Wednesday, 26 July 2017

ئیلحاد لە تەرازوودا ــ ۱ ــ

چەمکی ئیلحاد ...

ئـــاڤــار قەرەداخی

ئایە خودا هەیە ؟ ئەگەر هەیە بەکام بەڵگە ؟ ئایە ئەوبەڵگانەی بۆ بوونی خودا دەخرێنەڕوو لەسەردەمی ئەتۆم و زانستدا ئەرزشیان ماوە ؟ ئایە لەدونیای زانست و تیورەکاندا جێیەک هەیە بۆخودا ؟ یان خودا خودای بۆشاییەکانەو ئەوکاتەی ناتوانین دیاردەکان لێکبدەینەوە پەنای بۆدەبەین ؟ ئایە ئاین سەرچاوەی هەموو خراپەو نەهامەتیەکان نیە ؟ ئایە ئیلحاد هەڵوێستێکی زانستیە لەمەڕ لێکدانەوەی دیاردەکان و بوندا ؟ ئایە بانگەشەکارانی ئیلحاد بەچ بەڵگەیەك خودا ڕەتدەکەنەوە ؟ ئایە جیاوازی هەیە لەنێوان مولحیدانی کۆن و نوێدا ؟  ئایە ئایە  ….
ئەمانەو دەیان پرسی تر دەخەینەبەر توێژینەوە بەشێوەی زنجیرە هەرجارەو باسێک دەخەینە خزمەتتان بە پشتیوانی خودا .

ناساندنی چەمکی ئیلحاد ــ Atheism  : چەمکی ئەیسیزم لەمێژوودا گۆڕان بەسەر ناوەڕۆکەکەیدا هاتوەو هەمان ئەومانایەی لە دونیای هاوچەرخدا هەیەتی نەیبەخشیوە لەسەدەکانی کۆن و ناوەڕاستدا هەتا سەدەی شانزە بەدواوە .
ژولیان باگینی لەپێناسەیەکی کورتدا بۆ ئەیسیزم دەڵێت : باوەڕنەبونە بەبوونی خودا یان خوداکان . چەکوشی بەڵگە ، ل ۳٦ .
هەروەها پێنەسەکراوە بەوەی : مەزهەبێکی فەلسەفیە ڕاوەستاوە لەسەر بیرۆکەی عەدەمیەت بناغەکەی نکوڵی کردنە لەبونی خود .  ــ الموسوعە مویسرە ، ج۲ ص ٨۰۳ .
ئەیسیزم چەمکێکە بۆ وێنای ڕێڕەوێکی فەلسەفی و فکری کەچەقی بیرکردنەوەیان دەربارەی ڕەتکردنەوەو نکوڵی کردنە لەخودا یان هەرهێزێکی کارا لەپشت ئەم گەردونەوە ، بەواتایەکی سادە ئەیسیزم واتا نکوڵی کردن لەبوونی خودا ــ رحلە الی قلب الالحاد ، ص۱٤ ــ ۱٥ .
ئەیسیزم زاراوەیەکە لە atheos  یۆنانی کۆنەوە هاتوە کەبەواتای بێخوایی دێت ، ئەیسیزم تێگەیشتنێکە ڕەتی باوەڕبوون بەخودایەک یان چەند خودایەك دەکاتەوە . ــ وەهمێك ، ل ٥ پەراوێزی ۲ .
لەو پێناسانەی سەرەوە دەبینین خاڵێك کەلەنێوان هەمویاندا هاوبەشە باوەڕنەبوون و ڕەتکردنەوەی خودا یان هێزێکی کارایە لەپشت گەردونەوە ، توێژەرەوانیش چەندین جۆر دابەشکاریان بۆ ئەیسیزم ــ ئیلحاد ــ  کردوە .
دیدرۆ سێ چینی ئێسیستەکان دیاری دەکات :
یەکەم : ئەیسیستێك دەڵێت من باوەڕم بەخودا نیە ئەوە ئەیسیستی ڕاستەقینەیە .
دووەم : گروپێکی تر جارێك تەواو دان بەوەدا دەنێن کەخودا بونی نیە ، جارێکی تر دان بەبوونی خوادا دەنێت ، ئەمەیان بەگومانگەرا یان شکوکی دادەنرێت .
سێهەم : گروپێکیش ئومێدەوارە خودا بوونی نەبێت بۆئەوەی بەبێ ئازاری ویژدان و پەشیمانبونەوە سەرپێچی و تاوانبکەن . ــ چەکوشی بەڵگە ، ل ٤٥ ــ ٤٦ .
ئەیسیزم دابەشکراوە بۆچەند جۆرێك وەك :
ئەیسیزمی ڕەها ــ ئەیسیزمی ڕێژەیی
ئەیسیزمی ڕەها : بریتیە لەنکوڵیکردن لەبونی خودا بەبێ هیچ کۆت و بەندێك .
ئەیسیزمی ڕێژەیی : بریتییە لەچەند وێنایەکی دیاریکراو بۆخودایەتی نەک نکوڵی لێکردن بەتەواوەتی لێی .
ئەیسیزمی تیۆری ــ ئەیسیزمی کرداری
ئەیسیزمی تیۆری : بریتیە لەهەڵوێستێکی فەلسەفی یان زانستی کەنکوڵی لەبوونی خودا یان خوداکان بکات و هەوڵبدات کەوا بەڵگەلەسەر نکوڵیکردنەکەی بهێنێتەوەو بەڵگەی ئەوانەی ئیسپاتی بونی دەکەن هەڵبوەشێنێتەوە .
ئەیسیزمی کرداری : خاوەنی ئەیسیزمی  کرداری خۆی ناخاتە گفتوگۆو مشتومڕە تیۆریەکانەوە ، بەڵام وادەژی وەك ئەوەی خودا بونی نەبێت وێڕای ئەمەش ئەگەر پرسیاری لێبکرێت لەبارەی بوون یان نەبوونی خووداوە ئەوا بەئەرێنی وەڵامدەداتەوە . ــ چەکوشی بەڵگە ، ل ٤٦ ــ ٤٨ .
ئەیسیزمی ئەرێنی بەهێز ــ strong  posative Atheism
ئەو ئەیسیزمانە دەگرێتەوە کەبوونی خودا ڕەتدەکەنەوەو بەڵگەی بۆدەهێننەوە و تیورەی بۆبنیات دەنێن و بڵاوی دەکەنەوەو بانگەشە بۆفکرەکانیان دەکەن .
ئەیسیزمی لاوازی نەرێنی Weak Negative Atheism
ئەمەیان ئەوانەدەگرێتەوە کەبەڵگەی پێویستیان نەدیوە تا کافی بێت بۆ باوەڕهێنانبەبونی خودا ، هەروەها ڕۆڵێکی ئەرێنی نابینن لەبڵاوکردنەوەی ئەیسیزمەکەیانداو بانگەشەی بۆناکەن . ــ خرافة الالحاد ــ ص ۲۷ .

