیین بە یەکترەوە؟ (قصة الفلسفة الحدیثة، ص 245)
بەڵگەی سیستەم بەڵگەیەکە، ئێستا لە زانستە سروشتییەکانیشدا کاری لەسەر دەکرێت، بەتایبەت ئێستا ھەریەکە لە (مایکڵ بیھی، ویلیم دیمبسکی، ستیڤن مایەر) بەوردی کار لەسەر بەڵگەی تەصمیم دەکەن، تەواوی تیۆرەکەیشیان خستنەڕووی ئەو تەصمیمەیە، کە ناکرێت بەبێ موصەمیمێک ھاتبێتە بوون، ھەرسێکیان کتێبێکیان پێکەوە ھەیە بەناوی (العلم والدلیل التصمیم فی الکون، ترجمە رضا زیدان، مرکز تکوین،) ھەر کەسێک ویستی دەتوانێت بۆی بگەڕێتەوە.
ئەگەر سەیری ئەم گەردوونە بکەین، دەبینین کۆمەڵێک یاسا و سیستەم بە شێوەیەکی زۆر ورد، کۆنترۆڵ کراون ھەتا ژیان بێتە دی، بەڵکوو ھەندێکیان ڕێکن بە شێوەیەکی زۆر ورد ھەتا گەردوون بێتە دی. بوونی ھەر کەموکووڕییەك لەم سیستەمەدا، وێرانکارییەکی گەورە دەھێنێت بە شوێن خۆیدا، ئەو وردییەی لە بەدیھێناندا ھەیە، تەنھا لە لایەنە بایۆلۆجییەکەوە نییە، یان تەنھا لەلایەنی گەردوونییەوە نییە کە تێیدا دەژیین، بەڵکوو ئەو وردەکاری و ئیتقانە لەو سونەن و یاسایانەدایە، کە ئەم بوونەیان لەسەر وەستاوە، کە بچووکترین کەموکورتی وێرانکاریی لێ دەکەوێتەوە.
بۆ نموونە (مارتن ڕیز) زانای گەردوونناسی بەریتانی، دەڵێت: ئەگەر ھێزی ڕاکێشان کەمێک زیاتر بووایە، ئەوا ئەستێرەکان گڕیان دەگرت و، مردنی خۆیان خێرا دەکرد. (شموع النھار، ص 177 179)
ئەنتۆنی فلۆیش لەو بارەیەوە دەڵێت: گومان لەوەدا نییە یەکێک لە بەناوبانگترین و بەھێزترین بەڵگەکان، لەسەر بوونی خودا بەڵگەی دیزاینە، واتە وردیی درووستبوونی گەردوون و، ئەو یاسا و ڕێکخراوییەی سروشت لەسەری دەڕوات، بەڵگەیە لەسەر بوونی دیزاینەرێکی زیرەک.
بێگومان ئەو زانیارییە زۆرەی زانستی نوێ لە بواری یاساکانی سروشت، درووستبوونی گەردووندا، درووستبوونی ژیان و جۆراوجۆریی زیندەوەرەکان خستوویەتیە ڕوو، ئەو بەڵگەیەی بە چەندین بەڵگەی پێشەکییەوە دەوڵەمەندتر کردووە، کە زۆر یارمەتیدەر بوون، بۆ ئەوەی بگەمە ئەو دەرئەنجامە.
ئەگەر ئێمە یاساکانی سروشت پێناسە بکەین، بەوەی کە بریتین لە ڕێکخستن و گونجان لە سروشتدا، ئەوا بێگومان بوونی ڕێکخراوی و گونجان گرنگترین ئەو لایەنانەن، کە واتا بە یاساکانی سروشت دەدەن و، دەیانکەنە بەڵگە لەسەر بوونی دیزاینەرێکی زیرەک.
بەڵام ئەوەی زیاتر بەڵگەیە ئەوەیە، کە ئەو یاسایانە جیھانی (یونیڤێرساڵ)ن و، بە یەکەوە پەیوەندیدارن و دەکرێ بە دەستەواژەی بیرکاری گوزارشتیان لێ بکرێت.
لێرەدا پرسیارە تەوەرەیییەکە ئەوەیە: چۆن سروشت لەسەر ئەو یاسانە و، بەو شێوەیە درووست کراوە؟ زۆربەی زاناکانی فیزیا، وەڵامێکیان بۆ ئەم پرسیارە پێ نییە، تەنیا دداننان نەبێت بە بوونی خودایەکدا. (گەشتی عەقڵ، ل 98 99)
ڤێرنەر ھایزەنبێرگ دەڵێت: چی وا لە جووڵەی دەرزیی موگناتیسی دەکات، بە ئاڕاستەی باکوور یان باشوور بووەستێت؟ بەدڵنیایییەوە ئەوە سیستەمێکی سەرسووڕھێنەرە، کە ھێزێکی دانای بەتوانا بە ڕێوەی دەبات، ھێزێک کە ئەگەر ون ببێت، ئەوا کارەساتی زۆر خراپ تووشی ڕەگەزی مرۆڤایەتی دەبێت، کارەساتی زۆر خراپتر لە تەقینەوەی ئەتۆمی و جەنگەکانی لەناوبردنی مرۆڤ. ( گەشتی عەقڵ، ل 103)
بوونی سیستەم لە گەردووندا حاشای لێ ناکرێت، ھەڵھاتنی خۆر و ھاتنی شەو و ڕۆژ بەو شێوەیەی ھەیە، بەپێی سیستەمێک دێت و دەچێت، تەماشای درووستبوونی مناڵ و لەدایکبوونی لە ماوەی نۆ مانگدا، یان ھەڵھاتنی ھێلکە لە ماوەیەکی دیاریکراودا. ئەم بوونە ھەمووی لەسەر سیستەمێک بە ڕێوە دڕوات، نەك فەوزا و بێسیستەمی. ئێمە ڕۆژژمێرمان ھەیە، ئێستا ئەو ڕۆژژمێرە لەسەر تێبینیکردنی ئەو سیستەمە دانراوە، کە شەو و ڕۆژی لەسەر دەگەڕێت، ئەگەر فەوزا بووایە و بێسیستەمی بووایە دەمانتوانی ڕۆژژمێر دابنێین؟ وەک نموونەیەکی زۆر سادە. بەڵام سەیر ئەوەیە م. تەحسین دەڵێت: ھەندێک لەفیزیازانەکان پێمان دەڵێن: ئەوەی ئێمە وەک سیستەم دەیبینین، تەنھا بەریەککەوتنی شتەکانە، بە ھۆی شپرزەییی ئەم بوونەوە، بۆ نموونە ئەگەر کۆمەڵێک شت فڕێ بدرێن لە ژوورێکدا، وێڕای شپرزەیی، بەڵام ھەندێک شتی ڕێکخراوی بەسیستەم بوو درووست دەکات. دەڵێن: ئەوەی ئایینەکان پێی دەڵێن سیستەم، ھیچ نییە بێجگە لە ناسیستەمییەک لە دیوی دەرەوەی ئەم بوونەدا ھەیە، بوونی ئەمانەیش واتای ئەوەیە خودا ئەو تایبەتمەندییە ڕەھایەی نییە، کەواتە باشترین بەڵگەیە بۆ سەلماندنی نەبوونی خودا. (ئایین و کێشەکان، ل 61)
م. تەحسین ھەرچەندە لەسەر زمانی کۆمەڵێک فیزیازانی مولحید دەقەکەمان بۆ دەگوێزێتەوە، بەڵام خودی خۆی لە سەرەتاوە کە دەڵێت، ئەگەر ڕاست بێت و، سیستەمێک ھەبێت، کەواتە بە ئەگەری زۆر باوەڕی بە سیستەم نییە، بەلایەنی کەمەوە یەقینی نییە، کە سیستەمێک لەم گەردوونەدا ھەیە.
