Friday, 30 May 2025

 دووفاقیەکانی مەریوان وریا قانع 

(ئازادیی ڕادەرڕین و جێندەر)


ئاڤار قەرەداغی


مەریوان کەسێکە خۆی زۆر پێخوێنەوارە، بەردەوام هێرش دەکاتە سەر موسوڵمانان و بە کۆنەخواز و دواکەوتو ناویان دەبات، مەریوان دەربارەی سانسۆری کتێب لە کوردوستان دەڵێت:"کێشەی ئەم دواییەی نێوان مەریوان هەڵەبجەیی نووسەر و ئیسلامییەکان دەرگا لەسەر بابەتی سانسۆرکرد لە کوردوستاندا دەکاتەوە، کە یەکێکە لە پڕمەترسیترین بابەتەکانی ئەمڕۆکەی کۆمەڵگای کوردی. سانسۆر لە هەموو شێوەکانیدا ئامێرێکی گەورەی بەرهەمهێنانی بێدەنگییە. هێزێکە کاری داخستنی دەم و ئەقڵ و خەیاڵی ئینسانە، ستراتیژێکە لەسەر پەکخستنی توانای بیرکردنەوە و تێڕامان و لێکدانەوەی ئازاد کاردەکات. لەسەر شانۆی هەر سانسۆرێک موقەدەسێک ئامادەیە، هەندێکجار ئەو موقەدەسە ناوی موقەدەسی نەتەوەییە، هەندێکجار ناوی موقەدەسی چینایەتییە و هەندێکجاریش ناوی موقەدەسی دینییە، بەڵام لە پشتی هەر یەکێک لەم موقەدەسانەوە گرووپێکی کۆمەڵایەتی هەیە کە لە ڕێگای بەرگریکردن لە موقەدەسەوە بەرگریی لە دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕەمزی خۆی دەکات. "(مەریوان وریا قانع، دین و دونیا، ل ٦۳) لێرەدا مەریوان سانسۆر بە کارێکی ترسناک و کوشتنی ئەقڵ و خەیاڵ ناودەبات، تەنانەت ئەگەر سانسۆرەکەش دەربارەی بابەتێک بێت کە کۆمەڵگای کوردی کە کمەڵگایەکی زۆرینە موسوڵمانە پێی قبوڵ نەبێت و بابەتەکە پیرۆز بێت لایان، وەک قسەوتن بە خوا و بە قورئان.

