ئافرەت شەیتانی سەر زەوی !!!
ئاڤار قەرەداخی
بەشی یەکەم
لەسەر زەوی بونەوەرێک ئەژی پێی ئەوترێت مرۆڤ ، ئەمرۆڤە لەدوو ڕەگەز پێکدێن کە (نێرو مێ ــ ژن و پیاو ) و بەدرێژایێ مێژوو پێکەوەبوون ، هیچیان بێهیچیان نەیانکراوەو نەیانتوانیوە بێیەکبژین ، سروشت و فیترەتی ئینسانیش وایە کە پیاوو ژن هەمیشە پێویستیان بەیەک بێت و دڵیان بۆیەک لێبدات و بۆشاییەکانی یەکتربڕبکەنەوە .
سەرەڕای ئەمەش لەزۆرێک لەکۆمەڵگاو شارستانیەتەکاندا حاڵی ئافرەتان باشنەبوەو کەوتونەتە بەرچەوساندنەوەو ستەمی پیاوان و لەمافەکانیان بێبەشکراون ، لەم بابەتەدا گوزەرێک دەکەین بەێو مێژوداو لەدۆخی ئافرەتان دەڕوانین و دواتر باسی دۆخ و حاڵی ئافرەت دەکەین لەجیهانی نوێدا .
ئافرەت لەشارستانیەتی یۆنانیدا :
لەشارستانیەتی یۆنانیدا پیاو ڕێزی درابوو بەئافرەتدا (هەموو یاساو نەریتەکان کەتایبەت بوون بەڕێکخستنی پەیوەندی نێوان پیاوو ئافرەت دانراوی پیاوان بوون) ئەوڕوانینەش لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو کەئافرەت کەم عەقڵە ، بۆیە ئافرەت پاشکۆ بوو ، ئەمەش لەیاساکنیاندا ڕەنگی داوەتەوە (ئافرەت لەیاسای یۆنانیدا بۆی ڕەوا نەبوو کەلەلای قازی سکاڵابکات )
(بەپێی یاسا هەرکارێك لەژێر دەستی ئافرەت یان لەژێر کاریگەری ئافرەتدا بکرێت ئەوکارە بەتاڵ و پوچە )
ئافرەت لەیۆناندا زیندانی کرابوو لەماڵەوە بەشداری لەکارو باری کۆمەڵگەدا پێنەدەکرا ، بەجۆرێک سەیردەکرا کەزورترین سودی لێوەرگرن لەماڵەوەدا ، ئافرەت بۆچێژ بەکاردەهێنرا ، لەبازاڕدا دەکڕراو دەفروشرا ، ئازادی لێزەوت کرابوو ، حەقی میراتیان نەبوو ، تەواوی تەمەنیان ملکەچی بووە بۆدەسەڵاتی پیاوو جێبەجێ کردنی فەرمانەکانی پیاو بووە .
لەئەسپارتەدا پێگەیەکی دیار بوئافرەت نەبوو ، هەموو خاسیەتەکانی ئافرەتان خرانە ژێرپێ ، فێری توندوتیژی و زبری دەکران ،کاری ئافرەت مناڵ خستنەوەو باشکردنی نەوە بووە .
ڕۆجێ گارودی لەبارەی ئافرەتانی یۆنانەوە دەڵێت : ( حەپس دەکران لەشوێنێکی تایبەت ، بەشداریان پێنەدەکرا لەبوارەکانی ئابوری و سیاسی و ڕۆشنبیری لەشاردا) .
سوقرات ئەوبنەمایەی داڕێژا کە (سیاسەت بۆپیاوان و ماڵەوەش بۆئافرەتان ، ڕۆڵی ژنی کورتهەڵهێنا لە مناڵ خستنەوەو ئیدارەکردنی جهیانێکی داخراو)
لەلایەکی ترەوە ئافرەتان لەیۆناندا لەخوێندن بێبەشکرابوو ، بەشداری نەبوو لەکاروباری کۆمەڵایەتی سەربەستی و ئازادی نەبوو لەکارو سامان ، پیاو بەئارەزوی خۆی دەیتوانی لەهەر کاتێکدا بیەوێت تەڵاقی بدات ، بەڵام ئافرەتەکە بۆی نەبوو داوای تەڵاق بکات .