یەکێکی تر لەو بەڵگانەی دەخرێنە ڕوو، لەسەر ناسیستەمی و نەبوونی خودا، ھەبوونی شەڕە. م. تەحسین دەڵێت: شەڕ بەڵگەی ناسیستەمیی ئەم بوونەیە، خەڵکی بۆ لەبرسا دەمرن و نەخۆشی لەناویاندا بڵاو دەبێتەوە؟ بۆچی مرۆڤەکان یەکتر لەناو دەبەن؟ ئەوەی ڤۆڵتێر و ئەوانی تر لە سەدەی ھەژدەدا، وەڵامی پیاوە ئایینییەکانیان دەدایەوە، لەبەر ئەوە بەڵگەی سیستەمبوونی بوون بە ڵگەیەکی لاواز بوو، بەڵام ڕووخان و ھەڵوەشاندنەوەی ئەم بەڵگەیە، مانای ڕووخانی بوون و نەمانی خودا نایەت. (ئایین و کێشەکان، ل 10 - 11)
سەرەتا پێویستە کاتێك ئێمە لە جیھان ورد دەبینەوە، لە ھەر ڕوویەکیەوە بێت، فیزیایی، کیمیایی، بایۆلۆجی... لە ڕوانگەی یاسا گشتییەکەوە بێت، تێگەییشتنمان نەوەک حاڵەتە شازەکان، ھەڵەیە حاڵەتە شازەکان بگشتێنین بەسەر بنەڕەتدا، بەڵام بێخواکان (مولحیدەکان) وا نیشان دەدەن، خەیر بوویەکی سانەوی ھەیە و بنەڕەت خراپەیە!
ئێمە دەتوانین خراپە لە جیھاندا دیاری بکەین، چونکە بوونی شەڕ سنووردارە، دەڵێین: نەخۆشی خراپەیە، دیاردە سروشتییەکان ھەندێکیان خراپەن، بەڵام لە بەرانبەردا ناتوانین سەرژمێری خەیر بکەین، بە ھۆی فراوانییەکەیەوە لە بووندا. لە ھەر لایەکەوە لێی بڕوانیت، لەلایەنی یاساکانی گەردوونەوە، ئەگەر مرۆڤ تەنھا تەماشای جەستەی خۆی بکات، شتانێکی زۆر دەبینیت پێی دراون، ھەتا چێژ لە ژیان ببینێت. ئەوە بەشێکی زۆر بچووکە لەم جیھانەدا و، ھەتا بێت زیاتر دەر دەکەوێت.
خراپە شازە، دەرچوونە لە یاسا گشتییەکە کە خەیرە، نەخۆشی دەرچوونە لە بنەڕەت کە لەشساغییە، واتە خراپبوونی کاری بنەڕەتیی یەکێک لە ئەندامەکانە. ئایا ژیرانەیە بڵێین، ئەو سیستەمەی جەستەی لەسەر بە ڕێوە دەڕوات خراپە؟ لەبەر تێکچوونی کاری ئەندامێك؟
وەك (ویلیام لین کریغ) دەڵێت: بوونی موعانات، گومان درووست دەکات لەسەر بوونی خودا، لەسەر ئاستی ڕووکار (صطحی،) بەڵام لە قووڵایییەکانیدا بوونی خودا دەسەلمێنێت، چونکە لە ئامادەنەبوونی خودادا، موعاناتەکان نابنە شتێکی بێزراو، ئەگەر ھاتو مولحید باوەڕی وا بوو، موعاناتەکان شتانێکی بێزراون، یان لەوەی ھەن پێویستە باشتر بن، ئەوا بەو کارە یاسایەکی ئەخلاقییان پێشکەش کردووە، ئەمەیش ناگونجێت لە کاتێکدا نەبێت کە خودا بوونی ھەبێت.
دەتوانین بەم شێوەیە داڕشتن بۆ بەڵگەکە بکەین:
1
ئەگەر خودا بوونی نەبێت، ئەوا بەھا ئەخلاقییە بابەتییەکان بوونیان نییە.
2
شەڕ بوونی ھەیە.
3
بەھا ئەخلاقییە بابەتییەکان بوونیان ھەیە.
4
خودا بوونی ھەیە.
کەواتە کاتێك ددان بە بوونی خراپەدا دەنێین، ئەوا لە دوو حاڵەت دەرناچین، یان ئەوەیە ددان دەنێین بە بوونی بنەما ئەخلاقییە بابەتییەکاندا، کاتێکیش ددانمان نا بە بنەما بابەتییە ئەخلاقییەکاندا، ئەوا دەبێت ددان بنێین بە بوونی خودادا.
یاخود ددان نانێین بە بوونی بنەما بابەتییە ئەخلاقییەکاندا، لێرەیشدا شتێك نامێنێت بە ناوی خراپ و باشەوە.
لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکیشدا لەنێوان (برتراند ڕاسل و فریدریک کوبلسون)دا، ڕاسل دەڵێت: من ھەست بە ھەندێک شت دەکەم کە باشن، ھەندێکیش خراپن، من شتە باشەکانم خۆش دەوێن و، ڕقم لە شتە خراپەکانە. 
من ناڵێم ئەم شتانە باشن، چونکە بەشداری دەکەن لە چاکسازیی خوایی.
کوبلسون: بەڵێ، بەڵام پپێوەرت چییە بۆ جیاکردنەوەی باش لە خراپ؟ یان چۆن جیاوازیی نێوانیان دەبینیت؟
ڕاسل: ھیچ پێوەرێکم نییە بۆ جیاکردنەوەیان، چۆن شین و زەرد لێک جیا دەکەمەوە؟ پێوەرم چییە بۆجیاکردنەوەی ڕەنگی زەرد و شین لە یەکتر؟ ئەوەیە دەبینم ئەو دوو ڕەنگە جیاوازن لە یەکتر.
