جاڕی مردنی خودا !!
ئــــــاڤـــــار قـــەرەداخــی
" ئــەگــەر وشەی خودامان بەکارهێنا ئەوا گەڕاوینەتەوە بۆ کێشەکانی کەنیـــــسە "
" ئەدنکتوت "
ئیمانداران دەڵێن : ڕاکردن لەخودا بۆ ؟ ئایە بەڕاست خودایەك هەیە تالێی ڕابکەین ؟ ئایە ئەو وتەیەی فیورباخ ڕاست نیە کەدەڵێت : ئەوە مرۆڤە خودای بۆخۆی دروستکردوە ؟ ئایە ئەم وتەیەی فرۆید دروست نیە کە ئەڵێت : ئاینداری نەخۆشیەکەو مرۆڤ بۆخۆدزینەوەو لەبەرجەهلی خودای بۆخۆی دروستکردوەو ئاینداریەکەشی دەگەڕێتەوە بۆگرێی دەروونی ؟
ئایە خودا تەنها خەیاڵ و وەهمێك نیە مرۆڤەنەزانەکان بۆخۆیان دروستکردوە ؟
خودا حزوری هەیە لەنێو فەرهەنگ و فەلسەفەو هونەرو مۆسیقاو تقوس و مەراسیمەکی مرۆڤدا ، ئەم حزورە لەسپێدەی دەرکەوتن و نواندنی مرۆڤ لەسەر شانۆی ژیان دەستپێدەکات و بەردەوام دەبێت هەتا سەدەکانی دوایی لەئەوروپا لەدوای چەرخی ڕۆشنگەریەوە هێدی هێدی دورکەوتنەوە لەخوداو ڕەخنەگرتن لێی دەستی پێکرد هەتا لەسەدەکانی هەژدەو نۆزدە گەیشتە ئەوپەڕی و ڕەخنەو هێرشەکان لەکەنیسەو پیاوانی ئاینیەوە پەڕیەوە بۆخودی خوداو ئاینیش ، بەجۆرێک نەزعەیەکی ئیلحادی باڵی کێشا بەسەر فەلسەفەو زانست و ئەدەب و تەنها لەچوارچێوەی جوگرافی ئەوروپاش قەتیز نەما بەڵکو بەرەو ڕۆژهەڵاتیش پەلی هاویشت لەدۆخێکدا کە تاکەکانی ڕۆژهەڵات لە ڕوخانێکی دەرونی و لەدۆخێکی چەقبەستویی نێو کلتورو هەندێک مەزاهیبدا گیریان خواردبوو .
بانگەشەکارانی ئیلحادو بێ خوایی دەنگیان دلێرو سەریان بەرزڕاگرتبوو ، بەدەنگی بەرز دەیانوت ئەو خودایەی ئێوەباسی دەکەن لە مێشکتاندایەو بونێکی سەربەخۆو ڕاستەقینەی نیە ، ئەی باوەڕدارە گێلەکان ئەی ئەوانەی دوای ئەفسانەو خەیاڵاتەکانی نێو ئاینەکان کەوتون وەرن ئەمڕۆ خودامان ناوێت تالێکدانەوەی دروستبونی گەردونی بۆبگەڕێنینەوە ، خودامان ناوێت تاتەفسیری دیاردەسروشتیەکانمان بۆبکات ، ئەمڕۆ ئـــێمەی زانستخوازو فەیلەسوفانی ئازاد و نوێگەر جاڕی مردنی خوداتان بۆدەدەین و ڕایدەگەیەنین ئەوا خـــــودا مـــرد !