علی عبدالواحید الوافی دەڵێت : (مۆڵەتی خوێندن تەنها دەدرا بەنێرینە ئازادەکانی یۆنان ، بەڵام هەموو جۆرە خوێندنێک بۆافرەتان دەرگای داخرابوو ، هەروەک ئەرستۆ دەڵێت : سروشت هیچ ئامادەکاریەکی هۆش و بیری بەئافرەت نەداوە تاوەکو شت فێرببن ، بۆیەتەنها پەروەردەبکرێن لەسەر کارو باری ماڵ و مناڵ لەئامێزکرتن )
ئەفڵاتونیش ئافرەتانی لەڕیزی کۆیلەو پیاوانی کاڵفام و ئاژەڵدا داناوە ، وەك چۆن بانگەوازی دەکرد بۆهەڵوەشاندنەوەی خێزان ، ئەفڵاتون دەڵێت : لەنێوان هاوڕێیاندا هاوبەشی هەیە لەشتەکاندا وەك هاوەرو مناڵ و سامانی ئافرەت
ئەرستۆش دەڵێت : (بوونی ئافرەت گەورەترین سەرچاوەی ئەزمەو داڕوخانی جیهانە ، ئافرەت وەک دارێکی ژەهراویە ڕووکارو دیمەنی دەرەوەی سەرنج ڕاۆێش و جوانە ، کەچۆلەکەیەک پێی هەڵەخەڵەتێت و لەبەرەکەی ئەخوات یەکسەر ئەیکوژێت ، ئافرەت پیسە لەکردەوەی شەیتانە )
ڕوانینی یۆنانیەکان بەگشتی وابوو بۆئافرەت ، وەئافرەت لەو دۆخەدا ژیاوە لەکاتێکدا یۆنان لەڕوی فەلسەفەوە زۆر لەپێش بون و خاوەنی شارستانیەت بوون ، بەڵام ڕوانینێکی دروستیان بوئافرەت نەبوە .
ئافرەت لەشارستانیەتی ڕۆمانیدا : لەشارستانیەتی یۆنانیدا دۆخی
ئافرەتمان خستەڕوو کەبەچ شێوەیەک تەمشاکراوە ، لەشارستانیەتی ڕۆمیشدا دۆخی ئافرەت باشتر نەبوو لە دۆخی ئافرەتی یۆنانی ، لەدائیرەی مەعاریفی بەریتانیدا هاتوە : (دۆخی یاسایی ئافرەت لەڕۆمای کۆن ، مەحکومیەتی تەواو بوە بۆپیاو ، سەرەتا ملکەچ بووە بۆ باوك و برای ، دواتر بۆمێردەکەی ، وەبەپێی یاسا ئافرەت تەواو نەبوو
دەسەڵاتی سەرپەرشتیاری خێزان بەسەر کوڕو کچەکانیەوە درێژ دەبوویەوە هەتا کاتی مردنی ، هەرچەند تەمەنی کوڕو کچ بگەیشتایەتە کاتی پێگەیشتن ، وەدەسەڵاتی بەسەر هاوسەرو کوڕو هاوسەری کوڕو مناڵی مناڵەکانی هەبووە دەسەڵاتی فرۆشتن و نەفی کردن و کوشتنیانی هەبوە .
ئافرەت لە کاتی بەشودانیدا ئەوگرێبەستەی دەبەسترا لەنێوان ژن و پیاو بە (پەیمانی سالاری) ناودەبرا ،بە واتای ئەوە کەتەنها پیاو گەورەو دەسەڵاتددارە .
لە کۆبونەوەیەکدا کەبەسترا بڕیاردرا کەئافرەت بونەوەرێکی بێڕۆح و گیانە ، لەڕۆژی دواییدا هیچ پاداشتی نیە ، ئافرەت پیسە ، نابێ گۆشتبخوات ، نابێ پێبکەنێت ، نابێ قسەبکات !