کوبڵسون: باشە، ئەوە پێوەرێکی زۆر باشە، من ھاوڕاتم، تۆ جیاوازی دەکەیت لەنێوان زەرد و شیندا بە بینینت، ئەی بە ھۆی چییەوە جیاوازی لەنێوان باش و خراپدا دەکەیت؟ ڕاسل: بە ھەستەکانم.
یەکێک لە فەیلەسووفەکان دەڵێت: کۆبڵسۆن زۆر موئەدەب بووە، ئەگەر من لە باتیی ئەو بوومایە دەمپرسی: ھەندێک شارستانییەت بانگی ئەوە دەکەن، لەگەڵ دراوسێکانماندا باش بین، بەڵام ھەندێکی تریان بانگمان دەکەن، دراوسێکانمان بخۆین، ھەڵبژاردن بۆ ھەر یەکێکیان لەسەر ھەستەکان وەستاوە، ئایا کامیان ھەڵدەبژێریت؟
ددان نان بە بوونی شەڕدا، ڕاستەوخۆ دداننانە بە بوونی خەیریشدا، بوونی خەیریش بەڵگەیە لەسەر بوونی خودا، چونکە خەیر نییە لەنێو جیھانی ماددەی ڕووتدا، بۆیە ( سی. ئاس. لویس) دەڵێت: ئەگەر من مولحید بم و، بەڵگەم لەسەر ڕەتکردنەوەی خودا ئەو ستەم و وەحشیگەرییەیە کە ھەیە، بەڵام چۆن بیرۆکەی ستەم و دادپەروەریم وەرگرت؟ مرۆڤ ناڵێت دەربارەی ھێڵ، ئەوە ھێڵێکی لارە، ئیللا لە کاتێکدا نەبێت، کە مەعریفەیەکی ھەبێت بە ھێڵی ڕاست، ئەی چی دەربارەی ئەم جیھانە؟ کاتێك دەڵێین ئەوە نادادپەروەرییە؟ بە سروشتی وێنای دادپەروەری دەکەین، دەڵێین: ئەوە بەپێی بۆچوونی کەسیی خۆمان نییە کە وا دەڵیین، بەڵام ئەگەر وتمان بەپێی بۆچوونی خۆمان وا دەڵیین (واتە باوەڕمان بە بوویەکی بابەتی نەبێت،) ئەوا بەڵگەکەم لەسەر نەبوونی خودا دادەڕمێت، چونکە بەڵگەکەمان ڕاوەستاوە لەسەر ئەوەی دەڵێین: جیھان نادادپەروەرییە لە حەقیقەتدا، نەك ئەوەی لەگەڵ ئارەزووە تایبەتییەکانی مندا ناگونجێت.
لەلایەکی ترەوە بوونی شەڕ، بەڵگەیە لەسەر درووستبوونی گەردوون و پێویستیی بە پێویستەبوونێك، دەرخەری ئەوەیە کە گەردوون ممکن الوجودە.
(
مشکلة الشر ووجود اللە، ص 57 67)
لەم ڕوونکردنەوەیەی کردمان بۆمان دەرکەوت، بوونی شەڕ دەلالەت لەسەر دوو ڕاستیی جەوھەری دەکات:
1
بوونی سیستەم دەسەلمێنێت: چونکە شەڕ لادان و دەرچوونە لەو سیستەمەی ھەیە، بۆ نموونە جەستەی مرۆڤ بە سیستەمێک بە ڕێوە دەچێت، کاتێك نەخۆش دەکەوێت ئەوا کەموکورتییەک لەو سیستەمەدا درووست بووە، بۆ گەردوونیش بە ھەمان شێوەیە.
2
بوونی خودا دەسەلمێنێت: کاتێك ددان بە بوونی شەڕدا دەنێین، ئەوا ددان بە باشەیشدا دەنێین، ناشتوانین بە شێوەیەکی بابەتی، باوەڕ بە بوونی شەڕ بھێنین، بەبێ ئیسپاتکردنی خودایەک.
گونجاوی و نەگونجاویی شەڕ لە گەردووندا، ئەوەیان م. تەحسین ھەڵسەنگاندنی بۆ کردووە و، ئێمە لێرەدا ناگەڕێینەوە سەری، تەنھا مەبەستمان بوو بڵێین، بوونی شەڕ دەلالەت ناکات لەسەر نەبوونی سیستەم و فەوزابوونی بوون.
لە کۆتاییی ئەم تەوەرەیەدا دەڵێین: م. تەحسین باوەڕی بە بەڵگە دەرەکییەکان نییە، بەڵگەیەکیش ناخاتە ڕوو بۆ سەلماندنی بوونی خودا. وەك ئەلڤین پلیتینجا پێی وایە، باوەڕ ھەستێکی سروشتییە باوەڕبوون بە خودا، وەك باوەڕبوونە بە چەمکە بنەڕەتییەکانی تر، وەک ئەوەی باوەڕت ھەبێت بە کەسانی دی، وەک ئەوەی ئێمە عەقڵمان ھەیە، وەک باوەڕبوون بە تەندرووستیی ھەستەکانمان، وەك باوەڕبوون بەوەی کە دەڵێین ھەموو گەورەترە لە بەشێك... ئێمە باوەڕمان بەم چەمکانە ھەیە، بەبێ ئەوەی پێویستمان بەوە ھەبێت، بەڵگەیان بۆ بھێنینەوە. (گەشتی عەقڵ، ل 68)
ھەروەھا کاتێک دەڵێت: بەڵگەکانی لەوەوپێش ھەموویان گوماناوی بوون، تەنانەت ئەگەر ڕاستیش بوو بێتن ئەو بەڵگانە، یەکێک باوەڕی پێیان ھەبوو، یەکێک ڕەتی دەکردنەوە، بەڵام لەمەیاندا عیشق و تاسەت بۆ درووست دەکات، ئومێدت بۆ درووست دەکات. ( ئایین و کێشەکان، ل 31)
ئەوا ئێمەیش دەڵێین: ئەگەر بەڵگە دەرەکییەکان جێگەی متمانە نەبن و، نەبووبێتنە جێگەی ئەوەی ھەمووان باوەڕیان پێ بێنن، ئەوا ئەوەی م. تەحسینیش باسی دەکات، ھەمان ڕەخنەی لێ دەگیرێت، توندتریش چونکە پەیوەستە بە ئەزموونەوە. جیاکردنەوەی درووستکەر و خودایش لەلایەن م. تەحسینەوە، بۆ خۆی جێگەی پرسیارە، ئایا بیسەلمێنین ئەم گەردوونە درووستکەرێکی ھەیە، ئەوا ھێشتا نەمان توانیوە خودا بسەلمێنین؟ خودا چ جیاوازیی لەگەڵ درووستکەردا ھەیە؟ حەتمەن ئێمە باس لە خۆمان دەکەین وەک موسوڵمان، ئایا ھەر ئەو درووستکەرە نییە پەیامی بۆ ناردوین؟ یان نەخێر بەلای بەڕێزیانەوە جیاوازە و یەك نیین؟
وتەکەی م. تەحسین لە لاپەڕە (10)دا، کاتێک دەڵێت: ئەگەر ڕاستیش بێت بوونی درووستکەر دەسەلمێنێت، لە کاتێکدا داھێنەر و خودا دوو شتی لە یەك جیاوازن!