باوەڕداران بەگشتی کەوتنەنێو گێژاوەوە بەتایبەت گەنجان ، ئەرێ بەڕاست خودا مرد ؟ ئەرێ بەڕاست خودا خەیاڵێک بوو تەواو بوو ؟ ئەرێ بەڕاست دەیان سەدەیە لەنێو خەیاڵا ئەژین ؟ ئەرێ بەڕاست خودا وەک دۆرکهایم ئەڵێ لەنێو کۆمەڵگادا بۆمان دروستکراوە ؟ ئەرێ بەڕاست خواپەرستی نەخۆشیە ؟
لەو دۆخەدا کە عەقڵەکان حەیران بوو بوون دڵەکان کرمۆڵ بووبوون لەخوداو گومان و پرسیارە یەک لەدوای یەکەکانی بیریارانی بێ باوەڕ دەیان وروژاند جیهانیان هەژاندبوو ، لەو دۆخەی باوەڕداران خۆیان دەشاردەوەو ، لەودۆخەی ئاینداری و باسکردنی خودا شەرم بوو چەندین زاناو بیریار ڕاپەڕین و دەیان پرسیان بەڕوی بێ باوەڕاندا بەرزکردەوە .
ئاینداران پرسیان ئایە بەڕاست خوداتان کوشت ؟ یان خودا مرد ؟ یان نەخێر ئەوەتا لەباتی ئەوخودایەی فەیلەسوفان و زانایان باوەڕیان پێی هەبوە ئێوەباوەڕتان بەخودایانێکی تر هێناوە ؟ گوستاڤ لیبوون گوتەنی هەرچەن سەدەی نۆزدەو بیست ئەوروپیەکان لەوپەڕی بێ ئاینیدابوون بەڵام زۆرترین پەرستراوو بت و پەرستگاهەبوون لەودووسەدەیەدا چونکە خودی بیروباوەڕە ئیلحادیەکە دەبوەدینێک .
بێباوەڕان سوجدەیان بۆکۆمەڵێك خودای تربرد خودای "سروشت " ئەمەیەکێک لەگەورترین خوداکانیان بوو ، کە بوونیان بۆدەگەڕاندەوە .
ئایە سروشت خالقە ؟ ئەگەر دەڵێن بەڵێ خالیقەو دروستدەکات و ژیان بۆ وی دەگەڕێتەوە ، ئەوا دەڵێین : ئێوە باوەڕتان بەخودا هەیەو تەنها ناویتان گۆڕیوە ئێوە باوەڕتان بەسیفەتەکانی خودا هەیە بەس بەناوەکەی نا ، چونکە ئێوە ئەزمونێکی تاڵتان هەیە لەگەڵ کەنیسەداو ناوبردنی خوداش واتا پاشکۆبوون و گەڕانەوە بۆکەنیسە .
وەك ڕۆسۆ دەڵێت :ئاینی سروشتی ئاینی ئازادی وەکو ئاینی کەنیسە نیە .
لە ئاینی سروشتی دا عاشق ئەبوون خۆشەویستیان ئەکرد ، هاوسەرگیریان ئەکرد ، وێنەیان ئەکێشا هۆنراوەیان ئەوت ، بەڵام کەنیسە دەیوت وێنەمەکێشن جگەلە وێنەی عەزراء و مەسیح نەبێت ، ئەوەی لەئینجیلەکاندا نەهاتنبێت نابێت وەریگرن و زانست نیە ، وەڕەهبانیەتیان بەسەر خەڵك دا سەپاند ، بۆیە بۆدەرچون لەژێر دەستی کەنیسە پەنایان بردە بەر سروشت و کردیانە خودای خۆیان .
وەئەگەر بشڵێن سروشت هیچی لەدەستدا نیەو دروستکەر نیە ئەوا خۆخەڵەتاندن و خۆدا دانەدەست وەهم و خەیاڵاتە .
دواتر خودایەکی تریان دروستکرد بەناوی خودای "سودفە " ئەم خودایەشیان پەرست بەڵام ئەم بتەش زوو شکێنراو تەختی زەوی کرا .
ئەوان دەیان وت :دروستبونی ژیان بەهۆی ڕێکەوتەوە وەکو کۆمەڵێک مەیمون وایە کەبەردەوام لەکیبۆردی کۆمپیتەر بدەن و لەهەوڵەبەردەواماۆانیان ئەتوانن بەڕێکەوت هۆنراوەی سۆنیت ی شکسپیر بنووسن .
جیڕاڵد شرۆیدەر لەوبارەیەوە تاقیکردنەوەیەکی ئەنجامدا ، کاتێک شەش مەیمونیان خستەنێو قەفەسێکەوە کیبۆردیشیان بۆدانان کەچۆن لەدوگمەکانی کیبۆردەکەبدەن .