لەهەندێک کات و سەردەمدا تاوەکو قەدەغەی قسەلێکردنی لێبکەن دەمیان بە (قوفڵ و کلیل) دەبەستەوە ، ئافرەتانی خانەوادە بەرزوو زمەکان هەروەك و یەک بوون ، لەکاتی دەرچونیان بۆدەرەوە قوفڵ و کلیلیان بەدەمەوەبوو ، هەروەها ئافرەت بەهۆکاری سەرەکی فەسادو بەدڕەوشتی دادەنرا چونکە وایان هەستدەکرد کەوا شەیتان ئافرەت بۆپیسکردن و فەسادی دڵەکان بەکاردێنێت .
هەروەها ئافرەت لەکۆمەڵگای ڕۆمانیدا بەبێ عەقڵ دانرابوو دروستنەبوو گوێی بۆبگیرێت (دروست نەبوو ئافرەت لەدادگا دەرکەوێت تەنانەت وەکو شاهیدیش)
لەڕوی مامەڵەکردنیشەوە بەماڵ و سامانی ئافرەتەوە پیاو هەموو دەسەڵاتێکی پێدرابوو هەتا ئافرەتی شوکردوشی دەگرتەوە ، ئافرەتی شوکردو کەنارکیرخرابوو وەمافی نەبوو ، کاتێک مێردەکەی بمردایە بۆی نەبوو داوای هیچ بکات لەوماڵ و سامانەی هەیبوە ، ئەگەر بیانویستایە بێبەشیان دەکرد لەوماڵ و سامانە .
لەژیاندا لەژێر چاودێری پیاواندابوە ــ باوک ،برا هاوسەر ، کوڕ ، یان ئەوکەسەی بەوەسێتی بۆدەکرا ، ئەو ئافرەتە بۆی نەبوو شوبکات یان ماڵ و سامانی خەرج بکات بەبێ ڕەزامەندی ئەوان .
یاسای ڕۆمانی دەسەڵاتی تەواوی دابوو بەپیاوان کەچۆن دەیانەوێت بەو شێوەیە مامەڵە بەسەروەت و ماڵی ژنەوەبکات .
ئـــــافــــرەت لە شارستانیەتی چـــیندا :
ئافرەت لەشارستانیەتی چینیدا پلەو پایەیەکی نزمی هەبوو ، هەتا یەکێک لەئافرەتە خانەدانەکان دەڵێت : (ئێمەی ئافرەت کۆتا پێگەمان هەیە لەڕەگەزی بەشەری ، وەلاوازترین وەچەی ئینسانین ، بەشی ئێمە قورسترین و خراپترین کارە)
لەلایەکی ترەوە لەکتێبی کۆنی چینیدا ئافرەت بە (ئاوای ئازار) ناوبراوە ئاوێک کەخۆشی و ماڵ و سامان ئەشواتەوە .
پیاوی چینی هێندە دەسەڵاتی هەبوە توانیویەتی ئافرەت بفرۆشێت ، کەس و کاری مێرد بۆیان هەبوو ئافرەت بەرن بەمیرات ، پیاوی چینی بۆی هەبووە ژنەکەی بەزیندوی لەچاڵبنێت .
لەهەندێک لەیاساکۆنەکانی چیندا پیاو بۆی هەبوە لەیەککاتدا (۱۳۰) ژن بهێنێت ، هەتا هەندێ لەمەلیکەکانیان (۳۰۰۰) ژنیان هەبوە .
ئافرەت لە شارستانیەتی ساسانی :
لەنێوشارستانیەتی ساسانی ھەندێك نەریت کەلەوڵاتانی دەوروبەر نەبون و رێگەپیدراو نەبو لەنێو ئەوانادا ئاسایی بوو ، بۆنمونە ھاوسەرگیری لەگەڵ نزیکاندا (محاریم) ،( یەزدگوردی دووەم ) کەلەناوەراستی سەدەی پێنجەمی زاینیدا حوکمی وڵاتی گرتەدەست کچەکەی خۆی مارەکردو گواستیەوەو پاشان کوشتی ، (بارامی چوبین) کەتاجی پاشایەتی لەسەرکرد خوشکی خۆی گواستەوە .