بە نیسبەت ئایینە تاکخودایییەکانەوە (تەوحیدییەکان) یان ئیبراھیمییەکان جیاواز نیین، بەڵام باسکردن بێت لە ئایینە وسەنییەکان یان ئایینە بێخواکان ئەوەیان بابەتێکی ترە.

تەوەرەی دووەم
پرسی ئایین و کتێبی ئایین و کێشەکان.
بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی بۆ ئایین دێنە پێش، بەتایبەتی ئەو پرسانەی پەیوەستن بەمڕۆوە و، گفتوگۆی زۆریان لەسەر کراوە، وەک پرسی ژن و دادپەروەری و کۆیلایەتی... نووسەر لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی دەقی ئایینی بۆ دوو سەردەم یان بۆ دوو جیھان، ھەوڵی داوە کێشەکان یەکلایی بکاتەوە.
جیھانی یەکەم: سەردەمی دابەزینی پێغەمبەرە، کولتوور و دابونەریت و مامەڵە و تێگەییشتنی عەرەبە لە ژیان، لەم جیھانەدا کاتێک وەحی دێت بە زمانی عەرەبی، تەنھا وشە نەبووە بەڵکوو دیوی ڕۆحی و فیکری و مەعنەویی ئەوانیش بووە، ئەمە مامەڵەیەکی قووڵترە لە وشە و دەربڕینی دەرەکی، کاتێك وەحی دابەزیوە حسابی بۆ جیھابەکەی ئەوانیش کردووە، ئیدی دیوی ڕۆحییە قووڵەکەی ئەوان بێت، یان دیوی زمانی دەرەکیی ئەوان بێت، یان دیوی کولتوورییان بێت.
جیھانی دووەم: ئەو جیھانە وەحییە بۆ ھەموو سەردەمەکانە، کاتێک خودا بە پێغەمبەری فەرموو، تۆ بۆ ھەموو خەڵک نێردراویت، دەبێت حسابی بۆ بەدەر لە جیھانەکەی ئەوانیش کردبێت، واتە جیھانێک بۆ ھەموو سەردەمەکانە. (ئایین و کێشەکان، ل 102103)
لەژێر چەتری ئەم دابەشکارییەدا، نووسەر ھەنگاوەکانی ھەڵدەگرێت، دوو پێشگریمانە دەخاتە ڕوو:
یەکەم: مافی مرۆڤ.
دووەم: پلۆرالیزمی ئایینی.
بابەتی پلۆرالیزم لە جیھانی ئیسلامیدا، عەبدولکەریم سروش زۆر بەرگریی لێ دەکات و، لەوبارەیەوە نووسینی ھەیە، لە جیھانیشدا جان ھیک بەناوبانگە بە تەرحی ئەو بابەتە، سروش لە پێناسەی (پلۆرالیزم)دا دەڵێت: بریتییە لە بەڕەسمیەت ناسینی فرەیی و جۆراوجۆری و جیاوازی و لەناونەچوون و نەتوانەوە و نەگونجانی پێوانەی ئەم، لەسەر ئەوی تری کولتووری و ئایینەکان، زمانەکان، ئەزموونەکانی مرۆڤ و فەتوادان و، ھەبوونی وێنەی گوڵستانێکی پڕ لە گوڵ و بۆنخۆش، لە بیری مرۆڤدا بۆ جیھانی مرۆڤەکان. (ڕێگە ڕاستەکان، ل 13)
بە بۆچوونی سروش ئایینەکان گەیشتوونەتە ھاوتابوونی بەڵگە و کەسیان ناتوانن خۆیان بسەلمێنن، سروش دەڵێت: ھەندێک گەییشتوونەتە ئەو ڕایەی، کە ئیشی ئاقڵەکانی جیھان لە باسی ئاییندا گەیشتووەتە ھاوشانبوونی بەڵگەکان، ئەمەیش خۆی بۆ خۆی بریتییە لە بۆچوونێک، ھەمان بۆچوونی کانتی فەیلەسووفیشە، کە لە میتافیزیکدا پێی گەییشتووە. ھاوشانبوونی بەڵگەکان مانای چییە، واتە بەڵگەی ھەردوو لا ھێزێکی یەکسانیان ھەیە، بە جۆرێک کە ھیچ لایەك ناتوانێت، بەسەر ئەوی تردا زاڵ ببێت و، لە گۆڕەپانەکەدا بیکاتە دەرەوە. بۆچوونەکەی کانت لە باسی کۆن و نوێی جیھاندایە، ئەو دەیگوت تا ڕۆژی قیامەتیش، حوکەما و فەیلەسووفانی میتافیزیک لەبارەی کۆن و نوێی جیھانەوە باس بکەن، ھیچ کامیان بەسەر ئەوی دیکەدا زاڵ نابێت، واتە ناتوانێت لەسەدا سەد بیسەلمێنێت کە جیھان کۆنە، یان نوێیە، سەرەتایەکی ھەیە یان نییەتی. کاری ئەم کەسە گەیشتووەتە ھاوشانبوونی بەڵگەکان، لە بوون و نەبوونی بەش و بابەتەکانی تری میتافیزیکیشدا، بابەتەکە بەم جۆرەیە، لە نووسراوەکانی کانتدا ھاتووە، یەکێک لە خاڵە بنەڕەتییەکان، کە کانت باوەڕی پێی ھەبووە– لێرەدا من (واتە سروش) بۆچونێکم نییە لە باسی بۆچوونەکانی کانتەوە– کانت پێی وابوو، کە نھێنی میتافیزیستەکان، کە کەسیان بەسەر ئەوی دیکەدا زاڵ نەبوون، ھۆکارەکەی ئەو ھەڵەیەیە کە لە کاری ئەقڵدا ھەیە، واتە کاتێك ئەقڵ پێی دەخاتە شوێنێک، کە نەدەبوو لەوێ بووایە ھەر بۆیە ناتوانێت ھیچ شتێک لەسەدا سەد بسەلمێنێت، بۆیە ھەر بۆچوونێک بەرانبەر دەبێت لەگەڵ بۆچوونی بەرانبەر، واتە دەگەنە ھاوشانبوونی بەڵگەکان. (ڕێگا ڕاستەکان، ل 115-116 )
ھەروەھا دەڵێت: بەم شێوەیە تیۆرەکەمان لە باسی ئەقڵانییەتدا، دەمانگەیەنێتە ئەوەی، کە گوایە ئایین وەک لاستیکی ئۆتۆمبێل وایە، کاتێک ئەقڵ پێ دەخاتە سنوورەکەیەوە، پەنچەر دەبێت و دەوەستێت و، تووشی ھاوشانبوونی بەڵگەکان دەبێت، واتە ھەمان بۆچوونی کانت لەمیتافیزیکدا. ئەمە ڕاڤەیەکی گونجاوە لە پلۆرالیزمی کرداریدا، کە لە جیھانی ئایینەکاندا ڕووی داوە. (ڕێگا ڕاستەکان، ل 119)