ئەنجامەکە (٥۰) لاپەڕەی نوسراوبوو ، بەبێ ئەوەی تاکەوشەیەکی ڕاستی تێدابیت ، تەنانەت ئەگەر وشەکە یەک پیتیش بێت بۆنمونە A ، کەبۆئەوەی بەوشەی دابنێین دەبێت لەپێش و پاشی سپەیس هەبێت .
جائەگەر کیبۆرد لەسی کلیل پێکبێت (۲٦ پیت + ٤ هێما) ئەوا ئەگەری ئەوەی بەڕێکەوت وشەیەکی یەک پیتیمان دەستبکەوێت لەهەر هەوڵێکدا بریتیە لە (۱ بۆ ۳۰×۳۰×۳۰)واتا (۱/۲۷۰۰۰) .
دوای ئەوەی شڕۆیدەر ئەوئەنجامەی لەسەر هۆنراوەی سۆناتا جێبەجێکرد کە پیتەکانی لە ٤٨٨ پێکدێت ئەگەری ئەوەی بەڕێکەوت دەسمانکەوێت بریتیە لە یەك دابەشی ۲٦ جارانی خۆی ٤٨٨ جار ، واتا ۲٦ ــ ٤٨٨ جا ، یەکسانە بە ۱۰ ٦۹۰ جا .
کاتێک زانایان تەنۆلکەکانی گەردونیان ژمارد (ئەلیکترۆن ، پرۆتۆن ، نیوترۆن) بینیان ۱۰ توان ٨۰ واتە یەك و لەلای ڕاستی ٨۰ سفر هەبێت ، واتە تەنۆلکەی وابونی نیە کەبەشی ئەو هەوڵانەبکات وەپێویستمان بەتەنۆلکەی زیاترە بەئەندازەی ۱۰ توان ٦۰۰ .
ئەگەر هەموو مادەی گەردوون بگۆڕین بۆپارچەی کۆمپیتەر کەهەریەکێکیان بەشێک لە ملیۆنی گرامێک بێت و وادابنێین هەر پارچەیەک لەجیاتی مەیمون هەوڵەکان ئەنجامبدات ، بەخێرایی ملیۆن هەوڵ لە چرکەیەکدا ، دەبینین کەژمارەی ئەوهەوڵانەی لەسەرەتای دروستبونی گەردونەوە ئەنجامدراون ۱۰ توان ۹۰ هەوڵە ، واتە پێویستیت بەگەردونێکی ترهەیە بەئەندازەی ۱۰ توان ٦۰۰ یانتەمەنێکی درێژتری گەردوون بەهەمان ئەندازە !
سەرەڕای ژمێرە برکاریەکانی یوجین جای و دەیان زانای تر لەو بارەیەوە .
هەروەها توێژینەوەکانی کۆمەڵناسان و ئەنثرۆپۆلۆجیستەکان لەهۆزە قەدیمیەکان و ئەو هۆزە پەڕکیرانەی کەمترین پێشکەوتنیان بەسەردا هاتوە وتەکەی "فلوترخس" دووپاتکردەوە کە بەرلە دووهەزار ساڵ وتویەتی "چەندین شار هەبوون لەمێژوودا کەشورایان نەبووە ، چەندین شار هەبوون کەکۆشکیان نەبووە ، بەڵام هیچ شارێك نەبوە کەپەرستگای نەبووبێت "
توێژینەوە ئەنثرۆپۆلۆجیەکان وتیان : لەناو ئەو هۆزانەدا بیرۆکەی (الإله الأعلی) بوونیان هەبوە لەلایان ، بۆنمونە : (لانج) سەلماندویەتی کەباوەر بوون بە (پەرستراوی باڵا – الإله الأعلی) لەلای هۆزە هەمەجیەکان لە ئوستورالیاو ئەفریقیاو ئەمریکا بوونی هەبووە (شریدر) سەلماندویەتی لەلای ئاریەکۆنەکان باوەریان بە خودای باڵا هەبووە .وە (بروکلمان) سەلماندویەتی لەلای سامیە کۆنەکان هەمان باوەر بوونی هەبووە لەلایان ، هەروەها (لاڕواه)و (کاتر فاج)لەلای کورتە باڵاکانی ناوەراستی ئەفریقیا سەلماندویانە کە بیرۆکەی (خودای باڵا) بوونی هەبوە ،(شمیدت) لەلای قەزەمەکانی دانیشتوانی ئوستورالیای باشورو خۆرهەڵات (خودای باڵا) بوونی هەبووە ، (شمیدت) توێژینەوەکەی بەوە کۆتایی هات کە بیرۆکەی (الإله الأعظم) لەلای هەموو ئەو میلەتانەی بەکۆنترین رەگەزەکانی مرۆڤ دادەنرێن بوونی هەبووە .