پرۆفیسۆر (ئارسەر کریستینس) دەڵێت : گەلێك مێژوو نوسی ھاوچەرخی وەکو (گاتھیاس) کەپسپۆرن لەمێژووی ئێرانی سەردەمی ساسانی ، پێیان وایە مارەکردنی ژنی مەحرەم لەناو ئێرانیەکاندا باوی ھەبوە ، لەسەردەمی دەسەڵاتی ساسانیەکانیشدا چەندین نمونە بۆئەم جۆرەمارەکردنە ھەن (بارامی چوبین ، گوتشاسپ – پێش ئەوەی ببێتە مەسیحی – مەحرەمی خۆیان گواستۆتەوە ) ئێرانیەکان ئەم جۆرە ژنھێنانەیان بەگوناح نەدەزانی بەڵکو پێیان وابوو کردەوەیەکی چاکەو لەخوا نزیك دەبنەوە پێی .
لەوانەیە (ھۆئن سۆئنگ) گەڕیدەی چینی ئاماژە بۆئەم جۆرە ژن ھێنانەبکات کەدەلێت ؛ (ئێرانیەکان بێ جیاکردنەوە ھەموو ژنێکیان دەخواست)
دکتۆر نایف محمد لەکتێبەکەی (معتقدات الدینیة وأثرھا فی مجتمع فی بلاد ایران قبل الإسلام ) دەڵێت : ھاوسەرگیری مەحاریم لەگەڵ (دایك ، خوشك ،کچ ...) کارێکی بڵاو بو لەلای فارس و کاتێك زەردەشتیش ھات دانی پیانا ، توێژەران جیاوازن لەشیکردنەوەی ئەو جۆرە ھاوسەرگیریە ، ھەندێك دەڵێن عورفی بۆماوەیە ھەرلەسەرەتای خەلقەوە لەلایان کاتێ (ماشیان و ماشیانە ) یەکەمین ھاوسەران بوون لەسەرزەوی .
ھەندێکی تر پێیان وایە لەکۆمەڵگای فارسیدا بۆھیشتنەوەی خوێنیان بەپاکی و بۆئەوەی تێکەڵ نەبێت بریاری ئەوەدرا لەلایەن زەردەشت (کەباوك کچی بێنێت و برا خوشکی و کور دایکی ) واتا لەنێون نێرومێی یەك خێزاندا ئاسایی بوو زەواج لەنێونیاندا رووبادات .
لایان وابوو ئەو جۆرە ھاوسەرگیریە بۆنخۆش و روناکیان دەکاتەوە بەرووناکی ئیلاھی وەدەبێتەھۆی سڕیەنەوەی گوناھەگەورەکان و دورخستنەوەی شەیتان .
وە ئەمەش ئەوەناگەیەنێت ھاوسەرگیری لەدەرەوەی یەك خێزان نەکراوە بەڵکو ئەوەدەگەیەنێت ئەم نەریتەباو بوە تیایاندا .
لەسەدەی سێھەمدا وەك کاردانەوەیەكی توندو تیژ دژ بە ئارەزووبازی بەربڵاو ھەروەھا لەئەنجامی ململانێ وەھمیەکەی نێوان تاریکی و روناکی (مانی – 216 لەدایك بوە ) دەرکەوت و رێبازەکەی بڵاو کردەوە بەمەستی ئەوەی تۆوی شەرو خراپەنەمێنێت بۆئەمەش بانگەشەی زگورتایەتی کردوو دەیگووت : تێكەڵبوونی تاریکی لەگەڵ رووناکی خراپەیەکە دەبێت لێی رزگاربین ، بۆیە سەرجێی و نزیکبوونەوەی ژن و پیاوی بە حەرام ئەزانی ، سابەڵکو مرۆڤایەتی خێرا ببرێتەوەو ڕووناکی بەسەر تاریکیدا سەرکەوێت .
لەساڵی (267 ز) (بارام) کوشتی و گووتی : (ئەو نەگریسە دەیەوێت جیھان وێران بکات ، واباشترە بەرلەوەی ئاواتەکەی بێتەدی یەکەمجار لەخۆیەوە دەست پێبکەین ) .
ھەردوو ئوستاز (اندریە ایمار ، جانین اوباویە ) لە کتێبی (تأریخ الحضارات العام ،مجلد 2 ) دەڵێن : بەروباوەری مانەوی وەرگیراوە لەناکۆکی خێرو شەر ، بۆئەوەی کۆتایی جیھان بێت و پاك بن ڕێگری لە ھاوسەرگیری کرد .
