هۆکارەکانی دەرکەوتنی ئیلحاد لە ئەوروپا
ئاڤار قەرەداخی
ئەگەر بمانەوێت بەوردی لەهۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئیلحاد بکۆڵینەوە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ مێژووی ڕوژئاواو بیخوێنینەوە ، چونکە ئیلحاد بەو واتایەی نکوڵی کردنبێت لەبوونی خوداو باوەڕنەبوون بێت بە دروستکەرێك داهێنراوێکی ڕۆژئاواییە ، بۆیە گرنگە لەسەرەتاکانی دەرکەوتنی مەسیحیەتەوە خوێندنەوەیەك بکەین هەتا سەدەکانی کۆتایی کەئیلحاد تێیدا بەتەواوی دەردەکەوێت و بڵاو دەبێتەوە لەبەشەکانی پێشووشدا ئەوەمان خستە ڕوو کە بەڕای زۆربەی توێژەران لەدوایی سەدەی شانزەو لەسەرەتاکانی سەدەی هەژدە سەریهەڵداوە بەواتانوێیەکەی کەنکوڵی کردنە لەبوونی خوودا .
٭ خوداوەندەکانی ڕۆمان پێش بوون بەمەسیحی : لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی خودا گەلێکی زۆر دەپەرستران و هەرخودایەك تایبەت بوو بەبوارێکەوە ، وەکو خودای چاندن و خوداێ دارستان و خداوەندی سەربازان ، لەگەڵ چەندین خودای تر ، هەندێك لەخوداکانیان بەناوبانگ بوون و لەنێو خەڵکدا زیاتر قوربانیان پێشکەش دەکرا ، لەوانە :
أ ــ ژووپیتەر :خوداوەندی ئاسمانی ساماڵ کەبەچەندین ناو دەپەرسترا ، ئەوەی توانای پێدەردەکەوت ژووپیتەری لێدەر بوو ، هەندێك جار سەرکردەی سەرکەوتوو لەجەنگدا قوربانی پێشکەشی ژووپیتەر دەکرد ، لێرەدا ژووپیتەر سیتیتور بوو ، واتە خوداوەندی سەرکەوتنی جەنگ بوو کەسەرکەوتنی دەدا بەدەوڵەت و سەربازەکانی بەسەر دووژمناندا ، لە کابیتوڵ پەرستگایەکی گەورەی بۆدروستکرابوو کەبەمەڵبەندی ئاینی نەتەوەیی ڕۆمانەکان دادەنرا .
ب ــ مــارس : خوداوەندی گەشەو پیاوەتی و هێزی وەچەنانەوەبوو ، کەلەجەنگدا کاریگەری دەردەکەوت و لەدەرەوەی ڕۆما پەرستگایەکی بۆدروستکرابوو ، لەکاتی جەنگدا دەکرایەوەو لەکاتی ئاشتیدا دادەخرا و لەمەیدانەکەیدا ئەنجومەنە سەدیەکان کۆدەبوونەوە .
ج ــ ساتۆرنوس : خوداوەندی چاندن یەکێك لەکۆنترین خوداوەندەکانی ڕۆمان بوو کە کوشتوکاڵی فێری دانیشتوان کردووەو باوەڕوایە بەبنەڕەت خوداوەندێکی یۆنانی بێت و هاتبێت بۆ دەشتی لانیوم لەوێ پاش ململانێی لەگەڵ زیوسی گەورەی خواوەندانی ڕۆمان خۆی شاردبێتەوە .
د ــ سیرس : خواوەندی پیت و بەرهەم و کوشتوکاڵ بوو .
چەند خوداوەندێکی تریش هەبوون وەکو بالیس و فروس و جونوی خواوەندی ئاسمان و ڤینۆس خواوەندی جوانی و خۆشەویستی ، ئەمەجگە لەوەی پەرستنی پاشاکانیش لەنێویاندا بڵاو بوو . ــ پوختەی مێژووی شارستانیەتەکان ، ب ۱ ،ل ٤۱۹ ــ ٤۲۰ .