لەلایەکی ترەوە (دۆرکهایم) کە خۆی باوەری وایە کە کە ئاین لە تەوتەمەوە سەرچاوەی گرتوە دەڵێت : (هەندێك لە هۆزەکانی ئوستورالیا فکرەی (الإله الأعلی) یان (الإله الأحد) لە ناویاندا بوونی هەبووە وە باوەریان وابوە ئەو (خودا)یە ئەزەلییەو خۆرو مانگ و ئەستێرەکانی لەژێر دەستدایەو بە فەرمانی ئەو ەجوڵێنەوەو ئینسانی لە قور دروست کردوە و رۆحی کردوە بەبەریدا ، هەروەها دانەری عیبادەتەکانەو دادوەری مرۆڤەکان دەکات دوای مردن و چاکەکارو خراپەکار لەیەك جیا ەکاتەوە) وە (دۆرکهایم) ڕەدی (تایلۆر) دەداتەوە کە پێی وایە ئەو بیرو باوەرە موبەشیرەکانی ئەوروپاوە وەریانگرتوە ، دۆرکهایم دەڵێت : هەمووی لەئەوروپاوە وەرنەگیراوە وەك (تایلۆر) گومانی بردوە بەڵکو ئەو بیرو باوەرە کۆنە لەناو ئەو هۆزانەدا پێش ئەوەی موژدەدەرە ئەوروپیەکان بچنە ئەوێ ، لەو هۆزانەدا سوپاسیان لەسەر بیرو باوەرەکەیان کردوەو وە دوعایان کردوەو دەستیان بۆئاسمان بەرزکردۆتەوە)
ئەو توێژینەوانە سەلماندیان کە مرۆڤ ئاینداری لە ناخیدا وەکو شنەی شەماڵ بەردەوام شنەئەکات و مرۆڤ لەهەرشتێک بێ باك بێت ناتوانێت لەخودا بێ باك بێت .
هەرئەمە وای کرد " کارین ئارمسترونگ " بڵێت : مرۆڤ ئایندارە ، لەبری ئەوەی بڵێین مرۆڤ عاقڵە دەڵێین مرۆڤ ئایندارە ، لای ئارمسترونگ ئەوەی پێناس و هەویەی مرۆڤەو مرۆڤی پێدا دەناسرێتەوە ئاینە .
هەربۆیە هیگڵی فەیلەسوف پێی وایە ئاینداری توخمێکی بنەڕەتیە لەدروستبونی مرۆڤداو بەشێکە لەحەقیقەتەکەی ، بەڵکو تەنها مرۆڤ دەتوانێت ئاینی هەبێت .
هەتا ئۆگست کۆنتی کۆمەڵناس وەکو فەیلەسوفێکی پۆزەترڤیسم دەستی پێکرد ، بەڵام لە پێغەمبەرێکی موژدەدەرەوە سەری دەرکرد !
ئۆگست کۆنت گەشەسەندنی مرۆڤی کرد بەسێ قۆناغەوە :ئاینی ، میتافیزیکی ، زانستی ، کەلەنزمەوە بۆبەرز دەستی پێکردووە .