بیروباوەری مونی تەنھا لەوڵاتی فارسدا نەمایەوە بەڵکو بازیدا بۆ ھندستان و ئاسیای ناوەراست ، لە تورکستانیش مانەوی بیروباوەری سەرەکی دەوڵەت بوو لە سەدەی ھەشت ، لەلایەکی ترەوە گویزرایەوە بە ھۆی عەرەبەوە بۆ میسر ، پاشان بۆ ئاسیای بچوك و ئیسپانیاو ئیتاڵیاو ئەفریقیا .
پاشان رۆحەیەتی سروشتی فارسەکان شۆرشی دژی رێبازەکەی (مانی) بەرپاکردو بەرگی بانگەوازی (مەزدەکی) لەبەرکرد لەساڵی (478)ز لەدایك بووە ، مەزدەك دەگووت ھەموو خەڵك بەیەکسانی لەدایك بوون و جیاوازی نیە لەنێوانیانداو دەبێت بەیەکسانیش بژین ، جالەبەر ئەوەی ماڵ و ئافرەت دووشتی وان کەنەفسی مرۆڤ پتر ئەو دوانە ئەخوازێت بۆیە مەزدەك پێی وابوو دەبێ مرۆڤ لەم دوانەدا پتر یەکسان و ھاوبەشبن .
شەھرستانی دەڵێت : ئافرەت و پارەی حەڵال کرد ، خەڵکی والێکرد لەم دوانەدا ھاوبەش بن وەك چۆن لەئاوو ئاگروو لەوەر ھاوبەشن )
بانگەوازەکە بەدڵی گەنجان و ھەوەس بازان بوو (شا قوباد) پشتی گرت و یارمەتی بڵاو بوونەوەی دەدا ، تالەئەنجامدا ئێران لەگەرداوی بەد رەوشتی و ئارەزوبازی نقوم بوو .
مێژوو نوسی گەورە (محمد بن جریر تەبەری ) دەلێت : ھەرزەو ھیچوپوچەکانبانگەشەکەیان بەدەرفەت زانی و لە پێناو ڕابواردن و ئارەزوو بازییاندا ھەلیان قۆستەوەو شان بەشانی مەزدەك و مەزدەکیەکان ڕاوەستان و پشتگیریان بۆدەربری خەڵك لەدەستیان بەھاوار بوون ، دەچوونە ماڵی خەلك ژن و ماڵ و خانویان لێ زەوت دەکردن بەبێ ئەوەی خاوەن ماڵ بتوانێ دەستیان بگرێت ، ھەرەشەیان لە شاقوباد کردبو کەئەگەر ڕێبازەکەیان بۆخەڵك نەرازێنێتەوە لەتەخت دای ئەبەزێنن ، بەم جۆرە دوای تێپەربوونی ماوەیەك باوك و کوڕ یەکتیان نەدەناسی و خەڵك ھیچی لەدەست نەما پێی دەوڵەمەند بێت .
قوباد ناردی بۆلای پاشای (حیرە) کەئەوکات (منزر بن ماء السماء) بوو بۆئەوەی بێتە سەر بیروباوەری مەزدەکی بەڵام منزر رەتی کردەوە بۆیە ، شا قوباد لەسەر کار لایبرد ، دوای شا قوباد ، کیسرا ئەنەوشیروان ھاتە سەردەسەڵات و یەکەم کاری گرتن و کوشتنی مەزدەك بوو وەھەوڵیدا کۆتایی بەبانگەوازەکەی بێنێت .
لەوڵاتی فارسدا چەند جۆرێك ھاوسەرگیری ھەبوو وەك ھاوسەری (الممتاز) سەیدە ، ئەم جۆرە ھاوسەرگیریە بەرازی بوونی بوکی کچ دەبوو ، پیاو پێویست وبوو لەسەری ماڵ و بژێوی بۆ ماڵ و مناڵی دابین بکات .
جۆرێکی تری ھاوسەرگیری ھاوسەرگیری خزتمەتکار بوو : ئەوم جۆرە ئەو ئافرتانەی ئەگرتەوە کەدەکرران یان کۆیلەو سەبایابوون ئەم ھاوسەرەیان وەکو ھاوسەری (ممتاز) مافی نەبوو ،نەمیراتی دەبردوو نەمناڵەکانیشی میراتیان دەبرد مەگەر پیاو پێش مردنی وەسێتی بکردایە بۆی ، کورانی ئەو ژنەدەدرانە لای ژنەکەی و کچەکانیشی بەبێ نەسەب دەمانەوە .