مەریوان دەڵێت:" بێگومان هەموو جۆرە سانسۆرێک دیاردەیەکی ترسناکە، بەڵام ترسناکیی سانسۆری دینی لەمڕۆکەی کوردوستاندا زۆر ترسناکترە، ئەم ترسناکیەش وابەستەی بنەما کۆمەڵایەتیەکانی ئەم سانسۆرەیە لە کوردوستاندا. ڕەگوڕیشە کۆمەڵایەتییەکانی سانسۆری دینی لای ئیسلامییەکان لە کوردوستاندا، لەناو ئەو بەشەی کۆمەڵگای کوردیدایە، کە دین بە مانا هەرە تەقلیدیی و دۆگمایی و چەپێنەرەکەی وەردەگرێت. هێزگەلێک کە لە لادێکاندا ئەژین یان لەلادێکانەوە هاتوون و لە قەراغی شارە گەورەکانی کوسردوستاندا نیشتەجێبوون، ئەمانە ئەو بەشەن لە کۆمەڵگای ئێمە کە دیدێکی هێجگار خورافییان بۆ دونیا هەیە و تێگەیشتنێکی نزیک بە فاشییەتیشیان هەیە بۆ دین. ئەم بەشە لە کۆمەڵگای ئێمە ئەو بەشەیە کە ئسوڵیەکان لە مزگەوتەکاندا دەیانکەنە گریان، ڕیشیان وەک سوونەتێک پێدەهێڵنەوە و ژیانیان لەبەرچاو دەکەنە چاوەڕوانییەکی درێژ و بەردەوامی مردن. ئەمە ئەو ئەو بەشەی کۆمەڵگای ئێمەیە کە خوتبە سەرچاوەی تێگەیشتنیانە لە حەقیقەت، دەنگبەرزکردنەوە و هاوارکردن و قیژاندنی خوتبەدەران کاردانەوە سایکۆلۆژیەکانیان دادەڕێژێت و بە ئاسانی بەو ئاقارەدا دەبرێن کە سوکایەتی بەرامبەر بەو کەسانە بکەن کە وەک بێدین پێیاندەناسێنرێت. لە ڕاستیدا بڕێکی بەرچاوی هێزە دینییەکان لەسەر هەژاری ڕۆشنبیری و هەژاری کۆمەڵایەتی ئەم هێزانە کاردەکەن و تۆوی توندڕەویی دینی و کۆمەڵایەتیان تێدا دەچێنن."(دین و دونیا، ل ٦٦ـ ٦۷). ئەم وتانەی مەریوان کە پڕن لە دەربڕینی توند و زبر و، بەناوی خوێندنەوەوە وێنایەکی ناشرین دەدات بە توێژێکی فراوان، ڕیش هێشتنەوە بۆ سونەت دەکاتە نیشانەیەک لە نیشانەکانی لاوازی ڕۆشنبیری و هەژاری کۆمەڵایەتی، لە ئەنجامیشدا ئەمانەن توندڕەویی بڵاودەکەنەوە و سوکایەتی بە بێدینەکان دەکەن، ئەو سوکایەتیەی مەریوان بە خەڵکی لادێ و قەراغ شارەکانی کردوە بەناوی خوێندنەوەوە کێ کردویەتی؟ مەریوان ئاوا سانسۆر و سانسۆری ئیسلامی کە لە دژی کتێبەکەی مەریوان هەڵەبجەیی بوو بە مەترسیدار و خنکاندنی ئازادی و بیرکردنەوە ناوی دەبات، دەی بابزانین ئازادیی و تەساموحەکەی مەریوان وریا تا کوێ بڕ دەکات؟ بابزانین ئەم قسە قەڵەوانەی تا چ ئاستێکە و تا چ ڕادەیەک ڕای جیاواز قبوڵ دەکات؟

مەریوان لەم ڕۆژانەدا لەسەر پۆستێکی حاجی کاروان کە لەسەر جێندەر کردبووی لە واڵی خۆی لە فەیسبووک، ناخی خۆی خستەڕوو و دەمامکەکەی لادا(هەرچەن زۆر لەمێژە مەریوان دەمامکەکەی کەوتوە، بەڵام لای هەندێک نموونەی عەلمانییەکی میانەڕەو بوو) مەریوان دەڵێت:" لە دواھەمین پۆستیاندا لەسەر ئەم مەسەلەیە، مەسەلەی جێندەر، حاجی کاروان، جەوھەری تێگەیشتنی زۆرینەی ھێزە ئیسلامییەکانی بۆ ئەم چەمکە، بەرجەستە کرد. لەسەر پێگەی خۆی لەفەیسبوک ئەم چالاکەوانە ئیسلامییە بە ئاسانییەکی کەموێنە، بەڵام تەواو ترسناکەوە، بەمجۆرە پێناسەی جێندەر دەکات ”ئەزانن جێندەر واتای چیە: ھاوسەرگیری پیاو لەگەڵ پیاو، ژن لەگەڵ ژن،. ژن و پیاو لەگەڵ ئاژەڵ!! ئاژەڵش ئەمەی قبوڵ نیە“. ئەم تێگەیشتنە بۆ جێندەر، دەچێتە قاڵبی ئیھانەکردن و جەھلەوە، ئیھانەکردن لەڕێگای جەھلەوە، ”جەھلێکی ترسناک“، کە نەک تەنھا ڕێگا لە شێوازە سادەکانی بیرکردنەوەو تێگەیشتن لە دیاردەکان دەگرێت، بەڵکو خودی بیرکردنەوە خۆیشی وەک چالاکیی و توانایەکی ئینسانیی تایبەت، وێران دەکات." ئەم چەند دێڕەی مەریوان نامۆ نییە، کە بەردەوام بەرامبەرەکانی دەخاتە قاڵبی نەزانیی و بە بەرهەمهێنەری