بەڵام کۆنت کەهەستی بەگرنگی ئاین کردبوو لەژیانی تاک و کۆمەڵگاکاندا گەڕایەوەو ئاینێکی تازەی پێشنیار کرد بۆخەڵکی و ناوی نا "مرۆڤگەرایی" وەهەموو وردەکاریەکانی بۆداڕشت پوختەی ئەوەبوو کار بۆ بەرزترین بوونەوەربکەین کەمرۆڤگەراییە ، بەم شێوەیەش گرنتی مانەوەیمان دەست دەکەوێت .
هەر بۆیە جاڕدانەکەیان بەمردنی خودا زۆری نەخایاندو لەبەردەم دەیان پرسیاردا ڕاوەستان کەتوانای وەڵامادانەوەیان نەبوو ، ئەو لوتبەرزیەی زانست بۆی دروستکردن نەماو لوتیان بەنادیاریەکی بەرفراواندا تەقی ، ئەوەی مامۆستاکەی ماکس پلانک پێی وابوو زانستی فیزیای تەواو کردوەو گەیاندویەتیە کۆتایی ،یان ئەوەی دیدرۆ پێی وابوو بیرکاری لەسەردەمی ئەودا گەیشتۆتە چڵەپۆپەو کۆتایی ، یان ئەوەی زانایان پێیان وابوو زانست هەموو شتێکیان بۆلێکدەداتەوە وادەرنەچوو ، بەڵکو بۆیان ڕوونبویەوە کە زانست توانای وەڵامدانەوەی هیچکام لەپرسەجەوهەریەکانی نیە ئیمان هێنان پێی و بەخواکردنیشی مرۆڤ توشی دوودڵی ناڕەحەتی دەکات ڕەنگە ئەم وەسفەی سۆمەرست مۆم بێت کە دەڵێت (ئەمرۆ ئەوروپا وازی لەخوداکەی هێناو لە جێگەی ئەوە باوەری بەخودایەکی تر هێنا کە پێی دەڵێن زانست ، بەڵام زانست بونەوەرێکی گۆراوە ئەوەی رۆژ دانی پیادەنێن شەو رەتی دەکەنەوە ، ئەوەی سبەی رەفزی دەکەن ئەمرۆ دانیان پێداهێناوە، بۆیە ئەوانەی بەندایەتی بۆ ئەم خودایە دەکەن بەردەوام لە قەلەقی و دڵەراوكێدان و لەسەر بارێك راناوەستن)
بەڵێ بەڕێزان بێ باوەڕی گرێی دەرونیەو نەخۆشیە بەپێچەوانەی وتەی فرۆیدەوە چونکە وەك زانای دەروناسی ئەڵمانی (مانفرد کیوتز) دەڵێت : (لێکدانەوەی فرۆید بۆباوەڕبون بەخودا لێکدانەوەیەکی تەواو ڕاستە ئەگەر هاتو خودا بونی نەبوو ، بەڵام ئەگەر خودا بونی هەبوو بەهەمان لێکدانەوەی فرۆید ئیلحاد وەهمەو هۆکارێکی باشە بۆڕاکردن لە بەرپرسیارێتی لەبەرامبەر خواو هەڵگرتنی مەسئولیەتی ئەوکارانەی کردویەتی لەبەرامبەر خوا لەڕۆژی لێپرسینەوەدا ).
وەك زیسلو میلوز شاعیری پۆڵندی و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵ ئەڵێت (ئەو وتەیەی ئەڵێت دوای مردن ژیانێکی تر نیە تلیاکێکی بەهێزە کەدەرون و هەستمان بەنج بکات و هەست بکەین کە لێپرسینەوە لەسەر دەسدرێژی و دزی و خراپەکاریەکانمان ناکرێت )
لەکۆتاییدا سەرنجاتان بۆ وتەکەی ــ ئەدنکتوت ــ ڕادەکێشمەوە کە ئیلحادو بێباوەڕی ڕۆژئاوا ڕەدفعلی کەنیسەو سەتەمی کەایسەبوە ، کەدەڵێت "ئـەگــەر وشەی خودامان بەکارهێنا ئەوا گەڕاوینەتەوە بۆ کێشەکانی کەنیـــــسە "
No comments:
Post a Comment