وەچەندین جۆری تری ھاوسەرگیری ھەبوو لەنێوانیاندا ، مەلیکەکانیش ژمارەی ھاوسەرەکانیان زۆربوون بەتایبەت لەکۆتاییەکاندا ، ویل دیورانت دەڵێت مەلیکی واھەبوو ژمارەی ئەوئافرەتانەی ھاوسەری مەلیکەکان بوون نزیکەی (350) ئافرەت بووە .
..................................................
ئافرەت لەشارستانیەتی ھندیدا :
لەکۆمەڵگای ھندیدا ئافرەت ئازاد نەبوە ، خاوەنی پێگەو مەکانەتێکی بەرز نەبوە ئافرەت لەلای ھندۆسیەکان ھیچ کاتێك ئازاد نەبوە لەتەمەنی کچێتی بەتەواوی لەژێر دەسەڵاتی باوکیدا بوە ، لەدوای شوکردن لەژێر دەسەڵاتی مێردەکەیدا بووە ،بێوەژن لەژێر دەسەڵاتی مناڵەکانیدا بووە ، کچ بۆی نەبوە ئەو پیاوەی کەباوکی بۆی دیاری کردووە رەتی بکاتەوە خزمەتی میردەکەی بکات ھەتاوەکو لەژیاندا مابێت ، ھەرکات مرد دەبێت واز لەخۆشیەکانی ژیان بھێنێت و دوورکەوێتەوە لەخۆشیەکان وەکو : خواردنی خۆش و پۆشاکی جوان و خشڵ و زێرو ھەروەھا تادەمرێت نابێت شوبکاتەوە .
لەلای بوزیەکانیش ئافرەت لەسەردەمی بووزادا گۆشەگیر نەبوە لەگەڵ ئەوەشدا دوودڵ بوە لەوەی ئافرەت وەربگرێت یان نا بۆناو ئاینەکەی و ببن بەشوێنکەوتەی بیروباوەرەکەی وەکو نێرینەکان ، چونکە گومانی وابوو وەرگرتنی ئافرەتان کاریگەریەکەی ترسناکی دەبێت لەسەر کۆمەڵگەی بووزی ، ھەربۆیە جارێك بەکوری مامی خۆی (ئانئیزا) وت : دوای وەرگرتنی ئافرەتان بۆناو ریزەکانمان نابینم ئەوکارە زۆر درێژە بخایەنێت .
بەڵێ ئافرەت لەھەرتەمەنێکدا بوبێت ، بچوك ، گەورە ،پیر، نەیتوانیوە بەئارەزوو سەربەستی خۆی کاربکات ھەرچەندەلەناو ماڵی خۆی بێت .
لەسەرئافرەت پێویست بوە خزمەتی مێردەکەی بکات ، پیاو وەك خودا سەیر کراوە ھەرچەندە پیاوەکە زۆر ناپەسەندیشبووبێت و دۆستایەتی لەگەڵ ئافرەتی تردا ھەبووبێت .
لەکۆمەڵگای ھندیدا واسەیری ئافرەت دەکرا کە (مردن و نەمان و مارو ژەھرو ئاگرو ئارامگرتن لەگەڵ ئەمانە زۆرباشرە لەئافرەت و ئارامگرتن لەگەڵی !)
ھەروەھا ئافرەتیان وەکو کەنیزەك سەیردەکرد پیاو ی واھەبوو ژنەکەی لەقوماردا دەدۆراند ، ھەندێ جار ژنێك چەند پیاوێکی ھەبوو ، ژن ئەگەر مێردی بمردایە وەك زیندەبەچاڵ کرابێ شوی نەدەکردەوەو خەڵك گاڵتەیان پێدەکرد و قسەی سوکیان پێدەوت ، دەبوایە تادەمرێت ھەر لەماڵەمێردەکەی بووایە و خزمەتی کەس و کارەکەی بکردایە ، ژن ھەبوو دوای مردنی مێردەکەی لەبەر ئەشکەنجەو خەفەتی ژیان خۆی دەسوتاند ، ئەم خۆسوتاندنە لەناو چینە نەجیبزادەو ئەرستۆکراتیەکاندا بوبوە نەریتێکی باو و پەسەندو چاك بەناوی (ستا) دەناسرا ، پێیان وابوو ژن ئەگەر خۆی بسوتێنێت وەفاداری بۆمێردەکەی دەنوێنێت .