لەبارەی تەفسیری ئایینیشەوە دەڵێت: ئەوەیشمان لە یاد نەچێت، کە لەپلۆرالیزمی تێگەییشتنی دەقەکان، ئەو مانا ڕووناکەی کە ھەیانە، لەوەدایە کە لە ئاییندا ھیچ ڕاڤەیەکی فەڕمیمان نییە. ( ڕێگا ڕاستەکان، ل19)
سروش دەڵێت: بە چ شێوەیەک بڕوا بکرێت، کە پاش ئەوەی پێغەمبەری ئیسلام، کەوتە سەر جێگەی مەرگ و لە دونیا دەرچوو، ئایینەکەیان دەستکاری نەکردبێت، ھەموو ماندووبوونەکانی پێغەمبەریان بە با نەدابێت؟ (ڕێگا ڕاستەکان، ل 53)
ھەروەھا دەڵێت: نەك تەنیا لە تێگەییشتنی ئایینیدا کەموکورتی ھەیە، بەڵکوو لە خودی ئایینەکەیشدا و، بە ناوی پێغەمبەران و پێشەوایانی ئایینییشەوە ساختەکارییەکی زۆر لە ئاییندا کراوە، بووەتە ھۆی ناڕەحەتی و سەختی بۆ زانایانی ئایینی، لە بواری جیاکردنەوەی ڕاست لە ناڕاست، ئەوەی بە دەستی ئێمە گەییشتووە، کەمێکە لە قورئان و سوننەت، نەك ھەمووی. (ڕێگا ڕاستەکان، ل 58)
ھەروەھا دەڵێت: ھەندێك لە زانایانی شیعە، وەك (علی بن ابراھیم قمی و تقیە الاسلام کلینی و محدث نوری) باوەڕیان بە دەستکاریکردنی قورئان لەلایەن بێباوەڕانەوە ھەبووە، بوونی گۆڕان و کەموکورتییان لە قورئاندا، بە شتێکی سروشتی زانیوە، ئایا ئەمە ئەوە دەرناخات، ئەگەر لە دیدێکی مەعریفەناسانەی پلەدووەوە سەیری ئایین بکەین، ڕووبەری کارتێکردنی مرۆڤ بۆ ئایین زۆر فراوان دەبێت، (بە لایەنی کەمەوە بە گومانی ئەو حەدیسزانانە) ئایا بوون و خوێندنەوەی قورئانێکی دەستکاریکراو، لەگەڵ دینداری و موسوڵمانیەتیدا گونجاو نییە؟ ئایا ئەگەر ژیانی پێغەمبەری مەزن درێژتر بووایە، ئەو ھەموو ڕووداوە مێژوویی و گرنگانەی کە لە درێژاییی تەمەنیدا ڕوویان بدایە، قەبارەی قورئان زۆر زیاتر و گەورەتر نەدەبوو؟ لە ئێستادا کە ھەموو کتێبە گەورەکەی موسوڵمانان نەدەبووە بابەتانێکی گرنگ و ڕۆشنکەرەوەی زیاتر؟ مەگەر قورئان شانبەشان و ھەنگاوبەھەنگاو لەگەڵ ڕووداو و پێشھاتە مێژووییەکاندا نەدەڕۆیشت و گەشەی نەدەکرد؟ ئەمانە ھەموو نیشاندەری ئەوەن، کە ئایین کاتێک دەچێتە ناو مێژووەوە، تا چ ئەندازەیەک دەبێتە ئایینێکی مێژوویی و مرۆڤی، تا چ ئەندازەیەکیش دەکەوێتە ژێر کاریگەریی فیکری و کرداریی مرۆڤەکانەوە، چ پەردە و گەرد و تۆزێکی بەسەرەوە دەنیشێتەوە، چ جۆرە پارچەیەکی دەخرێتە سەر، یان چ پارچەگەلێکی لێ دەکرێنەوە، ئەوەیشی دەمێنێتەوە بە لایەنی کەمەوە، پێویستیی مەعنەویی ڕێنماییکارییە، کە دەبەخشرێتە مرۆڤەکان. ھەر ئەمەیش مانای وردی (تەنزیل)ە کە لە قورئاندا ئاماژەی پێ کراوە، کە چارەنووسی ھەر ئایینێک و ھەر مەزھەبێکە، بەڵکوو چارەنووسی ھەموو بوونەوەرێکە، کە پێی بخاتە وێرانەی مێژووی سروشتەوە، بەرگی ماددییەت و مرۆڤییەت لەبەر بکات. سەپاندنی زمانی نەتەوەی (عەرەب، عیبری و یۆنانی) بۆ سەر ئایین، یەکەمین ئاشکراترین سەپاندن و (تەنزیل)ی زۆرەملێیە بۆ سەر ئایین... وەھا ئایینێکیش نە دەتوانین بارێکی قورسی بخەینە سەر و، نە دەیشتوانین بە ناویەوە بەڵێن بدەین، نە بە ناویشیەوە کارێکی زۆر بکەین. (ڕێگا ڕاستەکان، ل 59 ک–61)
دەتوانین لە ئەنجامی وردبوونەوە لەو پەرەگرافانە و، تەواوی کتێبی ڕێگا ڕاستەکان و کتێبی ئایین و کێشەکان، چەند خالێکی جەوھەری لە ھزری سروش دەربھێنین، کە کاریگەریی زۆریان لەسەر نووسەری ئایین و کێشەکان ھەبووە و، لەسەر ئەو بنەمایانە ھزری خۆی خستووەتە ڕوو، ئەوانیش:
1
ھاوتابوونی بەڵگەکان:عەقڵ و بەڵگە عەقڵییەکان ناتوانن بابەتەکان یەکلا بکەنەوە، بەتایبەت بابەتەکانی پەیوست بە ئایینەوە.
2
کولتوور: کولتوور و دابونەریت و زمانی جیاواز، کارتێکەری کاران لەسەر بیروباوەڕ و بەڵگەسازییەکان.
3
کەرتبوونی حەقیقەت: حەقیقەت پارچەپارچەیە و نایشتوانین فەزڵی لایەك بدەین بەسەر لایەکی تردا، وەک دەڵێت (خودا بۆ ھەر کەسێك بە جۆرێک دەرکەوتووە، واتە ھەر کەسە و بە جۆرێک لە خودا گەییشتوە. ل-33)
4
دەزگای سۆزاوی: ئەم دەزگای سۆزاوییە کۆنترۆڵی عەقڵ دەکات و، تەماع و بەرژەوەندی وا دەکەن، بێلایەنی لە دەست بدەین.