جەهل و نەزانیی ناودەبات، ئەمە ئەو گوتارە فاشییە باوەیە کە بەردەوام بەرامبەرەکانی پێتۆمەتبار دەکات، لەکاتێکدا لە هەموویان زیاتر لە خودی مەریوان دا ڕەنگی داوەتەوە، لە ڕاستیدا مەریوان کەسێکی خۆسەپێن و دێکتاتۆرە، دەیەوێت کەس جیاواز لەو بیرنەکاتەوە، هەموان وەک ئەو بن، ئەو پێناسەیە ڕاستە کە ئەو دەیکات، ئەو وێنایە ڕاستە کە ئەو دەیکات! 

مەریوان لەو وتارەیدا زۆر بە ڕوونیی ناخی خۆی پیشان دەدات و بیریشی دەچێت کە چەندە دژی سانسۆر بوو، بیری چوو کە چەندە کەسێکی ئازادیخوز و موتەسامیح بوو، ئامادەبوو گوفتوگۆ بکات، نەک دەبی خەڵک دابخات، مەریوان داوایەکی زۆرترسناک دەکات بەدەربڕینی خۆی، داوایەک ئەقڵ و خەیاڵ دەکوژێت، داوایەک کە بانگەشەیەکی ڕوونە بۆ دەمبەستن و ڕێگریکردن لە ڕای ئازاد. مەریوان بە دەنگێکی بەرز دەنووسێت:"بە بۆچوونی من ھەر زانکۆیەک لە زانکۆکانی کوردستان کە کۆرسی لەسەر جێندەر تێدابێت، ھەر ئۆرگان و دەزگا و چالەکەوانێک لە کوردستاندا کە خۆیان بە مەسەلەی جێندەرەوە سەرقاڵکردووە، پێویستە ئەم قسانەی حاجی کاروان قبووڵ نەکەن. قبووڵکردنی ئەم قسانە تاوانە بەرامبەر بە خۆیان و بەرامبەر بە زانست و بەرامبەر بە فیکر، وەکچۆن تاوانە بەرامبەر بەو دەزگایانەی کاری تێدادەکەن. بەبۆچوونی من ئەم ھێزانە پێویستە بە شێوەیەکی دەستەجەمعی شکات لەم چالاکەوانە ئیسلامییە بکەن و داوای سەلماندنی ئەو حوکمە ئەخلاقییە ناجۆرەی لێبکەن کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا قابیلی ئەوەیە مرۆڤی لەسەر بکوژرێت. ئەم ئیھانە گەورەیە بە فیکرو مەعریفەو زانست نابێت بەبێ لێپرسینەوە تێبپەڕێت. مەسەلەکە لێرەدا مەسەلەی ئازادیی ڕادەربڕین نییە، بەڵکو مەسەلەی ئیھانەکردنێکی ڕاستەوخۆیە بە سەرجەمی ئەو کەسایەتی و دەزگاو بوارە زانستیی و ئینسانیانە، کەم لەم بوارەدا کاردەکەن و چالاکن. "(بابەتەکەی مەریوان لە درەو میدیا هەیە) لەم وتانەی مەریوان وردببنەوە، بزانن چەندە مەترسیدارن، چۆن دەیەوێت بەو وتانە هەستی ناوەندەکانی زانکۆ و ڕێکخراوەکان بوروژێنێت و ختوکەیان ئەدات کە نەیەڵن حاجی کاروان لە دەستیان دەرچێت، ئامۆژگاریشیان دەکات و پێیان دەڵێت هەمووتان و بە دەستەجەمعی بچن شکات لە حاجی بکەن، مەریوان گوتەنی بۆ ئەوەی ئاسانتر بتوانن دەمی حاجی دابخەن و سزای بدەن، پێیان دەڵێت قسەکانی حاجی کاروان قبوڵ نەکەن، نەک ئەوەی بچن جوابی بدەنەوە، نەخێر، بەڵکو بچن بیدەن بە دادگا، بابەتێکی هەستیاریش ددەئاڵێنێت پێوەی، ئەویش کوشتن، بەسە بۆ ئەوەی لەسەرئەم بابەتە لێرە خەڵکی لەسەر بکوژرێت، واتە دەمی حاجی کاروان و هەرکەسێکی تر داخەن، ئەم ڕوانینانە بەسن بۆ ئەوەی لێرە خەڵکی لەسەر بکوژرێت. ئەمە ئازادی و تێڕوانینە نەرم و مرۆڤانەکانی مەریوان وریایە.