ئافرەت لەلای یەھود و نەسارا :
لەبیرو باوەری جولەکەدا ئافرەت بەسەرچاوەی خراپەوھۆکاری تاوان دانراوەو ھۆکاری تاوانەکەی پەیابەر ئادەم ئافرەت بووە ، سزاکەشی ژێردەستەیی پیاوو ئازاری مناڵبوونە .
لە (سفر تکوین) ھاتوە کەئادەم بەھۆی حەواوە لەدارەکەی خواردوە ، خودا بەحەوای وتوە بۆچی واتکرد؟ حەواش وتویەتی مارێك ھەڵی خەڵەتاندم و لەدارەکەم خوارد ، خودابەماری وت لەبەر ئەوکارە نەفرەتلێکراویت ئەی مار لەنێوان ھەموو ئاژەڵەکاندا ، وەخۆڵ ئەبێتە خواردنت ، بەئافرەتیشی وت سزای تۆ ئازاری مناڵبوونە .
(سادق النھیوم) دەڵێت :تەورات مناڵبوونی وەکو کەفارەتێك داناوە بۆھەڵەی یەکەم کەلەبەھەشت رویدا ، وە ھەموو بەرپرسیارەتیەکیشی خستە سەرشانی ئافرەت ، مار نەفرەتلێکراوە چونکە ھەستاوە بەفێڵکردن لە حەواء ، حەوائیش شایستەی سزایە لەبەر ئەوەی پردی گەیاندنی ھەڵەکەبووە بەئادەم .
لەبارەی سوری مانگانەشەوە یەھودیەکان زۆر زیادەرەوییان دەکرد ، لەتەوراتدا دەڵێت : ھەرکەسێك دەست بدات لەپۆشاک و نوێنی ئافرەتێک کەلەسوری مانگانەدایە دەبێت پۆشاکەکانی بشواو خۆشی بشوات ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو رۆژە تائێوارە ھەر بەپیسی دەمێنێتەوە ، وەئەگەر یەکێك لەگەڵ ئافرەتێکی وادا بخەوێت پیسیەکە ئەویش دەگرێتەوە ، وەبۆماوەی حەوت رۆژ پیسی لێنابێتەوە ، ھەربەرەو مافورێك ئافرەتی وای لەسەر دانیشێت پیسەبێت .
لەنێو ئینجیلیشدا چەندین دەق ھەن لەسەر ئافرەت لەنامەی پۆڵس بۆباوەڕدارانی ئەفسۆس ئایەتی (5) بڕگەی (22 – 24) دەڵێت : (ئەی ژنان ملکەچی مێردەکانتان بن ھەروەکو چۆن ملکەچن بۆخوداوەند ، چونکە مێرد سەری ژنە وەکو چۆن مەسیح سەری کڵێسایە ، ئەوە خۆی رزگارکەری لەشە ، بەڵکو چون کڵێسا ملکەچی مەسیحە ،ژنانیش ملکەچی مێردەکانیان بن لەھەموو شتێکدا )
وەك لەو برگەیەی سەرەوەدا دیارە لەسەر ئافرەت پێویستە بەرەھایی گوێڕایەڵی میدرەکەی بێت چۆن گوێرایەلی خودا دەبێت ، ئافرەت خاوەنی ویست و ئیرادەی خۆی نابێت لەو دۆخەداو بەتەواوی دەکەوێتە ژێر دەستی مێردی .
ھەروەھا لەنامەی یەکەمی پۆڵس بۆ کۆرنسۆنس لەئایەتی(14) برگەی (34 – 35) دەڵێت : (باژنان لەکڵێساکاندا بێدەنگ بن ، چونکە رێگەیان پێنەدراوە بدوێن ، بەڵکو وەکو تەوراتیش دەڵێت باملکەچ بن ، بەڵام ئەگەر ویستیان شتێك فێربن بالەماڵەوەلەمێردەکانیان بپرسن چونکە شورەیییە بۆژن لەکڵێسادا بدوێت )
لەم برگەیەشدا دەرەکەوێت ئافرەت کەچۆتە نێو کڵیساوە مافی قسەکردن و رادەربڕینی نەبوەو بۆشی نەبوە تەنانەت بۆفێربونیش بپرسێت و قسەبکات !