لە تەوەرەی یەکەمدا ئەوەمان خستە ڕوو، کە م. تەحسین بەڵگە دەرەکییەکان ڕەت دەکاتەوە و پێی وایە، عەقڵ ناتوانێت ئەو باسە یەکلا بکاتەوە، ھەمان ھاوتابوونی بەڵگەیە لەلای سروش و ھەڵگرتنی ئەو بۆچوونەی سروشە و داڕشتنەوەیەتی لە چوارچێوەی بابەتەکەیدا.
کولتوور : لەلای م. تەحسین، کولتوور تا ڕادەیەکی زۆر کاریگەریی ھەبووە لەسەر ئایین بەگشتی، تەنانەت لە سیاغە و دابەزینی وەحییشدا، کاریگەریی ھەبووە، ئەوەیش بەڕوونی دەردەبڕێت، کاتێك جیھانی وەحی دابەش دەکات بۆ دوو جیھان.
جیھانی یەکەم: سەردەمی دابەزینی پێغەمبەرە، کولتوور و دابونەریت و مامەڵە و تێگەییشتنی عەرەبە لە ژیان، لەم جیھانەدا کاتێک وەحی دێت بە زمانی عەرەبی، تەنھا وشە نەبووە بەڵکوو دیوی ڕۆحی و فیکری و مەعنەویێ ئەوانیش بووە. ئەمە مامەڵەیەکی قووڵترە لە وشە و دەربڕینی دەرەکی، کاتێك وەحی دابەزیوە، حسابی بۆ جیھابەکەی ئەوانیش کردووە، ئیدی دیوی ڕۆحییە قووڵەکەی ئەوان بێت، یان دیوی زمانی دەرەکیی ئەوان بێت، یان دیوی کولتوورییان بێت.
جیھانی دووەم: ئەو جیھانە وەحییە بۆ ھەموو سەردەمەکانە، کاتێک خودا بە پێغەمبەری فەرموو، تۆ بۆ ھەموو خەڵک نێردراویت، دەبێت حسابی بۆ بەدەر لە جیھانەکەی ئەوانیش کردبێت، واتە جیھانێک بۆ ھەموو سەردەمەکانە. (ئایین و کێشەکان، ل 102103)
وەك دەبینین جیھانی یەکەم ئەو جیھانەیە، کە قورئان کولتووری عەرەبی لەبەر چاو گرتووە و، ڕەنگدانەوەی ڕۆحییەتی کولتووری عەرەب بووە، وەک دەیشڵێت: کاتێک پێغەمبەران ویستوویانە گۆڕانکاری بکەن، ھەر فەرھەنگەکە خۆی ڕێگر بووە لەبەردەمیاندا، کە نەتوانن درکی ھەندێک بابەت بکەن! (ئایین و کێشەکان، ل-156) ئەو کولتوورە ڕێگر بووە لەبەردەم پەیامبەرانیشدا، کە درکی تەواوی بابەتەکان بکەن و، ھەوڵی چارەسەری کەموکورتییەکان بدەن، ڕاڤەکانیش ھەر لەژێر کاریگەری ئەم کولتوورەدا کراوە، بۆیە سروش وتەنی ڕاڤەی فەرمیمان نییە، کولتوور و دەزگای سۆزاویمان باڵادەستن و، ئاڕاستەکەری عەقڵ و ڕوانینەکانمانن. لەژێر ئەم کاریگەرییەدا، مامۆستا تەحسین ھەستاوە ئەو بەشەی وەك خۆی دەڵێت: بەشی کولتووری عەرەبە، جیا بکەینەوە لەو بەشەی، کە بەشی مرۆڤایەتییە و جیھانییە و ھەموو سەردەمەکان دەتوانین کاریان پێ بکەین، وەك ئەو دەقانەی باسی ڕاستگۆیی، دەستپاکی، دوورکەوتنەوە لە درۆ و بابەتە ھاوشێوەکانیان دەکات، یان ئەو ئایەتانەی ھاوشێوەی ئەو ئایەتانەی وەك ( ھەر کەسێک، کەسێك بکوژێت، وەکوو ئەوە وایە ھەموو مرۆڤایەتیی کوشتبێت. ھەر کەس، کەسێك ڕزگار بکات، وەکوو ئەوە وایە ھەموو مرۆڤایەتیی ڕزگار کردبێت.)
ئەو دەقانەیشی وەکوو چەندژنی و شاھێدی دوو ئافرەت بەرانبەر بە پیاوێک و بابەتە ھاوشێوەکانیان، دەچنە چوارچێوەی ئەو کولتوورەوە و، دەبێت وازیان لێ بھێنین، چونکە بە مافی مرۆڤ و ئەخلاقیاتی ئەمڕۆ ناخۆن.
ئەمە پوختەی ڕوانینی م. تەحسینە بۆ چارەسەر کردنی کێشە سەردەمییەکان، کە ڕووبەڕووی ئایین دەبنەوە.
م . تەحسین دەڵێت: بە بڕوای من چارەسەری ئەمەیش بە ڕێگای میتۆدی دادپەروەری دۆخی دەکرێت، کە سەرەکیترین بنەمای ئەوەیە کە ئایین و فەرھەنگی عەرەب تێکەڵ بە یەک نەکەین. ئەوانەی بانگ دەکەنەوە بۆ ئایین و دەیانەوێت جارێکی تر مەعنەویەت لە ناو کۆمەڵگادا زیندوو بێتەوە و، ئیسلام ڕۆڵی خۆی ببینێتەوە با بانگکردنەکەیان بۆ ئایین بێت نەك کولتووری عەرەبی.
جیاکردنەوەی ئەم دوو شتە، بنەمایەکی سەرەتایی و گرنگە، چونکە ئەگەر بانگەوازەکەت بۆ فەرھەنگەکە بوو بێت، ئەوا دەبێت جارێکی تر بەڵگە بھێنیتەوە بۆ ئەوەی پێشوو، لە کاتێکدا بابەتەکە ھێندە ڕوونە ھەموو کەسێکی بەویژدان و بەئەخلاقی ڕۆشنبیر، دەرکی پێ دەکات، ئیتر پێویست ناکات لە ڕووی سایکۆلۆگییەوە بترسین، پێمان وابێت کە ئەمە کاریگەریی ڕۆژئاوایە لەسەرمان، نە بەجۆرێکی تر مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکەین. (ئایین و کێشەکان، ل-154)

لێرەدا ئەو پرسیارە درووست دەبێت، ئایا مەبەستی جیاکردنەوەی ئایین لە فەرھەنگی عەرەبی چییە؟ ئایا مەبەستی فیقھ و تەفسیرە؟ کە لەژێر کاریگەریی کولتووری عەرەبیدا بوو بن، یان نەخێر مەبەستی خودی قورئانە؟ لەپێشەوە وتمان مامۆستا جیھانی قورئان یان وەحی، کردووەتە دوو جیھان، لە جیھانی یەکەمدا، ئەو دەقانە دەگرێتەوە کە گوزارشت بوون لە ڕۆحی کولتووری عەرەبی، ئەمەیش ئاماژەیە کە مەبەستی خودی قورئانە، بەڵام ناڕاستەوخۆ دەری بڕیوە، دەتوانین سوود لە چەند دەربڕینێکی تری وەربگرین، بۆ زیاتر ڕوونبوونەوەی بابەتەکە.