مەریوان بۆ ئەوەی بابتەکە هەم وەک سەرکوتی ڕای ئازاد دەرنەکەوێت و بۆ ئەوەی دنەی ئەو ناوەندانەش بدات کە جێندەریان تێدا دەخوێنرێت، یان پێوەی خەریکن، دەڵێت بابەتەکەش ئازادی ڕادەربڕین نییە، بەڵکو ئیهانەی ئەو ناوەند و دەزگایانەیە بە جێدەرەوە خەریکن. مەریوان بە ئەنقەست بابەتەکەی بە کەسی کردوە، چونکە حاجی کاروان قسەی لەسەر چەمکی جێندەر کردوە، جا حاجیکاروان لە چەمکەکە تێگەیشتبێت یان نا، ئەوە دەبێت ئەگەر هەڵەبێت بێن چەمکەکە بە ڕوونی بخەنەڕوو، لای خۆی مەریوان خۆی زۆر بە خوێنەوار دەزانێت و باسی گوفتوگۆ دەکات، کەچی لێرەدا بابەتەکە لە فکر دەردەکات و دەیکات بە شەخسی، لە کاتێکدا خودی مەریوان زۆرجار هێرشدەکاتە سەر پیاوی ئایینی بەدەربڕینەکەی خۆی، لێشی بپرسە دەڵێت مەعریفە بەرهەم دەهێنم.

لە کۆتاییدا مەریوان دەڵێت جێندەر واتە ڕەگەز، وتەکانی حاجی کاروان بە ناشرینکردن و شێواندنی چەمکەکە ناودەبات، بۆ ئەوەی بشڵێت ها من زۆر شارەزام تێیدا هاتووە باسی ۱۷ ساڵ مامۆستایەتی خۆی دەکات، بەمەش مێشکی خوێنەر ئەخەسێنێ. لە ڕاستیدا چەمکی جێندەر زۆر ناڕوونە و وەک ئەوە نییە مەریوان لایەنگرانی دەیخەنەڕوو، جێندەر زۆر بابەتی لێدەبێتەوە، لە پێناسەی ناسنامەی جێندەرییشدا لە ئینسکلۆپیدای بەریتانیدا هاتووە:"ناسنامەی جێندەری: ڕوانینی تاکە بۆ خود وەکو ژن یان پیاو، کوڕ یان کچ، یان ئاوێتەیەک لە پیاو/کوڕ لەگەڵ ژن/کچ، یان کەسێک کە لە نێوان پیاو/کوڕ و ژن/کچدا دێت و دەچێت، یان وەکو کەسێک لە دەرەوەی ئەو پۆلنانە. ناسنامەی جێندەری سەربەخۆیە لە ڕەگەزی بایلۆجی (نێر و مێ). بۆ زۆرینەی خەڵک، ناسنامەی جێندەری و ڕەگەزی بایلۆجی تەبایە. بەڵام هەندێک کەس هەست دەکەن ناسنامەی جێندەری و ڕەگەزی سێکسییان تەواو جیاوازە؛ بۆ نموونە لەناو ترانسجێندەرەکانا، سیفەتەکانی ڕەگەزی سێکسی ئاشکرا و ڕوونن، بەڵام کەسەکە جێندەری خۆی بە ڕەگەزی بەرانبەردا دەناسێتەوە"٭