ھەروەھا لەئاینی مەسیحیدا رەبەنایەتی فەزڵی دراوە بەسەرھاوسەرگیریداو ھاوسەرگیری تەنھا وەك رێگەیەکی ناچاری داناوە بۆتووش نەبوون بەزینا وەکو نامەی یەکەمی پۆڵس بۆکۆرنسۆنس لەئایەتی (7) برگەی (25-28) دەڵێت : (دەربارەی کچان و کوڕان فەرمانێکی خودام نییە ، بەڵام بۆچونێك دەدەم وەك یەکێك خوداوەند بەزەیی پێدابێتەوە ئەوا جێی متمانەبێت ، وابزانم واباشە لەبەر ئەم تەنگانەیەی ئێستا باشە بۆمرۆڤ ئاوا بمێنێتەوە ، ئایە تۆ بەژنەوە بەستراویتەتەوە ؟ داوای جیابونەوەمەکە ، ئایە تۆ بەژنەوە نەبەستراویتەتەوە ؟ داوای ژن مەکە ، بەڵام ئەگەر ژن بھێنیت گوناگت نەکردوە ئەگەر پاکیزەش شوبکات گوناھی نەکردوە ، بەڵام ئەوانە لەم ژیانە توشی ماندێتی ئەبن جامن ئەمەوێ توشتان نەکەم )
ئەم برگەیەی سەرەوە ئەوەشی لێدەخوێنرێتەوە کە تەڵاق نارەوایەو نادروستە ، وەك لەئنجیلی مەتا ئایەتی (19) برگەی (3 – 12) دەیبینین تەنھا لەکاتی داوێنپیسیدا بۆیان ھەیە لێك جیاببنەوەو بەھۆکاری تر ناوتوانن .
لەئایەتەکەدا ھاتوە : (ھەندێك فەریسی ھاتنە لای حەزرەتی عیسا بۆئەوەی تاقی بکەنەوە ، وتیان ئایەدروستەمێرد لەبەر ھەرھۆیەك ژنەکەی تەڵاق بدات ؟؟
حەزرەتی عیسا وەڵامی دانەوە : ئەی نەتاخوێندۆتەوە ئەوەی لەسەرەتاوە بەدی ھێناوە بەنێروو مێ وەھەروەھا فەرمووی :بۆیە پیاو دایك و باوکی بەجێدەھێڵێت و بەژنەکەیەوە دەنوسێت ئیتر ھەردووکیان دەبنە یەک جەستە کەواتە چی تر دوور نین بەڵکو یەك جەستەن بۆیە ئەوەی خودا بەیەکدی گەیاندوە بامرۆڤ لەیەکدی جیانەکاتەوە .
پێیان وت : ئەی بۆچی موسا فەرمانی دا تەڵاقنامەبدرێت و تەڵاق بکەوێت ؟ پێی فەرموون : لەبەر دڵرەقیتان مووسا رێی دان تەڵق بدەن ئەگینا لەسەرەتاوە وانەبوو ، بەڵام پێتان دەڵێم ئەوەی ژنەکەی بەبێ ھۆی داوێنپیسی تەڵقبدات و یەکێکی تربێنێت ئەوا داوێنپیسی کردوە .
قوتابیەکانی پێیان وت : ئەگەر حاڵی پیاو لەگەڵ ژن وابێت باشترە ژن نەھێنین بەڵام پێی وتن ھەموو خەڵکی ناتوانن ئەم قسەیە پەسەند بکەن تەنھا ئەوانەنەبێت پێیان دراوە ، چونکە خەساو ھەیە زگماکن و خەساویش ھەن مرۆڤ خەساندویانن ، خەساویش ھەن لەپێناو شانشینی ئاسمان خۆیان خەساندوە ، کێ دەتوانێت پەسەندی بکات و کێ ناتوانێت پەسەندی نەکات ) .
No comments:
Post a Comment