ئەتوانین ڕوانین و هەڵوێستی مرۆڤەکان دابەشکەین بۆچوار گروپ :

یەکەم : بێباوەڕ Atheism  : ئەم گروپە لەمرۆڤەکان بوونی خودا ڕەتدەکەنەوە ، بەشوێنیدا پەیام و پەیامبەرانیش ڕەتدەکەنەوە ، باوەڕیان بەئاینەکان نیەو پەیڕەوی ناکەن و پەرستشەکان بەجێناهێنن .

دووەم : نازانمی ، اللاأدری  Agnosticsm  : ئەم گروپە لەمرۆڤەکان باوەڕیان بەبوونی خودا نیەو دانی پێدانانێن ، لەهەمان کاتدا نەبوونی خوداش دانپێدانانێن و نەرێیی ناکەن ، بەڵکو دەڵێن : ئێمە بەڵگەیەکمان بەدەستەوە نیە بیسەلمێنێت خوودا بوونی هەیە بۆیەباوەڕمان پێی نیە ، هەروەها بەڵگەیەکمان بەدەستەوەنیە بیسەلمێنێت خودا بوونی نیە کەواتە باوەڕمان بەنەبوونیشی نیە ، بەڵکو لەسەر ئەوپرسە ڕادەوستین و بڕیارنادەین بە ئیسپتاکردنی بوونی خودا یان نەبوونی .
ئەم گروپە پرسی خودا بەکراوەیی دەهێڵنەوە بەبێ خستنەڕووی وەڵامێك بۆی ، بەشێکیان پێیان وایە ئەکرێ بەگەین بەوەڵامێک بۆئەوپرسە ، بەڵام بەشێکی تر پێیان وایە ناتوانین بگەین بەوەڵامێک بۆئەو پرسە بەهۆی نەبوونی ئامرازی پێویست  بۆوەدەستخستنی مەعریفە لەوبابەتەدا .

سێهەم : پەروەرێنیەکان  Deism : ئەم گروپە لەمرۆڤەکان باوەڕیان بەبوونی دروستکەرێك هەیە ، کەئەم چەردونەی هێناوەتەبوون ، بەڵام پێیان وایە ناتوانین پەیوەندی بکەین بەو دروستکەرەوە ، بۆیە لەوێدا ڕادەوستن و پەیام و پەیامبەرێتی ڕەتدەکەنەوە و پابەندی ئاینیان نیەو پەرستشەکان ئەنجامنادەن ، پێیان وایە خودا دەست وەرناداتە ئەمگەردونەو موعجیزەو پەڕجوو بنەڕەت و ئەسڵێکیان نیە ، هەروەها خودا نەپەیام دەنێرێت و نەپەیامبەر ، نەیاساو نەبەرنامەی ژیانیش بۆکەس دادەنێت .
باوەڕهێنانی ئەمگروپە بەخودا لەڕێگای بەڵگەی عەقڵیەوەیە .

چوارەم : باوەڕداری ئایندار  Theism : ئەم گروپە لەمرۆڤەکان باوەڕیان بەخودا هەیە وەکو دروستکەری گەردون و بەڕێوەبەرو چاودێری گەردوون ، هەروەها باوەڕیان وایە خودا لەڕێگای نێردراوەکانیەوە پەیام بۆدروستکراوەکانی دەنێررێت و خۆیان پێدەناسێنێت و وەڵامی داوای دروستکراوەکانی دەداتەوەو لەسەر کاری چاك و باش پاداشتیان ئەداتەوەو لەسەر کاری خراپ و لادان سزایان دەدات . ــ میلیشیا الالحاد ، ص ۱۹ ــ ۲۰ .

٨ ؍۷؍۲۰۱۷

No comments:

Post a Comment

 دووفاقیەکانی مەریوان وریا قانع  (ئازادیی ڕادەرڕین و جێندەر) ئاڤار قەرەداغی مەریوان کەسێکە خۆی زۆر پێخوێنەوارە، بەردەوام هێرش دەکاتە سەر مو...