م. تەحسین دەڵێت: دواجار پێغەمبەر خۆیشی درکی ئەم بابەتانە ناکات، چونکە فەرھەنگەکەی ناھێڵێت. واتە کاتێك پێغەمبەران ویستوویانە گۆڕانکاری بکەن، ھەر فەرھەنگەکە خۆی ڕێگر بووە لەبەردەمیاندا، کەنەتوانن درکی ھەندێك بابەت بکەن.
واتە لەڕووی مرۆیی و دیوە لۆکاڵییەکەیەوە نەك ئایینییەکەی، وەکوو ئەو بارودۆخەی ئەو تێیدا ژیاوە، نەک وەک پەیامە گەردوونییەکەی، کە بۆی ھاتووەتە خوار، ئەوانیش درکی ئەو بابەتانەیان نەکردووە. ئەمە ھیچ ناتەواویەکیش نییە، واتە لە دادپەروەریی دۆخیدا من لەم دۆخەی خۆمدا دەژیم، دەمەوێت مامەڵەیەکی ئەخلاقیی مرۆیی بکەم، بەڵام دواجار منیش درووستبووی فەرھەنگەکەمم، ئەمەیش وا دەکات ھەندێك شت درك نەکەم. (ئایین و کێشەکان، ل-156)
لێرەدا باسی کاریگەریی فەرھەنگ دەکات، جیاوازییش دادەنێت لەنێوان دیوی مرۆیی و دیوی گەردوونیدا. ئایا ھەمان جیھانی یەکەم و جیھانی دووەم نییە؟ ئایا ئەمە گوزارشت لەوە ناکات، م. تەحسین پێی وایە، لە قورئاندا ھەندێك ئایەت کە تەعبیرن لە کولتوور، وازیان لێ بھێنین؟ ئەگەر مەبەستی ئەوەیە کە من وای لێ دەخوێنمەوە، ئەوا بۆچی ڕاستەوخۆ نایڵێت و، ھێندە خوێنەر و گوێگرەکانی بەو پێچاوپێچییەدا دەبات و ونیان دەکات؟
دەڵێت: ئەگەر بابەتێک پێچەوانە بێتەوە لەگەڵ ڕێسا ئەخلاقییە قووڵەکانی ئەم سەردەمەدا، پێویست ناکات بەرگری لە فەرھەنگی سەردەمەکانی تر بکەین، بەڵکوو دەبێت بەرگری لە ئایین بکەین، چونکە شتی ناپێویست لەئاییندا جێیان نابێتەوە. (ئایین و کێشەکان، ل-167)  
لێرەیشدا باسی کولتوور و ئایین دەکات، بە گەڕانەوە بۆ ئەو دابەشکارییەی دەیکات، کە پێی وایە دوو جیھان لە وەحیمان ھەیە، ئەوەی من پێی گەییشتووم، مەبەستی ئایین دەقە گەردوونییەکان (یونڤێرساڵەکان)ە، ئەو دەقانەی بۆ ھەموو کات و سەردەم دەبن، نەك ئەو دەقانەی کە گوزارشتن لە کولتوور. ئەگەر مەبەستیشی لە کولتوور ئەو دەقانە بێت کە بە سوننەت دادەنرێن، یان فیقھ بێت ئەوا بابەتەکە ئەھوەنترە و دەستبۆبردنی ئاسانە، بەڵام ئەگەر مەبەست لە بەشێکی قورئان بێت، ئەوەیان بەئاسانی ھەزم ناکرێت و، شوێنەواری باشیشی نابێت، چونکە دواجار کەسانێک ھەر دەبن بۆی بگەڕێنەوە.
ئەم ڕێگاچارەیەی مامۆستا کە دەیەوێت لە ڕێگایەوە چارەسەری بابەتەکانی پێ بکات، کۆمەڵێک ئیشکالیات درووست دەکات، وای دەبینم وەک بابەتی ناسیخ و مەنسووخی لێ دێت، ئەوکات ڕەنگە دەقێکی زۆر بخرێنە چوارچێوەی مێژووەوە و، تەنھا ئەو دەقانە بمێننەوە، کە باس لە لایەنە ڕوحییەکان دەکەن و، ھەموو ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە دیوی تەشریعییەوە بخرێنە چوارچێوەی مێژووەوە، وەك چۆن ئێستا ھەندێك پێیان وایە، شەوی قەدر شەوێك بوو تێپەڕی، چاکە و خێروبێریشی تەنھا وەھمە و ھیچ پاداشتێکی نییە، چونکە لە بنەڕەتدا بووە بە مێژوو و تێپەڕیوە، ئەم بابەتەیش کە مامەڵەی دادپەروەریی دۆخی کۆمەڵێک ئیشکال درووست دەکات، لە ئێستادا مامەڵەیەكی ئەخلاقییە بەڵام سبەی دەبێت بە نائەخلاقی، دوێنێ کۆیلەت ھەبوو بێت ئەخلاقییە، چەند ژنت ھەبوو بێت ئەخلاقییە، بەڵام ئەمڕۆ نائەخلاقین ئەمانە، لە ڕاستیدا لە بواری کۆیلایەتی بۆ نموونە، ھیچ دەقێک نییە لە قورئاندا، بڵێت خەڵک بکەن بە کۆیلە، لەگەڵ ئەوەیشدا دەیان ڕێگای داناوە ھەتا ئازاد بکرێن، کەواتە ئەمە بۆ خۆی دەرچوونە لەو کولتوورەی ھەبووە لەلایەن ئایینەوە. دیلی جەنگ ناکرێن بە کۆیلە، کەواتە لێرەوە کۆتایی بۆ کۆیلایەتی دانراوە، بەڵام لە جیھانی کرداردا، نەتوانرا لە چوارچێوەی ئەو کولتوورە بچنە دەر کە ھەبووە، بۆ نموونە لە قورئاندا لەسوورەتی (محمد)دا، لە ئایەتی (4)دا، دوو چارەنووس دادەنێت بۆ دیلی جەنگ، ئازادکردن، ئازادکردن بەرانبەر فیدیە. کەچی لە فیقھدا ھاتوون دوو ئیختیاری تریان خستووەتە پاڵ، کوشتن و بەکۆیلەکردن! لێرەدا دەتوانین باس لە کاریگەریی کولتوور بکەین و، خۆمانی لێ لا بدەین و ھەوڵ بدەین ئایینیشی لێ پاك بکەینەوە، بەڵام ئەوەی لەنێو قورئاندا، بەشێک ھەبێت بچێتە چوارچێوەی کولتووری عەرەبەوە، پێم وا نییە وا بێت، جا کۆمەڵێك بەڵگەسازی دەکەن بەتایبەت جیھادییەکان، کۆمەڵە دەقێك دەھێنن، کە بە ھیچ شێوەیەک ناتوانرێت وا بەکار بھێنرێت، ئەگەر لێکی دانەبڕن، ھەموو ئەو دەقانەی باس لە جەنگ دەکەن، لە کۆی قورئاندا ئەگەر لە سیاغی خۆیاندا وەریان بگرین، ئەوا ناتوانین بەو شێوەیە بەکاریان بھێنین، کە ئەو گرووپانە بەکاریان دەھێنن و، کۆمەڵگا بەرەو ڕووخان دەبەن. ناکرێت بڵێین ئەم دەقانە دەچنە نێو جیھانی یەکەمەوە، بەداخەوە ئاماژەی بە نموونە نەکردووە، لەو دەقانەی دەچنە نێو جیھانی یەکەمەوە، تەنھا ئاماژەی بە مورتەد کردووە، کە ئەویش دەقی ئایەتی لەسەر نییە، لەگەڵ (توبی نەبەوی) ئەویش بە ھەمان شێوە.