٭ دەرکەوتنی مەسیح : لەکۆتا ڕۆژەکانی ئیپراتۆریەتی ڕۆمانی دەروونەکان ماندوو و بێزار بوون ، لەئەنجامی ئەو ئەزموونە تاڵانەی لەو جیهانەدا تێپەڕدەبوو ، دڵەکان پڕ لەبێهیوایی بوون و خوازیاری حەسانەوەی دوای مەرگ بوون لە ژیانێکی دیکەدا .
لەوکاتەدا جیهان هەواڵی هاتنی کەسێکی بیست کەپێی دەوترا (یەسوعی مەسیح ) کەموژدەی بەوەدەدا ئەمجیهانە سەرپێی و ڕابواردن و یانەی گاڵتەو سەختیەکانەو ئەوانەی بڕوادێنن و کاری چاکەدەکەن و کەسانی بێهیوای وەك بێوەژن و هەتیوان لای پەروەردگاریان پاداشت وەردەگرن ، ئەویش ئەوەیە کەلەڕۆژی پاداشت وەرگرتنەوەدا لەگەڵ زاتی پیرۆزیدا یەك دەبن ئەمەش لەگەڵ فرەخودایی پێشینەکاندا پێکیانداداو خەریک بوو تێك دەشکا ، پشتیوانانیشی هەستیان بەپێویستی یەکێتی کرد ، بۆیە لەپشت ئەمەوە کڵێسای مەسیحی کەبەدەست ئازارو ستەم و چەوساندنەوەوە دەیناڵاند ڕاوەستاو دواتر لەسەرەتاکانی سەدەی چوارەم توانی قوستەنتین بێنێتە ڕیزی خۆی . ــ پوختەی مێژووی ئەوروپا ، ل ٥٦ ــ
یەسوعی مەسیح لەسەردەمی ئیمپراتۆر (طیباریوس)دا ، هەستا بەبانگەواز بۆئاینەکەیی و مژدەی ئاینێکی نوێی دا بەگوێی جیهاندا . ــ تاریخ الحضارات العام ، ج۲ ،ص ٤۲۰ .
سەرەتای بانگەوازەکەی مەسیح لە فەلەستینەوەبوو ، دواتر بەخێرایی بەهەرێمەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیدا بڵاو بوویەوە . ــ مێژووی ئەوروپا لەسەدەکانی ناوەڕاست ،ل ۲٨ ــ
سەرەتا ئاینی مەسیحی لەنێوان هەژاران و کۆیلەکاندا بڵاو بوویەوە ، بەڵام هێندەی نەبرد لەماوەی دواتردا پەڕیەوە بۆ نێو ناوەندە کۆمەڵایەتیە جیاجیاکان و بەشەکانی ئیمپراتۆریەتەکەو بوو بەهێزێکی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتی .
چەند هۆکارێك لەبڵاو بوونەوەیدا بەشداربوون ، لەوانە فراوانبوونی ئیمپراتۆریەتەکەو پەیوەستی بەشەجیاجیاکان بەیەکترەوە بەهۆی ڕێگە پەیوەندیەبەهێزوو چاکەکان و بازرگانیەچالاکەکانەوە ، وێڕای زاڵبوونی زمانی لاتینی و زمانی یۆنانی لەبەشی ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵاتدا ، ئەمە کاری موژدەدەرانی ئاینی نوێی ئاسان کردبوو ، سەرەڕای ئەمانە ڕێکخستنی وردی کڵێسا کەگەورەییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ (ئەبە) یەکەمینەکانی کڵێسا بەتایبەت قەدیس پۆڵس و قەدیس بوترس .
جێی تێبینیە لەسەرەتادا ئێمپراتۆر گرنگیەکی وای بەچالاکی مەسیحیەکان نەداو بەدەستەیەکی بچوکی ئاینی دادەنان کەوەك دەستە بچوکەکانی دیکەوابن ، بەڵام ژمارەی مەسیحیەکان کەزیادی کردو بوونیان بەهێزی ڕێکخراو ، پاشاکانی ڕۆمانی لەدژیان وروژاندو کەوتە لێدان و چەوساندنەوەی مەسیحیەکان و پەیڕەوی سیاسەتی سەرکوتکردن بەرامبەر بەرامبەر بەمەسیحیەکان . ــ پوختەی مێژووی ئەوروپا ، ل ٦۰ ــ
No comments:
Post a Comment