ئەم پێناسەیە زۆر ڕوونە، بەپێی ئەم پێناسەیە دەگونێت کەسێک لەڕووی ڕەگەزەوە(سێکس) نێر بێت، بەڵام لەڕووی جێندەرەوە مێ بێت، یان بەپێچەوانەوە، لێرەوە دەرەکەوێت جێندەرجێگای ڕوانینەکەی حاجی کاروایشی تێدا دەبێتەوە، وە بەو جۆرە سادەیە نییە کە مەریوان باسی کردوە، کۆمەڵناسی جێندەر(علم الاجتماع النوع) زانایان تێیدا ناکۆکن و هاوڕا نین لەسەری. جۆدیس بوتەلریش لە کتێبەکەی(قلق الجندر، ص ۷٦) ئامەژە بەوە دەدات ئەگەر جێندەر جیاکرایەوە لە ڕەگەز(سێکس) ئەوا دەگونجێت پیاوێک خۆی بخاتە جەستەی مێیەکەوە، مێیەکیش خۆی بخاتە جەستەی نێرێکەوە. واتە کاتێک دەڵێین جێندەر پەیوەندی بە ڕەگەزە بایلۆجیەکەوە نییە و کلتور دروستیکردوه ئەوا نەتیجەی ئەوە دەگونجێت کەسێکی نێر لەڕووی بایلۆجیەوە مێ بێت لە ڕووی جێندەرەوە. 

لە کۆتاییدا ئاماژە بە یەکێک لەو پرۆگرامانە دەکەم کە دانراوە لەلایەن ئەمەریکاوە کە وەک خول دەوترێتەوە، لە ژێر ناونیشانی(الدلیل المرجعی:المصطلحات والمفاهیم الاساسیە وتمارین تدریبیە حول الجندر) کە ڕێکخراوی (USAID)٭ دایان ناوە بە زمانی عەرەبی لە لاپەڕە ۲۷، بڕگەی ۱۰۲ لە پێناسەی ناسنامەی جێندەری دەڵێت:" ناسنامەی جێندەری واتە ڕوانینە بۆ خود کە نێرە یان مێیە، تاکەکان مەیلیان وایە پێناسەی خۆیان بکەن وەک نێر یان مێ، لە کاتێکدا لە هەندێک لە کۆمەڵگاکاندا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بە شێوەیەکی تەدریجی باوەڕیان بەوە هێناوە کە ناسنامەی جێندەریی دووانەیی(واتە: تەنها دوو ڕەگەزمان هەیە نێر، مێ) گۆڕانی بەسەردا هاتووە و زیاتر چەمکی(شەبەنگی جێندەریی) قبوڵکراوە. بەو پێیەی ئەم چەمکە زۆر وردتر وێنای ئەو ناسنامانە دەکات کەپەیوەستن بە جێندەرەوە لە جیهان. بە پێی ڕوانینی کۆمەڵناس سورەیا مونرو چەمکی شەبەنگی جێندەریی گرنگە بۆ تێپەڕاندنی دوو ڕەگەزیی." لێرەدا زۆر بە ڕوونی پێمان دەڵێن دەبێت واز لەو بۆچونە بهێنن کە تەنها دوو ڕەگەز بوونیان هەیە، بەڵکو ئەم چەمکەیان هێناوە هەتا پێمان بڵێن لەو نێوەندەشدا ڕەگەزی تر هەیە، وە بە پێویستیشی ئەزانن کە فکرەی دوو ڕەگەز بگۆڕن و دەستکاری بکەن، چیدی ئێمە نێر و مێمان نییە بە تەنها بەڵکو شتی تریشمان هەیە. ئەمە بە خولیش دەوترێتەوە و لەلایەن ئەمەریکاشەوە دانراوە، مەجالی تیانییە مەریوان و هاوشێوەکانی خۆیانی لێ لادەن بە نەزان و جاهل ناویان بەرن، دەریشی ئەخات مەریوان و هاوشێوەکانی چەندە بێئاگان لە چەمکەکە و چەند ڕووکەشیانە وەریان گرتووە.


٭https://www.britannica.com/topic/transsexualism

٭ United States Agency for International Development

No comments:

Post a Comment

 دووفاقیەکانی مەریوان وریا قانع  (ئازادیی ڕادەرڕین و جێندەر) ئاڤار قەرەداغی مەریوان کەسێکە خۆی زۆر پێخوێنەوارە، بەردەوام هێرش دەکاتە سەر مو...