لە کۆتاییی ئەم تەوەرەیەدا دەڵێین، دەربڕینەکانی مامۆستا تەحسین تێکەڵوپێکەڵن و، بەباشی چەمکەکانی لێك نەکردوونەتەوە. ڕەنگە ئەوەیش ئیشکال درووست بکات لە تێگەییشتن لە بۆچوونەکانی، بۆیە باشتر بوو ڕوونتر گوزارشتیان لێ بکات و، ھێندەیش باسکردن لەھۆکار و کاریگەریی ژینگە و کولتوور، بەتایبەت لەسەر پەیامی پەیامبەران، کە پێم وایە درێژکراوەی ڕوانینی سروشە، بەلانی کەم بۆ پێغەمبەران گونجاو نییە.

تەوەرەی سێھەم
لایەنی تەکنیکیی کتێبەکە
لە کتێبی ئایین و کێشەکاندا، نووسەر کۆمەڵێك دەستەواژەی بەکار ھێناوە، کە سەرتێکدەرن و خوێنەر ون دەکەن، جۆرێکیشە لە یاریکردن بە ناوی سەرچاوەکان و تێکەڵوپێکەڵکردنی لای خوێنەر، بۆ نموونە:
لە لاپەڕەی (72)دا دەڵێت: فەیلەسووفی ئەڵمانیی بەناوبانگ (گۆتە) کتێبێکی ھەیە، کە لەپێشدا لە ڕۆژنامەکاندا بڵاوی کردەوە! بەبێ ئەوەی ناوی سەرچاوە و ناوی کتێبەکەیش بھێنێت، ئایا ئێمە چۆن بزانین مەبەستی کام کتێبەیەتی؟
یاخود لە لاپەڕەی (28)دا دەڵێت: ئێرنست کاسێرێس لە کتێبەکانیدا دەیسەلمێنێت... بەبێ ئەوەی ناوی کتێب و لاپەڕەکەی بڵێت، بە کۆیش دەیڵێت.
ھەروەھا دەڵێت: ئیمامی ڕازی دەڵێت، (ل-37) ئیمامی ڕازی لە کوێدا وا دەڵێت؟ دەیان کتێبی قەبە و چەندبەرگیی ھەیە، ئایا لە کوێدا وا دەڵێت؟
دەیان شتی وەھای تێدایە، کە ھیچ سەرچاوەیەکی دانەناوە بۆ بابەتەکەی، بۆ نموونە عەبدولکەریم سروش دەڵێت. ئەکرەم عەنەبی دەڵێت. سروش دەباغ دەڵێت. زۆرێک بەم شێوەیە خستوونیەتە ڕوو، بەبێ ئەوەی وتەی کەسیان بگەڕێنێتەوە بۆ لای سەرچاوەکانیان.
ئەو کتێبانەیشی ناوی بردوون، بە شێوەیەك ناوی بردوون کە ئەگەر نووسەرەکەیشی زیندوو بکەیتەوە، ناتوانێت سێ دێڕ لە کتێبەکەیدا بدۆزێتەوە، بۆ نموونە دەڵێت: (د. جواد علی، لە کتێبی المفصل فی التاریخ العرب قبل الاسلام، الناشر: جامعة بغداد، الطبعة: الثانیة، 1993) (ل-123، ئایین و  کێشەکان)
بەبێ ئەوەی ناوی بەرگ و لاپەڕەکەی دابنێت، ئاخر کوێ بگەڕێین لەکتێبێکی دە بەرگیدا؟ لە کاتێکدا ئەو کتێبە زۆر گشتگیرە و ھەر لە بیروباوەڕ و کولتوور و زۆر شتی تر باس دەکات، ھەتا دەچێتە نێو مناقەشەی تیۆرەکانی سەرھەڵدانی ئایین و تەوتەمییەتەوە، (لە بەرگی یەک، ل-520، طبعة-2،  بغداد ، 1993)
نووسینی ناوی سەرچاوەکان بۆ لایەنی زانستیی کتێبەکەی مامۆستا، بەو شێوەیە باش نییە و نیشانەی پرسیاری لەسەر درووست دەبێت، کە کۆی ئەو بابەتانەی لەو کتێبەدا ھاتوون، لە چەند کتێبێکەوە وەرگیرابن.



سەرچاوە بەکارھاتووەکان
تەحسین حەمە غەریب، ئایین و کێشەکان، 2018، کتێبی ژمارە 23، ھەژان.
عەبدولکەریم سروش، ڕێگا ڕاستەکان، و. سەعید بەشیر، چاپ 2، چاپخانەی گەنج، 2016.
عەمرو شەریف، گەشتی عەقڵ، و.موزەفەر عەوڵا قەسرێیی، تەفسیر، 2017.محمد باصل الطائی، أوھام الالحاد العلمی، مرکز دلائل، الطبعة 2، 1439 ھ.عبداللە صالح العجیری، شموع النھار، مرکز تکوین، 2016.سامی عامری، مشکلة الشر و وجود اللە، مرکز تکوین، الطبعة 2، 2016.محمد بن بسیس بن مقبول السفیانی، الأسس المنھجية لنقد الأدیان، مرکز التأصیل، 2016.زکی نجیب محمود، قصة الفلسفة، القاھرة، 1936.






No comments:

Post a Comment

 دووفاقیەکانی مەریوان وریا قانع  (ئازادیی ڕادەرڕین و جێندەر) ئاڤار قەرەداغی مەریوان کەسێکە خۆی زۆر پێخوێنەوارە، بەردەوام هێرش دەکاتە سەر مو...